رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، دەستپێشخەرییەکی بۆ یەکخستنی هێزە کوردستانییەکان لە بەغدا ئامادە کردووە کە لە رێگەی دوو شاندی مەکتەبی سیاسییەوە پێشکێشی هەر 5 لایەنە براوەکەی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. گوتەبێژی ئەو حیزبە دەڵێت، دەیانەوێت نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەک چاودێر بەشداربن لە جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا.
ئەمڕۆ 26-11-2025 سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان میوانی رۆژی (هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "ئەم قۆناخە پێویستی بەوە بوو کە یەکگرتوو دەستپێشخەرییەک بکات. چەند رۆژێکە لە مەکتەبی سیاسی تاوتوێی ئەو دەستپێشخەرییەمان کردووە و ئێستا ئامادەکراوە. ئەمڕۆ بەنیازین لە رێگەی دوو شاندی مەکتەبی سیاسییەوە، یەکێکیان لە هەولێر و ئەوی دیکەیان لە سلێمانی، بیگەیەنینە هەر پێنج لایەنە براوەکەی هەرێمی کوردستان."
وردەکاریی دەستپێشخەرییەکە
سەڵاحەدین بابەکر گوتی، نەخشەڕێگەکە "زیاتر لە 10 لاپەڕەیە" و وردەکاریی تەواوی تێدایە، بەڵام ئەوان ئەمڕۆ کورتکراوەیەک لە چوارچێوەی "شەش تەوەرەی سەرەکی" پێشکێشی لایەنەکان دەکەن، وردەکارییەکەش بۆ کۆبوونەوەی هاوبەشی داهاتوو دەبێت.
گوتەبێژی یەکگرتوو گوتیشی، "داوا دەکەین کۆبوونەوەیەکی شەش لایەنە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی بە زووترین کات بکرێت و تێیدا لیژنەیەکی باڵا پێکبهێندرێت بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش، کە سەرنجەکە لەسەر ئەوە بێ چۆن گفتوگۆ لە بەغدا بکەین و مافە دەستوورییەکانمان بەدەستدەهێنین."
بە گوتەی سەلاحەدین بابەکر، نەخشەڕێگاکە میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەولێر و بەغدای لەخۆگرتووە، لەوانە مادەی 140، یاسای نەوت و گاز بەپێی مادەی 112ی دەستوور، پرسی پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
پێکەوەکارکردنی کورد بۆ 4 ساڵی داهاتوو
یەکگرتوو پێشنیازی دروستکردنی "چوارچێوەیەکی هاوئاهەنگی"ی هاوشێوەی شیعەکان و سوننە دەکات کە بەردەوام بێت بۆ 4 ساڵی داهاتووی خولی پەرلەمان و بڕیار لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بدات؛ هەروەها لیژنەیەکی پەرلەمانیش لە بەغدا پێکدەهێندرێ بۆ بەدواداچوونی رۆژانەی جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکە.
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی دەستپێشخەرییەکە داواکردنی رۆڵی نێودەوڵەتییە. سەڵاحەدین بابەکر دەڵێت، "دەمانەوێ هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو لایەنە کاریگەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بکەین کە لە بەغدا کاریگەرییان هەیە، بۆ ئەوەی ئەم نەخشەڕێگایە بتوانین جێبەجێ بکەین، چونکە لە رابردوودا رێککەوتن کراون و جێبەجێ نەکراون."
هێڵی سوور و کابینەی نوێی عێراق
گوتەبێژی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، چەند "هێڵێکی سوور"یان دیاری کردوون و "دەکرێنە مەرج بۆ پاڵپشتیکردن و دەنگدان بە هەر پاڵێوراوێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کورد چۆن داوای یەکڕیزی لە بەغدا دەکات لەکاتێکدا لە نێوخۆدا حکومەتی پێکنەهێناوە، سەڵاحەدین بابەکر رایگەیاند، "یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دەستپێشخەرییە ئەو بنبەستەیە کە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئاڵۆزترە لە پێش هەڵبژاردن."
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو گوتی، حیزبەکەی بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی داوە، بەڵام دەیەوێت "رۆڵی خێر" بگێڕێ و ببێتە "بەشێک لە چارەسەر." هیوای خواست کە ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە هۆی "تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی."
لەبارەی بڕیاری ئەمریکا بۆ ناساندنی ئیخوان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی، سەڵاحەدین بابەکر گوتی، "یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان حیزبێکی سیاسیی کوردستانییە و پەیڕەو و پرۆگرامێکی ئاشکرای هەیە. ئەو بڕیارە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە یەکگرتووەوە نییە. یەکگرتوو سەر بە مەدرەسەی میانڕۆییە لە کاری ئیسلامیدا و هەڵقوڵاوی سەد لە سەدی هەرێمی کوردستانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ