كورد شەڕی قاعیدە دەكات و ئەمریكاش پشتیوانی ناكات

26-12-2013
زوبێر هەورامی
نیشانەکردن قاعیدە
A+ A-
رووداو - واشنتن

كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێن شەڕ و ململانێیان لەگەڵ چەكدارانی ئەلقاعیدە هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی بۆ ئەوان مسۆگەر نەكردووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنیا چاوی لەسەر ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆنە، كە لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد دەجەنگن.

دژوار عوسمان، جەنگاوەرێكی سەر بە یەكینەكانی پاراستنی گەل YPGیەو بەم دواییە بە گۆڤارێكی ئەمریكی گوتبوو “ئێمە ئەو جەنگە دەكەین كە ئەمریكا لە دژی تیرۆرستان رایگەیاندووە”. دژوار گوتیشی “دوژمنەكانمان ئەو چەكدارانەی ئەلقاعیدەن كە دەیانەوێ كەلتوری 4000 ساڵمان لەناوبەرن.”

پاش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریا، كوردی ئەو وڵاتە هەوڵیاندا بێلایەن لەو شەڕەدا بمێننەوە، بەڵام كە ئێستا تێوەگلاون لە جەنگێكی خوێناوی لەدژی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان، ئەوان پێیانوایە جەنگەكەیان شایەنی پشتیوانی لێكردنە.

ساڵح موسلیم، سەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی لە سووریا لە هەڤپەیڤینێكیدا بە رۆژنامەی (رووداو)ی گوت “ئەوانەی هێرشیان كردە سەر خەڵكی ئەمریكا، ئێستا ماڵ و حاڵی ئێمە داگیردەكەن و هێرش دەكەنە سەر كورد. بۆیە دەمانەوێ خەڵكی ئەمریكا پشتگیریمان لێبكەن لە جەنگەكەمان دژی ئەوانەی هێرشیان كردە سەریان و تووشی ئازار و خەمێكی گەورەیان كردن.” مانگی رابردوو، لە پاش شەڕ و پێكدادانێكی قورس لەگەڵ چەكدارانی بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام، هێزەكانی پاراستنی گەل توانییان دەستبگرن بەسەر ناوچەی ستراتیژی “تەل كۆچەر” كە دەكەوێتە سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا.

سەرەڕای ئەم پێشكەوتنانە، كەچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكا تەنیا چاویان لەسەر جەنگاوەرانی سوپای سووریای ئازادە كە لەدژی رژێمی ئەسەد دەجەنگن.

لوئەی ئەلمیقدادی، قسەكەری سوپای سووریای ئازاد بە كەناڵی (CNN)ی گوت “ئیدارەی ئەمریكا بەڵێنی ناردنی چەك و تەقەمەنییان لە ماوەیەكی كورتدا پێداون، بەڵام تائێستا هیچ چەك و تەقەمەنییەكیان لەلایەن ئەمریكاوە پێنەگەیشتووە.”

لوئەی دانی بەوەدانا كە یارمەتی دیكەیان پێگەیشتووە، بەڵام لە نێو ئەو یارمەتیانە چەك و تەقەمەنی تێدا نەبووە. لوئەی گوتیشی “وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكا بەڵێنی هاوكاری و پشتگیرییان پێداوین، هیوادارین لە ماوەیەكی كورتدا ئەو چەك و پێداویستیانەمان بە دەست بگات”.

ئیدارەی كۆشكی سپی تا ئێستا نەچووە بەدەم داواكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و دەزگای هەوڵگریی ئەمریكا بۆ چەكداركردنی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری، بەڵام چاوپۆشی كردووە لە ناردنی یارمەتی و چەك و تەقەمەنی لە وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریدان.

مانگی ئابی رابردوو ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند كە نزیكەی 400 تۆن لە چەك و تەقەمەنی و بە دەیان ملیۆن دۆلار لە وڵاتانی كەنداوەوە بە تایبەت سعودیە و قەتەر گەیشتووەتە دەست چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری.

محمەد سالم، لێپرسراوێكی سوپای سووریای ئازاد، گوتی “بیست كامیۆنی پڕ لە چەك و تەقەمەنی لە سنووری توركیاوە گەیشتوونەتە ناو خاكی سووریا و لەوێ دابەشكراون بەسەر چەند كەتیبەیەكی ئۆپۆزیسیۆن لە باكووری وڵات”.

وادەردەكەوێ كە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا ئەو گەرموگوڕی و پشتیوانییەی سەرەتایان بۆ چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری نەمابێت، ئەمەش بەتایبەتی پاش ئەوەی سوپای سووریای ئازاد بەش بەش بوو بەسەر چەند گرووپێكی بچووك، بەڵام وڵاتانی عەرەبی هێشتا بەردەوامن لە ناردنی یارمەتییەكانیان بۆ سووریا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەرپرسانی كورد لە سووریا هۆشداری توندیان داوە لەبارەی كاریگەری خراپی ئەو یارمەتیانە لە كۆتاییدا.

سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی گەل بە (رووداو)ی گوت “شۆڕشی سووریا گەیشتووەتە خاڵێكی ئاڵۆز و چارەنووسساز. چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان بەئاشكرا لە بەرەكانی جەنگ دەبینرێن، ئەگەر ئەمریكا و ئەوروپا حساب بۆ كوردی سووریا نەكەن ئەوا ئەو چەكدارانە سەركەوتن بە دەستدەهێنن و ئەوەش دەبێتە مایەی دابەشبوونی خاكی سووریا”.

مایك مۆرێلی جێگری بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی CBSی ئەمریكی، هۆشداری دا لە رووخانی حكومەتی ناوەندی و بەرپابوونی شەڕی تایفی و هەروەها هاتنەكایەی هەلێكی گونجاو بۆ چەكدارانی ئەلقاعیدە تا سووریا بكەنە حەشارگەیەكی ئارام بۆ خۆیان، حەشارگەیەك كە هیچ جیاوازییەكی نەبێت لەوەی كە لە ئەفغانستان هەیانبوو.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە