سێنتکۆم: فەرماندەیەکی باڵای حوراسەددینمان کوشت

31-01-2025
نیشانەکردن سووریا قاعیدە سێنتکۆم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، فەرماندەیەکی باڵای گرووپی حوراسەدینی سەر بە قاعیدەیان لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوشتووە.
 
سێنتکۆم، بەرەبەیانی رۆژی 31-01-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە: "سێنتکۆم لە 30ی کانوونی دووەم، لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا لە باکووری رۆژئاوای سووریا، محەممەد سەلاح ئەلزەعبیر، فەرماندەی باڵای  رێکخراوی تیرۆریستی حوراسەددینی سەر بە قاعیدەیان کردە ئامانج و کوشتیان."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، "ئەم هێرشە ئاسمانییە بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی سێنتکۆم، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا، بۆ تێکدان و لاوازکردنی هەوڵەکانی تیرۆریستان بۆ پلاندانان و رێکخستن و ئەنجامدانی هێرش دژی هاوڵاتیان و کەسانی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە سەرتاسەری ناوچەکە و دەرەوەی."
 
هەروەها ژەنەراڵ مایکڵ ئەریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سەنتکۆم) رایگەیاند: "سێنتکۆم بەردەوام دەبێت لە راوەدوونان و کوشتن یان دەستگیرکردنی تیرۆریستان و پاراستنی نیشتمانەکەمان دژی ئەو گرووپانەی پلان دادەنێن بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان".
 
گرووپی حوراسەددین، گرووپێکی چەکداری پەرگیرە، کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای قاعیدە دامەزراوە و لە سووریا چالاکی دەکات. ئەم گرووپە لە ساڵی 2018دا دامەزراوە و پێکهاتووە لە چەند گرووپێکی جیابووەوەی بەرەی نوسرە.
 
سەرەتا ئەم گرووپە لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا دەستی بە چالاکی کرد و دواتر لە ناوچەکانی دیکەی سووریا بڵاوبووەوە. حوراسەددین بە یەکێک لە گرووپە سەرەکییەکانی قاعیدە لە سووریا دادەنرێت و پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ سەرکردایەتی قاعیدەدا هەیە.
 
ئەم گرووپە، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار دەکرێت و لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە خراوەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد ماردینلی، هاونیشتمانی قامیشلۆ

هاونیشتمانییەکی قامشلۆ: ئاوارەیەکی زۆر روویان لە شارەکە کردووە

هاونیشتمانییەکی خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە، دانیشتووانی گوندەکان روویان کردووەتە نێو شار. ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ئاوارەکان نییە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین.