کوردستان
بەڕێکردنی 80 بارهەڵگری هاوکاریی خەڵک و خێرخوازان بۆ هاونیشتمانییان کە لە کەمپەینی 'رەنجی رووداو' بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆکرایەوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی کەمپەینی "رەنجی رووداو" کە لە 80 بارهەڵگر پێکهاتووە، بەڕێکران بۆ رۆژئاوای کوردستان. رەنج سەنگاوی رایدەگەیێنێت، "ئامادەکاری بۆ بەڕێکردنی 40 بارهەڵگری دیکەش دەکەین."
ئەمڕۆ سێشەممە 27-01-2026 یەکەم کاروانی ئەو هاوکارییانەی لە چوارچێوەی کەمپەینی "رەنجی رووداو"ی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆکراونەتەوە، بەڕێکران.
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو و سەرپەرشتیاری کەمپەینەکە رایگەیاند، "ئەمڕۆ 80 بارهەڵگر هاوکاری دەربازی رۆژئاوای کوردستان دەبن و ئامادەکاری بۆ ناردنی 40 بارهەڵگری دیکەش دەکەین."
سەبارەت بە شێوازی رێکخستنی هاوکارییەکان، رەنج سەنگاوی گوتی، "یەک بە یەک کەلوپەلەکانمان جیا کردووەتەوە، بۆ ئەوەی خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان هیلاک نەبن؛ برنج، شەکر، جلوبەرگ و دەرمان هەریەکەو بە جیا بارکراون."
سەرپەرشتیاری کەمپەینەکە ستایشی بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی کرد و گوتی، "شارێک دەنێرین بۆ رۆژئاوای نیشتمان. خەڵکی کوردستان، کۆمپانیاکان و تەنانەت ئەو منداڵانەش کە دەخیلەکانیان دەهێنا، زۆر جوامێرانە بەشدارییان کرد."
"ئاوارەکان هەموو شتێکیان پێویستە"
مەحجوب حەسۆ، بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کوردی لە حەسەکە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە خەڵکی حەسەکە روویان لە قامشلۆ، تربە سپی، عاموودا و دێرک کردووە.
مەحجوب حەسۆ گوتی، "لە دەوروبەری حەسەکە دوو کەمپی پەنابەرانی واشۆکان و سەرێکانی هەن، بەداخەوە بەهۆی شەڕەوە رێکخراوەکان جێیان هێشتوون و تەنیا نان و ئاویان پێدەگات." ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 1500 خێزانی عەفرین کە لە قوتابخانەکانی حەسەکە بوون، ئێستا زۆربەیان بەرەو قامشلۆ چوون.
بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کوردی لە حەسەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئاوارەکان پێویستییان بە هەموو شتێکە و سوپاسی خەڵکی باشووری کوردستان و تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە بڕێکی زۆر هاوکارییان کۆکردووەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی کۆبانی، مەحجوب حەسۆ ئاشکرای کرد، جگە لە گەمارۆدان، خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت بڕاون و تاوەکو ئێستا تەنیا یەک کاروانی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان چووەتە شارەکە. گوتیشی: "هەوڵدەدەین هاوکارییەکان بگەنە ئەوێش، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندیی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە رانەگەیێندراوە."
هۆزان عەفرینی، سەرۆکی دەزگای پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە سلێمانییەوە رایگەیاند، ئەو پاڵپشتییەی لە رۆژانی رابردوودا لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە بینرا "دەرخەری یەکگرتوویی گەلی کوردە و ئەگەر وا بەردەوام بێت، کورد لە هەموو شوێنێک پارێزراوە."
هەروەها دلبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کە خەڵکی کۆبانییە، پەیامێکی سۆزداری ئاراستەی خەڵکی باشووری کوردستان کرد و گوتی: "ماڵتان یەک بە یەک ئاوا بێت. کاتێک ئەو یەکگرتووییەی کوردم بینی، ئەگەر کەسێک بڵێت سبەی سەربەخۆیی دروست دەبێت، من بڕوای پێدەکەم."
بەڕێکردنی ئەم کاروانە لە کاتێکدایە، بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە 6ی ئەم مانگەوە، هەزاران کەس ئاوارە بوون. سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستیش، شەوی رابردوو شەڕ لە دەوروبەری شارۆچکەی چل ئاغا دەستیپێکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ