رووداو دیجیتاڵ
لە دوای مێردین لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستانیش، بۆ ماوەی پێنج رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەک قەدەخە کرا.
رۆژی دووشەممە پارێزگای رووها لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی سێشەممەوە 27ـی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی رۆژی شەممە (لەنێوان 27 بۆ 31ـی کانوونی دووەمی 2026)، بۆ ماوەی پێنج رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەک وەک خۆپێشاندان، رێپێوان و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی قەدەخە کراون.
پارێزگای رووها هۆکاری قەدەخەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ "پاراستنی ئاسایشی گشتی، رێگریکردن لە رووداوی تووندوتیژی و دابینکردنی سەقامگیریی شار".
بڕیار بوو لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین ئەمڕۆ سێشەممە 27 ـی کانوونی دووەم رێپێوانێک بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بکرێت، بەڵام بە بڕیاری پارێزگای مێردین هەموو جۆرە چالاکییەک بۆ ماوەی پێنج رۆژ قەدەخە کرا.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو 31 ـی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، هاونیشتمانیان خۆپێشاندان و رێپێوانی پاڵپشتی ساز دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ