رووداو- سلێمانی
سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا سکرتێر و جێگر و بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن.
مستەفا چاوڕەش، سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-2-2020 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە ئامادەبوونی هەردوو هاوسەرۆکانی، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆکردن فۆرمێک ئامادەکرا، داواکرا ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان بپاڵێون فۆڕم پڕبکەنەوە بۆ ئەو پۆستانەی کە لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا بڕیاریان لێدراوە".
مستەفا چاوڕەش گوتی: "کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ رۆژی شەممە 29-2-2020 دواخرا و لەو کۆبوونەوەیەدا سکرتێر و جێگر و بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنی پۆستەکانی دیکەش وەکو کارگێڕ و بەرپرسی مەکتەبەکان دەکەوێتە کۆبوونەوەکانی داهاتوو، چونکە لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەدا تەنیا دەتوانرێت سکرتێر و جێگر و بڕیار هەڵبژێردرێن".



