گالەری


رووداو - هەولێر

لە هەولێر "سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا" بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرایەوە، سەنتەرەکە تایبەتە بەو کەسانەی کە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێ دەکرێت.
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، کردنەوەی ئەو سەنتەرەش لە چوارچێوەی ئەو ئامادەکارییانە دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوە، بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتوونیەتەبەر.
 
سەید ئادەم، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەرەکە دەڵێ، سەنتەرەکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە، دوو بەشی 24 کاژێر کراوەیە و تایبەتە بە پێشوازیی هاونیشتمانیان، چوار کارمەند و دوو پزیشکی پایە بڵندی بۆ تەرخانکراوە؛ بەشەکانی دیکەش یەکێکیان بەشی چاودێریی هەناسەیە ە بەشەکەی دیکەش چاودێریی چڕی هەناسەیە.
 
بەگشتی لە سەنتەرەکە 60 قەرەوێڵە هەیە، بەردەوام وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر چاودێریی سەنتەرەکە دەکەن و لەسەر خەتن بۆ هەر حاڵەتێک.