بڕیارێکی نوێ چارەنووسی نزیکەی نیو ملیۆن دۆنم زەوی لە کەرکووک یەکلا دەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کشتوکاڵی کەرکووک لقەکانی لە هەشت قەزا و ناحیە ئاگادار دەکاتەوە، گرێبەستی ئەو زەوییانە نوێ نەکەنەوە، کە بەگوێرەی بڕیارەکانی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵى ئەنجوومەنى پارێزگاکە دەڵێت، بڕیارەکە نزیکەی 500 هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە.
 
نووسراوەکە لە 26ی کانوونی دووەمی 2026 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک ئاراستەی هۆبەی کشتوکاڵی ناحیەی پردێ، شوان، سەرگەڕان، یایچی، قەرەهەنجیر و قەزای ناوەندی کەرکووک کراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، گرێبەستی سەر ئەو زەوییانە هەڵبوەشێنرێتەوە، کە بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012 دەیانگرێتەوە.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی ئەو بڕیارە دەبێت زەوییە کشتوکاڵییەکان لەو ناوچانە بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان کە 460 بۆ 500 هەزار دۆنم دەبێت، هەندێک لە ناوچەکان سەرەتا دانیشتووانی کوردن و لە هەندێکی دیکەش عەرەبیان لەگەڵدایە.
 
بڕیاری 29ی ساڵی 2012ی حکومەتی عێراق تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەی زەوی جووتیاران بە مەبەستی داگیرکردن لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی عێراق دەرکراون.
 
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە زەوییەکانی ئەو ناوچەیەی بڕیاری ژمارە 29 دەیانگرێتەوە بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و خاوەنی ئەو زەوییانە دەتوانن سەرەتا لە رێگەی تۆماری خانووبەرە مامەڵەکانیان دەستپێبکەن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە خاوەنین و دواتر ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ دەکرێن.
 
لە نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی کەرکوکدا هاتووە کە هەر هۆبەیەکی کشتوکاڵ گرێبەستەکان کۆتایی پێنەهێنێت کە بڕیاری ژمارە 29 دەیانگرێتەوە، بەرپرسی هۆبەکە بەرپرسیار دەبێت لە دەرهاویشتە یاساییەکانی.
 
زۆربەی زەوی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەتایبەت لە کەرکووک لە دوو رێگەیەوە داگیرکراون؛ یان بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بووە، یان بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری باکوور.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە