رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین راپۆرتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی تورکیا (تورک-ئیش)، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا هێڵی برسێتی بۆ خێزانێکی چوار کەسی گەیشتووەتە 32 هەزار و 365 لیرەی تورکی (736 دۆلار)، کە ئەوەش لە سەرووی کەمترین بڕە مووچەی وڵاتەکەوەیە.
ئەمڕۆ هەینی 27-02-2026، کۆنفیدراسیۆنی تورک-ئیش ئەنجامی راپرسیی سنووری برسێتی و هەژاریی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، هێڵی برسێتی بە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم، هەزار و 141 لیرە زیادیکردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە کە ئامانج لێی دیاریکردنی بارودۆخی ژیانی کرێکارانە، ئامارەکان بەم شێوەیەن:
سنووری برسێتی: 32 هەزار و 365 لیرە (736 دۆلار و 23 سەنت).
هێڵی هەژاری: 105 هەزار و 425 لیرە (دوو هەزار و 398 دۆلار).
تێچووی بژێویی یەک کەس: 41 هەزار و 900 لیرە (953 دۆلار).
ئەم ئامارانە لەکاتێکدان، کەمترین بڕە مووچە بۆ ساڵی 2026 لە تورکیا بە 28 هەزار و 75 لیرە (638 دۆلار) دیاریکراوە؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە کەمترین بڕە مووچە 4 هەزار و 290 لیرە لە خوار "هێڵی برسێتی"یەوەیە.
لە تورکیا و باکووری کوردستان، کەمترین مووچەی خانەنشینی گەیشتووەتە 20 هەزار لیرە (454 دۆلار)، کە بەراورد بە تێچووەکانی ژیان جیاوازییەکی زۆری هەیە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هەڵاوسانی خۆراک لە مانگی شوباتدا بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 3.65% زیادی کردووە و ساڵانەش گەیشتووەتە 38.76%.
هێڵی برسێتی: تەنیا خەرجیی خۆراکی مانگانەی خێزانێکی چوار کەسییە بۆ مانەوە بە تەندروستی. هێڵی هەژاری: جگە لە خۆراک، خەرجییەکانی خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبوون، گواستنەوە و گەرمکردنەوەش دەگرێتەوە.
لە تورکیا و باکووری کوردستان، نزیکەی 30%ـی هێزی کار بە "کەمترین بڕە مووچە" کار دەکەن و ئەم گرانبوونەی تێچووی ژیان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گوزەرانیان دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ