رووداو دیجیتاڵ
لە چوار رۆژی پشووی جەژنی رەمەزان دا، شاری ئامەد بووە شوێنی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە. وەک هەمیشە "جەرگی ئامەد" کە ناوبانگێکی زۆری هەیە و وەک براندێکی جوگرافیی شارەکە تۆمار کراوە، لە سەرووی لیستی داواکاریی گەشتیاران دا بوو. بەپێی خەمڵاندنەکان، تەنیا لەو چوار رۆژەدا زیاتر لە 25 تۆن جەرگ لە شارەکەدا فرۆشراوە.
گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی، پێش هەر شوێنێک روو لە چێشتخانە رەسەنەکانی ئامەد دەکەن. سەرهەت سەردار، گەشتیارێکە کە لە سلێمانییەوە بۆ خواردنی جگەری ئامەد چووەتە ئەو شارە و دەڵێت: "گۆشتەکەی زۆر نەرم و تەڕە، کەمێک تیژە بەڵام تامی زۆر خۆشە. ئەمە یەکەمجارمە "جەرگی ئامەد" دەخۆم و بێگومان ئەگەر جارێکی دیکەش بێمەوە، هەر ئەمە هەڵدەبژێرم."
تەنیا گەشتیارانی دەرەوە نین، بەڵکو خەڵکی ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستانیش بۆ جەرگەکە دێن. ئەحمەد گویلەمەز، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: "مانگی لانیکەم چوار جار دێم بۆ خواردنی جەرگ، چونکە زۆرم حەز لێیەتی و چێژی لێ دەبینم."
لە ئامەد زیاتر لە 400 چێشتخانەی تایبەت بە جەرگ هەن. خاوەن چێشتخانەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم ساڵ بەهۆی هاوکاتبوونی جەژنی نەورۆز و رەمەزان و پشووەکانیان، فرۆشیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
"خاڵۆ"، خاوەنی چێشتخانەی (Çîft Kapı Cîğercîsî Xalo) دەڵێت: "لەبەر ئەوەی جەرگی ئێمە ناودارە، زۆر دەخورێت. تەنیا لەم جەژنەدا تۆنێک و 200 کیلۆ جەرگمان فرۆشتووە. کڕیارمان لە قەرسەوە تاوەکو تەکیرداغ و تەنانەت لە ئەوروپاشەوە بۆ دێت."
هەروەها زەمین گولەر، بەڕێوەبەری چێشتخانەی "ناسر ئوستا" ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی قەرەباڵخیی نەورۆز و جەژن، کارەکانیان سەتا سەد زیادی کردووە و دەڵێت: "نزیکەی سێ تۆن جەرگمان تەنیا لەم جەژنەدا فرۆشتووە و زۆر مەمنوونی خوداین."
جگەر؛ سیمبووڵی ئامەد
لە رووی ئابوورییەوە، نرخی یەک ژەم (پۆرسێن) جەرگی ئامەد لە نێوان 400 بۆ 500 لیرە دایە. ئەم خواردنە کە بە شێوازێکی تایبەت لەسەر خەڵووز ئامادە دەکرێت، ئێستا تەنیا خواردنێک نییە، بەڵکو بووەتە ناسنامەیەکی کولتووری و ئابووری بۆ شارەکە کە ساڵانە هەزاران کەس بەو هۆیەوە روو لە ئامەد دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ