رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای مانگی داهاتوو، گەشتی ئاسمانی فڕۆکەخانەی کەرکووک بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستپێدەکاتەوە.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکی مانگی داهاتوو گەشتی ئاسمانیی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ ئەنقەرە دەستپێدەکاتەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، هێڵی ئاسمانی عێراق هەفتانە سێ گەشتی بۆ ئەنقەرە دەبێت، لە بەغدا دەفڕێت و دواتر دێتە کەرکووک و پاشان بەرەو ئەنقەرە بەڕێدەکەوێت و بە پێچەوانەوە.
هەردی سەمەد، ئاماژەی بەوەکرد، لە رابردوودا تەنیا هێڵی ئاسمانی عێراق و تورکیش ئێرلاین گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک هەبوو، تورکیش ئێرلاین ماوەکە گەشتەکانی بۆ عێراق راگرتووە، دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە، هێڵی ئاسمانی عێراقیش گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی کەرکووک راگرت، کە زیاتر گەشتی عومرەی تێدا دەکرا، بەڵام لە یەکی مانگی داهاتووەوە هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتەکانی لە کەرکووک بۆ ئەنقەرە دەستپێدەکاتەوە.
فڕۆکەخانەی کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوەی ئەوکاتەی عێراق کرایەوە و یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی لە هەمان مانگدا بەرەو تورکیا کرا.
لە فڕۆکەخانەی کەرکووک هەفتانە نۆ گەشتی هاتن و چوون بۆ ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە دەکران، گەشتی ناوخۆیی نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ