"لە تەرمی کچەکەم تەنیا دەستێکیان پێدامەوە"؛ چیرۆکی خێزانێکی رووداوەکەی کەرکووک

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
دیمەنێک لە بەرنامەکەی بەرپرسیار.
دیمەنێک لە بەرنامەکەی بەرپرسیار.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کارەساتێکی هاتووچۆ لە کەرکووک، دەیان قوربانیی لێکەوتەوە و چەندین خێزانی کردە قوربانی. رووداوەکە دوێنێ یەکشەممە لەسەر رێگەی سەرەکیی سلێمانی-کەرکووک روویدا، بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ بەهۆی لەکارکەوتنی ئیستۆپەکەی، کۆنترۆڵی لەدەستدا و بە خێراییەکی زۆر، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان "سەرووی 160 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا" بووە، خۆی بە 35 ئۆتۆمبێلدا کێشا. رووداوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 6 کەس و برینداربوونی 27ـی دیکە.
 
لێکۆڵینەوەکان: "شڵەژانی شۆفێر و خێرایی زۆر"
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەرکووک هۆکاری سەرەکیی رووداوەکەی بۆ لەکارکەوتنی ئیستۆپی بارهەڵگرەکە و شڵەژانی شۆفێرەکەی گەڕاندەوە. عەمید شوان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "رووداوەکە بەهۆی نەمانی ئیستۆپی بارهەڵگرەکەوە بووە و شۆفێرەکە شڵەژاوە و نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات." بە گوتەی عەمید شوان، خێرایی بارهەڵگرەکە "سەرووی 160 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بووە."
 
 عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، بە رووداوی گوت، "شۆفێرەکە عەرەبێکی دانیشتووی کەرکووکە، لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە." هەروەها گوتی، "کوڕی شۆفێرەکە تەنیا بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی خۆی راگیراوە، نەوەک وەک تۆمەتبار."
 
فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک ناسنامەی گیانلەدەستدراوانی ئاشکرا کرد، کە بریتین لە شۆفێری بارهەڵگرەکە، منداڵێکی دوو ساڵان و چوار ئافرەت. دکتۆر شاسوار عەلی، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەکە، بە رووداوی گوت، "27 بریندارمان هەیە، یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی هەولێر کراوە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە. ئێستا 12 بریندار لە نەخۆشخانەی ئازادی ماونەتەوە و تەندروستیی زۆربەیان جێگیرە."
 
یەکێک لە تراژیدیترین چیرۆکەکان، خێزانی سەیفی زاهیرە، کە لە یەک ساتدا هاوژین، کچە 25 ساڵانەکەی و کچەزا دوو ساڵانەکەی لەدەستدا. ئەوان لە ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆی خزمێکیان دەگەڕانەوە و سواری تاکسییەک ببوون.
 
 سەیفی بە قورگی پڕ گریانەوە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "کە چوومە دادپزیشکی، تەرمی هاوژین و کچەزاکەم ناسییەوە، بەڵام لە تەرمی کچەکەم، تەنیا دەستێکیان پێدامەوە. کارەساتەکە تەنیا بۆ منە، چونکە سێ ئازیزم لەدەستداوە."
 
شایەتحاڵان: "نەمانزانی شەوە یان رۆژ"
 
سەیوان مەسعود، یەکێک لە یەکەمین کەسەکان بوو کە بارهەڵگرەکە لێی دا. ئەو لە بەرپرسیار، گوتی: "تەلەفۆنێکم بۆ هات و ویستم بسووڕێمەوە لە شەقامەکە، راستەوخۆ دەنگێکی گەورەم بیست و بارهەڵگرەکە لێی دام. بەپەلە خۆم فڕێدایە لای سەکن. سەرم ئازاری بەرکەوت، کە هاتمە دەرەوە بینیم ئۆتۆمبێلێک بە تەقڵە بۆ سایدی بەرامبەر چوو و ئاگرێکی گەورە لە نزیک سەنتەری رۆشنبیری بەرز بووەوە. خەڵک قیژە و هاواریان دەکرد."
 
سەلام ساڵح، بریندارێکی رووداوەکەیە و  کە ئێستا لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت، لە بەرپرسیار، گوتی: "سەرم و دەستم شکاوە، کاتی رووداوەکە لەگەڵ براکەم و ئامۆزاکەم لە ئیش دەگەڕاینەوە بۆ ماڵ، لەناکاو لە پشتەوە بارهەڵگرە لێیداین، من لە جام پەڕیم."
 
 سەیوان گلەیی لە مامەڵەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت، " ئۆتۆمبێلە زیانبەرکەوتووەکان حجز کراون، ئەمڕۆ چووینە دادگە بۆ وەرگرتنەوەیان، کەس حیسابی بۆ نەکردین و خۆیان لێ تووڕە کردین."
 
شەهاب ئەحمەد، بریندارێکی دیکەیە و چەندین شوێنی جەستەی شکاوە. ئەو لە کاتی رووداوەکەدا لە بەنزینخانەیەک هاتووەتە دەرەوە و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتووە. شەهاب لە بەرپرسیار، گوتی: "کە هاتمە سەر شەقامەکە، لە ناکاوێک نەمزانی شەوە یان رۆژە. هیچم لەبیر نییە، تەنیا کە چاوم کردەوە، خۆم لە نەخۆشخانە بینییەوە."
 
وەستا حەکیم ئیبراهیم، میکانیککارێکی شارەزای بارهەڵگر، پێیوایە کە شۆفێرەکە دەیتوانی زیانەکان کەم بکاتەوە و بە رووداوی گوت: "شۆفێرەکە زۆر شڵەژاوە. دەیتوانی بە گێڕی قورس یان برێکی دەست خێراییەکەی کەم بکاتەوە، یان خۆی بسووڕێنێت و خۆی 'مقەس' بکات. مەودایەکی زۆری لەبەردەستدا بوو تاوەکو رێڕەوی خۆی بگۆڕێت بۆ شوێنێکی چۆڵ."
 
رووداوێکی دیکەی کارەساتبار لە کەرکووک
 
ئەمڕۆ دووشەممە لە رووداوێکی دیکەی جیاوازدا لە کەرکووک، بنمیچی باڵەخانەیەک کە کاری تێدا دەکرا، بەسەر کرێکارەکانیدا رووخا. شەش بریندار و گیانلەدەستدانێکی لێکەوتەوە.
 
موقەدەم قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک، لە بەرپرسیار، گوتی: "گەڕان تاوەکو ئێستا بەردەوامە و تاوەکو دڵنیانەبین هیچ کەس لەژێر باڵەخانەکە نەماوە، ئینجا گەڕان دەوەستێنین."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک، گوتیشی: "باڵەخانەکە لە کاتی چیمەنتۆتێکردن رووخا، تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکهێندراوە و بزانین ئایا باڵەخانەکە مۆلەتی هەیە یان نا، دیارنییە خاوەنی باڵەخانەکە کێیە. قایمقام و پۆلیس لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەن ئایا مۆڵەتی بینای هەیە، ئەگەر نەیبێت سزا دەدرێن."
 
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لەبارەی هەردوو رووداوەکەوە، رایگەیاند؛ " چاومان کەوت بە کەسوکاری قوربانییەکان و دیارییەکی سەرۆکوەزیرانی عێراقمان پێدان. لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوی هاتووچۆکە پێکهێندراوە و زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە."
 
پارێزگاری کەرکووک، لە بارەی رووداوی کەوتنی بنمیچی باڵەخانەکەش، گوتی: "رووداوەکە نایاسایی بووە و سەرپێچی کراوەتە سەر زەویی گشتی و کەمتەرخەمییە، داوامان لە پۆلیس کردووە رێکار بگرنە بەر و بەڵیندەری پڕۆژەکەمان دەستگیرکردووە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە