رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە لە رووداوە هاتووچۆکەی کەرکووک گیانیان لەدەستدا و فەرمانیشی دا هاوکاریی برینداران و خێزانى ئەو کەسانە بکرێت کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا، پرسە و سەرەخۆشیی محەممەد شیاع سوودانی بۆ کەسوکاری ئەو کەسانە بڵاو کردەوە کە لە رووداوی هاتووچۆی رۆژی یەکشەممە گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان داوە کە بەدواداچوون بۆ بریندارانی رووداوەکە و خێزانی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بکەن، بۆ ئەوەی پاڵپشتی و هاوکاریی پێویستیان پێشکێش بکەن و سەرجەم رێکارە یاساییەکان لەوبارەیەوە بگرنەبەر.
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە دەروازەی شاری کەرکووک لەسەر شەقامی گشتیی سلێمانی لە نێوان بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ و 20 ئۆتۆمبێلی دیکە، 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی نووسینگەکەی محەممەد شیاع سوودانی، پێویستە دڵنیابوونەوە هەبێت لە مەرجەکانی سەلامەتی و رێنماییەکانی پۆلیسی هاتووچۆ لەوبارەیەوە جێبەجێ بکرێت بۆ گرنتیی دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ