رووداو- هەولێر
سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەب لە کەرکووک لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو تەقەی لێدەكرێت و لەگەڵ دوو كەسی دیكە دەکوژرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2014، پۆلیسی کەرکووک سێ کەسی بە کوژراوی لە نێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدا، ژمارە کاتی سەڵاحەدین ( 8437) دۆزینەوە، ئەو سێ کەسە بە ناوەکانی (ک. ع. ف، س. م. ئ، ئ. ف.ئ.) شوێنەواری گوللـە بە جەستەیانەوە دیارە.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی گوت ''ئەو سێ کەسە عەرەبن و لەسەر رێگەی بەغدا لە نێو ئۆتۆمبێلێکەوە تەقەیان لێکراوە و كوژراون".
سەرحەد قادر گوتیشی : "یەکێک لەوان شێخ کەریم فەدعۆسە، سەرۆکی عەشیرەتی لھێبە، لە رێگەی بەغدا لە نزیک پارکی یاری کوژراون و لێكۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە''
ماوەیەکە لە شاری كەركووك تەقەکردن لە هاووڵاتیان پەرەیسەندووە بەتایبەتی دوای تەقینەوەکانی رۆژی 23/8/2014 کە تێدا زیاتر لە 140 هاووڵاتی بوونە قوربانی، رۆژێک دواتر چەکدارانی نەناسراو لە گەڕەکی نەسر دەستڕێژیی گوللـەیان لە 4 هاووڵاتی كرد و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا.



