یەکەم سندووقی وزەی هایدرۆجینیی سەوز لە هەولێر دادەنرێت

27-08-2022
محەممەد شێخ فاتیح
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کریستۆفەر ئەندێرسن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گرین هایدرۆجین کەپیتاڵ
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کریستۆفەر ئەندێرسن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گرین هایدرۆجین کەپیتاڵ
A+ A-
 
رووداو-هەولێر

یەکەمین سندووقی وزەی هایدرۆجینیی سەوز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەولێر دادەنرێت، ئەو وێستگەیە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی نوێی وزە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە دەڵێت، قەبارەی سەرمایەی سندووقەکە 500 ملیۆن دۆلارە و ئامانج لە هەڵبژاردنی هەولێر لە رۆژهەڵاتی نێوەراست بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شارێکی گرنگی ستراتیژییە.
 
کریستۆفەر ئەندێرسن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گرین هایدرۆجین کەپیتاڵ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵی ئەنجامیدا و رۆژی شەممە 27-08-2022 پێشکێشکرا، باسی لەوە کرد، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە  بنچینەی کۆمەڵگەیەکی نوێی دارایی لە هەرێمی کوردستان.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گرین هایدرۆجین کەپیتاڵ گوتیشی کە بۆ هەرێمی کوردستان "ئێمە دەبینە بنچینەی کۆمەڵگەیەکی نوێی دارایی." باس لەوەش دەکات کە سوودی ئەم سندووقە بۆ خەڵكی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە "ژمارەیەک خەڵک بە مووچەیەکی بەرز دادەمەزرێنین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کریستۆفەر ئەندێرسن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گرین هایدرۆجین کەپیتاڵ: 
 
رووداو: بەڕێز ئەندرسن زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، زۆر بەخێربێیت بۆ هەرێمی کوردستان. پێش ئەوەی پرسیاری هۆکاری هاتنت لێبکەم بۆ هەرێمی کوردستان، دەپرسم هایدرۆجینی سەوز چییە؟ بابەتی کڕینی کاربۆن CO2چییە؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: بەڵێ، سەرەتا بەڕێز محەممەد سوپاس بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ میوانداریت کردم. زۆر خۆشحاڵم، زۆر سوپاست دەکەم. پرسی هایدرۆجین ماوەیەکی زۆرە سەریهەڵداوە، بۆ پێش 100 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کاتێک ستانداردەکانی گاز دروستبوون. هایدرۆجین گازێکی سروشتییە. گازی سرووشتیش جۆرێکە لە سووتەمەنییە نەریتییەکان کە دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەردەداتە نێو بەرگەهەواوە. بەپێی رێککەوتنی پاریس کە هەموو وڵاتان واژۆیان کردووە، دەبێت گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کەمبکەنەوە. هایدرۆجینی خۆڵەمێشی لەم کاتەدا وشەیەکی خراپە، چونکە کارەباکە لە سووتەمەنییە نەریتییەکان سەرچاوەی گرتووە. هەروەها هایدرۆجینی نوێ، هایدرۆجینی سەوزە کە چیدی لە گازی سرووشتییەوە وەرناگیرێت، بەڵکو لە سەرچاوەی کارۆئاوی لەڕێگەی کارەبای بەرهەمهاتوو لە وزەی خۆرەوە بەرهەمدێت. لەڕێگەی کارەباوە هایدرۆجین لە ئاو جیادەکرێتەوە، بۆیە جیاوازییەکی زۆر هەیە؛ خۆڵەمێشییەکە، گازێکی سرووشتییە و سەوزەکەش کارەبای سەوزە کە لە ئاوەوە هایدرۆجینی سەوز دروست دەکات.
 
رووداو: چی دەڵێیت لەبارەی ئەو کڕین و فرۆشتنەی لە بازاڕە داراییەکاندا دەکرێت بۆ کاربۆن، کە بەشێکی دیکەی ئیشەکەی بەڕێزتان ئەوەیە، ئەمە چییە؟ 
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: بەڵێ، ئێمە یەکەمین سندووقی هایدرۆجینین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بڕوامان وایە کە دووەمین بین لەسەر ئاستی جیهان. ئێمە هەولێرمان هەڵبژاردووە، چونکە پێمانوایە کە شوێنێکی زۆر ستراتیژییە بۆ ئەوەی سندووقێکی هایدرۆجینی سەوزمان لێی هەبێت. ئەوەش لەبەر ئەوەی ئێمە مامەڵە لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا دەکەین نەک تەنیا بەغدا و هەرێمی کوردستان. گەورەترین ناوەندی ئاڵوگۆڕ لە بواری بازرگانیی راگواستن بۆ وزەی سەوز کە قەرزی کاربۆن و هایدرۆجینی سەوز دەگرێتەوە، لە بەرلین دامەزراوە. لەوێ ئاڵوگۆڕ بە وزەوە دەکرێت. هەروەها ناوەندی ئاڵوگۆڕ لە رۆتردام هەیە و لە داهاتووشدا، ناوەندی ئاڵوگۆڕ لە سەنگاپوور و چینیش دەکرێنەوە.
 
رووداو: بەڕێز ئەندەرسن مادام بزنسەکەت دۆستی ژینگەیە، من بەتایبەت بەخێرهاتنت دەکەم بۆ هەرێمی کوردستان. دەمەوێت ئەو پرسیارەت لێبکەم بۆچی هەرێمی کوردستانتان هەڵبژارد لە عێراق؟ بۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوردستانتان هەڵبژاردووە؟ هۆکارەکەی چییە؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: لەبەر ئەوەی کە هەولێر، من باسی هەولێر دەکەم، لە نێوەڕاستی هەموو شتێکدایە. هەموو سندووقێکی سەربەخۆی سامانەکانی وەکو کوێت و ئەبوزەبی و ئەوانی دیکە، هەموویان گوتوویانە کە چیدی وەبەرهێنان لە سووتەمەنیی نەریتی ناکەن و تەنیا وەبەرهێنان لە وزەی سەوزدا دەکەن، بۆیە لە هەولێر لەم سندووقە گرنگانەوە نزیکین بۆ ئەوەی بازرگانی بە هایدرۆجینی سەوزەوە بکەین. هەروەها سپۆنسەرێکی دیکەی هایدرۆجینی سەوز ئەڵمانیایە؛ ئەوان لە بواری هایدرۆجینی سەوزدا لە پێشەنگی جیهاندان، بۆیە هەولێر رێک لەنێوان ئەڵمانیا و وڵاتانی کەنداو دایە. ئەمریکییەکانیش دەیانەوێت لە هەولێر بژین. 
 
رووداو: زۆرباشە تێگەیشتم ئێوە سندووقێکتان هەیە، ئەم سندووقە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، با باسی سندووقەکە بکەین، بزانین سەرمایەکەی چەندە؟ کێن ئەوانەی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، زانیاریمان پێبدە لەبارەی ئەوە؟ دەتانەوێت لە هەرێمی کوردستان چی بکەن بە دیاریکراوی؟ 
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: ئێمە سندووقێکی تازەین، من بەڕێوبەری بەشی دارایی گەورەترین کۆمپانیای وزەی نوێبووەوە بووم لە باکووری ئەمریکا. من سندووقێکی پاڵپشتیی ژێرخانی هایدرۆجینم هەیە کە بنکەکەی لە کەنەدایە، بەڵام من بۆ ماوەی دوو ساڵە لێرەم بۆ ئەوەی سندووقێکی دارایی دابمەزرێم. سەبارەت بەوەی کە بۆچی لێرەین، لەبەر ئەوەیە کە خەڵکی کورد بە هەموو جیهاندا گەڕاون و لە شوێنی زۆری بازاڕە داراییەکاندا کاردەکەن؛ بۆنموونە، کۆمەڵگەی دارایی بەرلین، کۆمەڵگەی دارایی دوبەی، کە گەشەمان پێداوە، هەروەها کۆمەڵگەی دارایی لەندەن. ئێمە دەزانین کە ژمارەیەکی زۆری ئەم خەڵکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ هەولێر و ئێمە سەرمایەیەکی مرۆیی و دارایی زۆر بەهێزی کوردی دەبینین.
 
رووداو: ئەو سندووقە سەرمایەکەی چەند بوو بەڕێز ئەندرسن؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: ئامانجی ئێمە 500 ملیۆن دۆلارە لە ساڵی دووەم دا، بەڵام ئێستا ئێمە سەرەتایین و تەنیا یەک وەبەرهێنەرمان لێرە لە هەولێر هەیە.
 
رووداو: لە لایەن چ بانکێکەوە ئەو سەرمایەی دابین کراوە؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: باشە، ئێمە هەموو شتێک لە ئەڵمانیاوە دەکەین، لە فرانکفۆرت دوو بانک هەن کە کاریان لەگەڵدا دەکەین؛ بانکی ئەمڕۆ-ی هۆڵەندا کە لقێکی لە فرانکفۆرت هەیە. هەروەها بانکی دوویشە، بەڵام ئێمە تەنیا کار لەگەڵ بانکەکانی فرانکفۆرت و ئەڵمانیا دەکەین، واتە هیچ بڕە پارەیەک لە عێراق نابێت و هەمووی لە ئەڵمانیا دەبێت.
 
رووداو: هەرچەندە باسی ئەوەت کرد هیچ پارەیەک لێرە هاتووچۆ ناکات، تۆ ئاگاداری ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەی سیستمی بانکی هەیە؟ چۆن ئەم بابەتەتان چارەسەرکردووە ئەوە بەربەستێکی گەورەیە؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: نا، بۆچی؟ دەکرا شوێنەکەمان لە میونشن بوایە، یانیش دەکرا لە مەکسیکۆ سیتی بین. مەبەستم ئەوەیە کە دەکرێت بزنسەکەم لە هەر شوێنێک بێت. ئێمە بزنسێکی جیهانین. پارەکە هیچ پەیوەندییەکی بە عێراقەوە نییە.
 
رووداو: زۆرباشە شتێکی زۆر گرنگت باسکرد، ئێستا خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە بازاڕە داراییەکان کڕین و فرۆشتن بە کاڵا و شتومەکەوە دەکەن، دەتەوێت بەشێک لەو خەڵکە لەناو ئەو سندووقەدا سەرمایەگوزاری بکەن؟ 
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: سندووقی ئێمە بۆ وەبەرهێنەرە دامەزراوەییەکانە، وەکو سندووقی تایبەت، سندووقی گەورەی رۆژئاوایی، هەروەها ئەوانەی زۆر زەنگینن و ئێمە بە وەبەرهێنەرە بڕواپێکراوەکان ناویان دەبەین. وەبەرهێنەرە بڕواپێکراوەکانیش ئەوانەن کە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار پارەیان هەیە. ئێمە کار بە یاساکانی ئەڵمانیا دەکەین، بۆیە تەنیا دەتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەوانە بکەین کە پێنج ملیۆن دۆلاریان هەیە.
 
رووداو: بابگەڕێینەوە سەر ئامانجە سەرەکییەکە کە بریتییە لە بەرهەمهێنانی وزە لەڕێگەی هایدرۆجینی سەوزەوە، ئێمە کەی دەگەین بەمە؟ تۆ ئاگاداری ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە ناو قەیرانێکی داراییداین، چۆن دەتوانین پڕۆژەیەکی ستراتیژیی پڕ خەرجی لەم شێوەیە پارەداربکەین؟ لە کوێوە سەرچاوەی پارەکەی دێت؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: دەرفەتەکە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی زۆر ستراتیژی هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا لە بواری وزەدا لە وەزارەتی وزەی ئەڵمانیا دا بکەن. کار لەگەڵ دیپلۆماتەکان مەکەن، چونکە ئەوان دەیانەوێت بچنە نێو هەموو شتێکەوە. شتە راستەکە ئەوەیە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کار لەگەڵ وەزارەتی وزەدا بکەن، ئەوەش یەکەمین هەنگاوی سەرەتاییە بۆ ئەوەی بچنە نێو بزنسەکەوە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا کار لەگەڵ سندووقی داراییەکەمان بکەن، ئێمە بە هەموو جیهاندا گەشت دەکەین، بۆیە ئێمە لێرە بۆ بەرپرسانی حکومەت و خەڵکی پارەداری هەولێر وەکو زانکۆیەک دەبین. خەڵکی دەتوانن سەردانی ژووری بازرگانیمان بکەن. ئێمە هەموومان دەزانین کە لە جیهاندا چی دەگوزەرێت. نەک تەنیا بازرگانیکردنی داهاتوو و بژاردەکان، بەڵکو ئاگاداری ئەو ژێرخانەشین کە بونیاتدەنرێت، چونکە لە کاتی بازرگانیکردندا ئێمە بیر لە خواست و خستنەڕوو، هەروەها باڵانسی هایدرۆجینی سەوز لە جیهاندا دەکەینەوە، چونکە ئەمە شتێکی جیهانییە. هەروەها هەموو ئەم هایدرۆجینە لەڕێگەی کەشتییەوە دەگوازرێتەوە.
 
رووداو: شەش مانگی دیکە، دوو ساڵی دیکە، سەرمایەی ئەم سندووقە گەیشتە سێ ملیار دۆلار یان یۆرۆ ئەمە چ بایەخێکی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە؟ هەرێمی کوردستان دەتوانێت چۆن کەڵک لەم سندووقە وەربگرێت؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: سوودی ئەم سندووقە، بەڵێ.. ئێمە ژمارەیەک خەڵکی بە مووچەیەکی بەرز دادەمەزرێنین.
 
رووداو: چەند کەس، مەبەستم ئەوەیە بە مووچەیەکی بەرز چەند کەس دەتوانن سودمەندبن بەدیاریکراوی؟ ئامانجەکە دیارە؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: دەتوانین بڵێین کە تاوەکو کۆتایی 16 مانگ، 20 کەس دادەمەزرێنین. ئۆفیسەکەشمان لە ناز سیتی یان شوێنێکی دیکەی هەولێر دەبێت. 
 
رووداو: بەڕێز ئەندرسن من بە دیاریکراوی مەبەستم بە گشتی لەسەر ئابووری کوردستان، نەوەک ئەوەی چەند کەس لەناو ئەم سندووقە کاردەکات؟ ئەم سندووقە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت؟
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: بۆ هەرێمی کوردستان ئێمە دەبینە بنچینەی کۆمەڵگەیەکی نوێی دارایی. دوبەی پێش 10 ساڵ هیچ سندووقێکی دارایی لەمشێوەیەی نەبوو. ئەوان دەستیان پێکرد و دواتریش بەردەوام گەشەی کرد. ئێمە لە کوێت، ئیمارات و هەموو ئەوانی دیکەی رۆهەڵاتی نێوەڕاست نزیکین، بۆیە دەمانەوێت بە هاوکاریی حکومەت گەشە بەم بزنسە بدەین و ژمارەی بزنسەکان لە بزنسی سەوزدا بەرفراوان بکەین. بەوەش جۆرە جیاجیاکانی بزنس لە بزنسی سەوزەوە گەشەدەکەن.. بمبەخشە.. سندووقی دارایی لە هەولێر دەبێتە زانکۆی هایدرۆجین بۆ کوردەکان و حکومەتی کوردستان. ئێمە دەزانین کە هەموو ئەم شتانەی لە جیهان دەگوزەرێن، ژێرخان، بازرگانی، یاسا و رێساکان.
 
رووداو: دەتەویت پێمبڵێت هاتنی ئەم سندوقە بۆ هەرێمی کوردستان هۆکاری راکێشانی چەندین بزنس و سندووقی دیکەیە، دەتەوێت ئەوەم پێبڵێت؟ 
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: سندووقی ژێرخان بەهۆی ئێمەوە دێنە ئێرە. ئەوەش واتە دروستکردنی پانێڵی وزەی تیشکی خۆر، دروستکردنی ئامێری هایدرۆجینی و هەناردەکردنی هایدرۆجینی سەوز بۆ قازانج، هەروەها دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هەولێر، بۆیە وەکو زانکۆیەکی سەوز بۆ خەڵک و حکومەتی کوردستان لە بزنسی ئێمە بڕوانە. دەتوانین هەمووان فێربکەین کە چی لە ئەڵمانیا دەگوزەرێت، چی لە چین و ئەمریکا دەگوزەرێت. ئەمریکا واژۆی لەسەر خەرجکردنی 300 ملیار دۆلار لە کەرتی وزەی پاکدا کرد. ناوەندێکی ئاڵوگۆڕ لە ئەمریکا دادەمەزرێت. ئێوە لە ساڵی 2014 دا یەک ملیۆن بەرمیلی نەوتتان بەرهەمدەهێنا. ئەمساڵ 400 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنن. دەکرێت بزنسەکەمان پەلبهاوێژێتە نێو کەرتی ژێرخان و ئێمە دەبینە نەوتی نوێ.
 
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم بەخێربێیت بۆ هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی بزنسەکە دۆستی ژینگەیە، دووبارەی دەکەمەوە هیوادارم بە زووترین کات دەرئەنجامی ئەرێنی ببینین.
 
کریستۆفەر ئەندێرسن: زۆر سوپاس خۆشحاڵ بووم بەڕێز محەممەد
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئادریان ئێسڵستاین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا: زۆربەی بازرگانیی وڵاتەکەمان لەگەڵ عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، ئادریان ئێسڵستاین، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر پڕۆژە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵی دا، ئێسڵستاین ئاشکرای دەکات کە قەبارەی بازرگانیی نێوان هۆڵەندا و عێراق ساڵانە دەگاتە 6 ملیار یۆرۆ و، هۆڵەندا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا.