رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی گرووپێکی سەر بە "لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل"ـی بڵاوکردەوە. تێیدا شێوازی هەوڵی "تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" باس دەکەن.
یەکێک لەو کەسانەی تۆمەتبارە لە ڤیدیۆی دانپێندانانەکەدا قسە دەکات و چیرۆکی رووداوەکە دەگێڕێتەوە: "دوو نیشانەشکێنمان بردە نێو یەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان؛ پلانەکە بەجۆرێک بوو، سەرەتا بافڵ تاڵەبانی بکوژین، دواتریش بە درۆن هێرش بکرێتە سەر دەباشان."
لە روونکردنەوەکەی دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئەو کەسەی نیشانەشکێنەکە بووە "ناوی (رێبوار قودرەت) بووە" و هاوکات رێبوار لە دانپێدانانەکەدا دەڵێت: "یەکێک لە چەکی نیشانەشکێنەکان بڕیار بوو لەلایەن رێبوار حامید حاجی غالی، فەرماندەی دووپشک بەکاربهێندرێت."
ئەو نیشانەشکێنە لە دانپێدانانەکە دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی پەیوەندی پێوە کردووە "داوای کرد شوێنێک هەیە بچیت لەوێوە مەتری شوێنەکە بکەیت بۆ دەباشان، چووم مەترم کرد شوێنەکە 600 بۆ 700 مەتر دوور بوو."
"بە درۆن هێرش بکرێتە سەر دەباشان و لاهوور شێخ جەنگی بەیاننامەیەک بخوێنێتەوە"
بەگوێرەی ڤیدیۆی دانپێدانانەکە کە لەلایەن دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، پلانی ئەو گرووپە بەمجۆرە بووە: "دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی کوژرا، هێزێک بە لەلایەن ئەژی ئەمینەوە نێردرابوو، بە فەرماندەیی پۆڵاد شێخ جەنگی بچێتە دەباشان و دواتریش لاهوور شێخ جەنگی لە دەباشانەوە بەیاننامەیەک بەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاوبکاتەوە."
لەو ڤیدیۆیەدا تۆمەتبارێک دەڵێت، هەوڵ دراوە لە هێرشەکەدا چەندین درۆن بەکاربهێندرێن، "ئێمەیان نارد بۆ ئۆکراینا تاوەکو مەشق لەسەر درۆنی خۆکوژیی بکەین، دواتر لە هەورازە نەفتە لە سنووری هەولێر ئەژی ئەمین، کۆگەیەکی بەرهەمهێنانی درۆنیان دامەزراند، دواتر بەشێک لە درۆنەکان نێردران بۆ سلێمانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ