رووداو-هەولێر
بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ "هەڵبژاردنی پاک لە کوردستان ناکرێت". زیادنەبوونی ژمارەی کورسییەکانیشیان بۆ ساختەکاریی لە هەڵبژاردن دەگێڕێتەوە.
دوای 17 رۆژ لە ئەنجامدانی بانگەشە و کەمپەینی لایەنەکان، رۆژی هەینی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت و رۆژی یەکشەممەش دەنگدانی گشتی. کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان یەکێک لەو حیزبانە بوو، کە لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کەمپەینی جەماوەریی فراوانی ئەنجامدا و هەموو ئامادەکارییەکی بۆ ئەو هەڵبژاردنە کردووە کە لە 30 ئەیلوول ئەنجامدەدرێت، بەڵام کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبە دەڵێ "دڵنیاین ساختەکاریی دەکرێت".
کەمال حەمزە، کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی بە رووداوی گوت "هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد لە کوردستان ئەنجامنادرێت، بەڵام چیبکەین هەر دەشبێ بەشداریی بکەین، ئەگینا لە ئێستاوە بەڵگەی سەد لە سەدمان هەیە کە ساختەکاریی دەکرێت".
ئەو گوتانەی کەمال حەمزە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هات، کە پێشبینی حیزبەکەیان بۆ ژمارەی کورسییەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا چۆن دەبێت، ئەویش دەڵێ "مادام ساختەکاریی دەکرێ، ژمارەی دەنگەکانمان دیارنابێ، بەڵام بەپێی بەدواداچوون و راپۆرتەکانی خۆمان ژمارەی کورسییەکانمان زیاددەکات، ئەگەر هەڵبژاردنەکە پاک بێت".
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی شەش کورسی بوو. لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمدا بە دوو وەزیر بەشداریی کرد و دواتر لە حکومەت کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ