پرۆگرامی زمانی عەرەبی لە قوتابخانەكان دەگۆڕدرێت

27-10-2013
رووداو @Rudawkurdish
.
.
نیشانەکردن قوتابخانە گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن
A+ A-
رووداو- هەولێر

بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابیان، لە چوارچێوەی گۆڕینی سیستەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرامەکانەوە هەوڵ دەدات پرۆگرامی خوێندنی زمانی عەرەبی قۆناخەکانی خوێندن بگۆڕێت و ئێستاش لە ٣٠ قوتابخانەی شاری هەولێر، پرۆگرامی نوێی پۆلی ١٠ی بنەڕەتی زمانی عەرەبی لە ژێر قۆناخی ئەزموونی دایە.

ئاراس نەجمەددین، بەڕێوەبەری گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند:"لە سەرەتاوە لە چواری بنەڕەتییەوە دەستمان پێکرد، پێشنیازی خۆمان بوو کە بیگۆڕین و بچێتە قۆناخی ئەزموونی لە چەند قوتابخانەیەک، ئەگەر زانیمان سەرکەوتوو دەبێت گشتاندنی بۆ دەکەین، ئەمساڵ پۆلی ١٠ی ئامادەیی لە ئەزموونیدایە هەر کاتێک قوناخی ئەزموونی تێپەراند بۆ سداڵی داهاتوو دەبێتە پەیڕەوێکی گشتی تاوەكو پۆلی ١٢ بەردەوام دەبێت".

بۆ ئاشنا کردنی ماموستایانی عەرەبی بە پرۆگرامە نوێیەکەی قوناخە جیاوازەکان، بەڕێوەبەرایەتی مەشق و راهێنانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی پەروەردە چەند خولێکیان دەست پێکردووە، بەڵام بەشێک لە ماموستایان گلەییان لە پرۆگرامە نوێیەکە هەیە.

یاسین جەمیل، ماموستاێكی زمانی عەرەبیەو بۆ (رووداو) دەڵێت "لە رووی دیزاین و بەرگ، کتێبەکە ئاستێکی بەرزی هەیە، بەڵام لە رووی ناوەڕۆکەوە بەهیچ شێوەک لەگەڵ واقیعی قوتابیانمان ناگونجێت".

سەرپەرشتیارانی پەروەردەییش پێچەوانەی ماموستایان لە پرۆگرامەکە دەروانن و پێیان وایە دوای ماوەیەکی دیکە رەنگدانەوە باشەکانی ئەو پرۆگرامە دەردەکەون.

تەها رەسوڵ، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بە (رووداو)ی گوت"پرۆگرامی پێشوو پرۆگرامێكی پراكتیكی نەبوو،  قوتابی فێری خوێندەواری و نووسین نەدەبوو، پێیوست بوو چەند ساڵێك پێش  ئێستا پرۆگرامەكە بگۆڕابایە و ئەو پرۆگرامەی ئێستا لەبەر دەست دایە، پرۆگرامێكی زۆر باشە و ناوەڕۆکەکەی خۆمان هەڵمان بژاردووە".

گۆڕینی پەیرەو و پرۆگرامی زمانی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان، لە سالی ٢٠٠٩ دەستی پێکردووە و هەر ساڵێک پەیرەوی چەند قۆناخێک وەک ئەزموونی لەچەند قوتابخانەیەک دەخوێنرێت، هەمیشە لەگەڵ بوونی چەند سەرنجێک لەلایەن ماوستا و قوتابی و شارەزایانی بواری پەروەردە، پرۆگرامە نوێیەکە گشتاندنی بۆ دەکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە