گالەری

 
پشیلەکانی وانی باکووری کوردستان بە چاوە جوان و رەنگاوڕەنگەکانیان بەنێوبانگن. ئەوانەشی لە وێنەکاندا دەردەکەون لە ماڵی پشیلەکانن لە نزیک قەڵای شارەکە کە نزیکەی 100 پشیلەی جۆراوجۆری تێدا بەخێو دەکرێن. 
 
گەشتیاران سەردانی ماڵەکە دەکەن و دەتوانن پشیلەکان ببینن و زانیاریی تەواو لەبارەیانەوە وەربگرن. ئەو پشیلانەی کە رەنگی چاوێکیان سەوز و ئەوەی دیکەیان شینە لەلای گەشتیاران سەرنجڕاکێشترن.
 
ئەوەی پشیلەکانی وان لە پشیلەکانی دیکە جیادەکاتەوە، رەنگی چاویانە کە هەندێکیان دوو چاوی شینی بریسکەداریان هەیە، هەندێکیشیان هەردوو چاویان رەنگی قاوەیی و خورماییە. دەکرێت سەرنجڕاکێشترینیان ئەوانە بن کە چاوێکیان شینە و چاوێکیان قاوەییە. 
 
تایبەتمەندییەکی دیکەیان ئەوەیە لە وەرزی زستاندا تووکی پشیلەکان زیاد دەکات و هاوینان کەمدەبێتەوە. هاوکات کلکێکی پڕ لە پەڵەی هەیە و تووکەکانی سپی و ئاوریشمین. 
 
تایبەتمەندییەک کە رەنگە مرۆڤەکان زیاتر مەیلیان بەلایدا بچێت پاکوخاوێنیی پشیلەکانە، ئەوان بە هەستیارییەوە خۆراکەکانیان دەخۆن، میوەخۆر و ئایسکریم خۆرن. هاوکات زۆر حەزیان لە ئاو و مەلەیە و زوو دەستەمۆ و ماڵی دەکرێن.