رووداو- هەولێر
ئەمڕۆ هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2015، 37 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێدەپەڕێت.
ئۆجەلان لە یەكێك لە كتێبەكانیدا نووسیویەتی: "كاتێك یەكەم خەباتی پارتیزانیمان دەستپێكرد، لەیەكەم هەڵمەتی پارتیزانیدا هاوڕێیەكی ئازیزم (حەقی قەرار) شەهیدبوو، من دوای شەهیدكەوتنی ئەو، نەكەوتم، بەڵكو بەیادی ئەو هەنگاوێكی دیکەم نایە پێشەوە و رێكخراوەكەمانم كرد بە حیزب".
لە رۆژی 18ی ئاداری ساڵی 1977 دا، "حەقی قەرار"، یاریدەدەری یەكەمی ئۆجەلان، لە شاری "عەنتاب"، بەدەستی كەسێك بەناوی "عەلائەدین قاپان" شەهیدكرا.
لە رۆژانی 26 و 27 ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1978، لەگوندی "فیس"ـی سەر بە قەزای "لیجە"ـی شاری ئامەد، بەئامادەبوونی 22 كەس، كە دوویان كچ بوون، یەكەم كۆنگرەی دامەزراندن بەڕێوەچوو و لەو كۆنگرەیەدا، پارتی كرێكارانی كوردستان بە رێبەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وەك پارتێكی ماركسی- لینینی دامەزرا.
ئایدۆلۆژیای پەكەكە لەسەر بنەما شۆڕشگێڕییەكانی ماركسیزم - لینینیزم و نەتەوەخوازیی كوردی دامەزرێنرا، ئامانجیشی دروستكردنی دەوڵەتێكی سۆسیالیستی بوو لە كوردستان.
یەكەم كاردانەوەی دەوڵەتی توركیا بەرامبەر دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان، دوای مانگێک بەسەر دامەزراندنی، واتا لە 27 ی کانوونی یەکەمی 1978 بوو لە شاری مەرەش، لەئەنجامی ئەو كاردانەوەیەشدا سەدان كەس كوژران.
ئۆجەلان لەسەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی 1979 دا بە هاوكاری كەسێك بەناوی "ئەدهەم ئاكچان"، كە دواتر لە شەڕی رزگاریدا گیانی لەدەستدا، توركیا و باكووری كوردستان بەجێدەهێڵێت و بەنهێنی بەرەو باشووری رۆژئاوای كوردستان و سووریا دەڕوات، لەوێ لە ماڵی خزمێكی "ئەدهەم ئەكچان"، لە شارۆچكەی كوبانێ ماوەیەك بەنهێنی دەمێنێتەوە.
لە 15 ی تەمموزی1981دا، یەكەمین كۆنفرانسی پەكەكە لە لوبنان ئەنجامدرا و لەكۆنفرانسەكەدا، لەنێوان تێكۆشان و وازهێنان لە خەبات بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات و ئامادەكاری بۆ دەستكردن بە تێكۆشانی پڕوپاگەندەی چەكداری و دەستكردن بەتێكۆشانی گەریلایی، درا.
لە یەكەم رۆژی نەورۆزی 1982ـدا، مەزڵوم دۆغان لەژێر درووشمی" بەرخودان ژیانە، رادەستبوونەوە مردنە"، لە ژووری 9ی نهۆمی 4ـی زیندانی ئامەددا، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەستدا.
لە (15)ی ئابی (1984)دا، دوای ئامادەكارییەكی چڕوپڕ لە شارۆچكەكانی "ئەروه ـ شەمزینان" هەڵمەتی گەریلایی دەستپێکرد و یەكەم فیشەک تەقێندرا. بەمەش خەباتی گەریلایی پەكەكە دەستیپێکرد و گۆڕانێکی مێژوویی لە مێژووی تێكۆشانی پەكەكە هاتەئاراوە.
نوعمان كورتوڵموش، یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی توركیا ساڵی رابردوو رایگەیاند" توركیا لەشەڕی 30 ساڵەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا زیانی زۆری پێگەیشتووە، لەو 30 ساڵەدا، 35 هەزار كەس كوژراون، حەوت هەزار شەهیدمانداوە، لەڕووی ئابووریشەوە ترلیۆنێك و 200 ملیۆن دۆلار زیانمان بەركەوتووە".
هاتنەئارای پرۆسەی ئاشتی لە نەورۆزی 2013 دا كەشوهەوای فەراهەمی بۆ وەرچەرخانی شێوازی خەباتی پارتی كرێكارانی كوردستان هێنایە ئاراوە و پابەندیكرد بە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ كشانەوەی گەریلاكان لە سنووری باكووری كوردستان.
یەكەم گرووپی گەریلاكانیش لە 8ـی مایسی 2013 دا لە باكووری كوردستان و سنوورەكانی توركیاوە بەرەو باشووری كوردستان پاشەكشەیان كرد و، ماوەیەکی زۆر خەباتی چەكداری و گفتوگۆی شاندی پارتی دیموكراتی گەلان HDP بە نوێنەرایەتی قەندیل لە گفتوگۆی چارەسەریدابوون و، لەلایەن هەردوولاوە چەند هەنگاوێك بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشەكە و ناساندنی مافەكانی كورد لەلایەن توركیاوە و چەكدانان لەلایەن گەریلاكانەوە لەئارادابوو.
دوای ئەوەی باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند لە 22 ی تەمموزی 2015 دوو پۆلیسی تورکیایان کوشتووە. شەڕێکی نوێ لە 24 ی تەمموزی 2015 لەنێوان تورکیاو پەکەکە دەستیپێکردەوە و بەهۆیەوە بەسەدان کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەندێکیان خەڵکی مەدەنین و ئەوانی دیکەش گەریلان یان سەربازی تورکیان.
حەقی قەرار كێبوو ؟
- حەقی قەرار لە ساڵی1952 دا له ناوچهی "ئۆلوبهی" سهر به "ئۆردوی" لهدایکبووه.
- دوای خوێندنی سهرهتایی و ئامادهیی له ئۆردوی، چووەتە زانکۆ.
- دوای ساڵهکانی70 دهکهوێته ژێر کاریگهری تهڤگهری جهوانانی شۆڕشگێڕ و لهو ساڵانەدا بە کهمال پیر و عهبدوڵڵا ئۆجهلان ئاشنادەبێت.
- ساڵی1976 دوای کۆبوونهوهی گرووپی ئاپۆچییهکان له گهڕهکی "دیکمهن" ، حەقی دهچێته کوردستان.
- لە رۆژی 18ی ئاداری ساڵی 1977 دا، "حەقی قەرار"، یاریدەدەری یەكەمی ئۆجەلان، لە شاری "عەنتاب"، بەدەستی كەسێك بەناوی "عەلائەدین قاپان" شەهیدكرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ