پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: رۆژئاڤا هێڵی سووری ئۆجەلانە

26-11-2025
هێمن عەساف
نیشانەکردن پەکەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، رۆژئاوای کوردستان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان "هێڵی سوورە" و دەڵێت: "ئەو هێڵە تەنیا بۆ ئۆجەلان نا، بەڵکو بۆ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانیش هێڵی سوورە."
 
عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری مەرسینی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سیما ئابخیزر پێشکێشی دەکات، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی پرسی چارەسەری و کۆمیسیۆنی پەرلەمان کرد.
 
"رۆژئاڤا هێڵی سوورە"
 
سەبارەت بە هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، عەلی بۆزان گوتی: "پێشتر هاوڕێکانمان ئەمەیان راگەیاندبوو؛ رۆژئاڤا بۆ بەڕێز ئۆجەلان هێڵی سوورە. نەک تەنیا بۆ ئەو، بەڵکو پێموایە بۆ هەموو کوردێک وایە. بۆ کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان رۆژئاڤا هێڵی سوورە."
 
بۆزان ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆجەلان لە رابردووشدا جەختی لەو خاڵە کردووەتەوە و گوتی: "ئۆجەلان پێشتر دەیگوت 'رۆژئاڤا هێڵی سووری منە'، ئەمڕۆش هەمان شت دەڵێت. منیش دەڵێم، سبەی و دووسبەی ئۆجەلان دەڵێت 'بوون و پێگەی رۆژئاڤا هێڵی سووری هەموو کوردێکە'."
 
رەخنە لە جەهەپە و دواخستنی کۆبوونەوەکان
 
سەبارەت بە دواخستنی کۆبوونەوەی ئەو کۆمیسیۆنەی بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکهێنرابوو، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی: "بڕیار بوو کۆمیسیۆنەکە ئەمڕۆ کۆببێتەوە، بەڵام دواخرا. ئێمە دەمانەوێت کێشەیەکی 100 ساڵە چارەسەر بکەین و ئەمەش کارێکی ئاسان نییە."
 
عەلی بۆزان رەخنەی لە هەڵوێستی پارتی گەلی کۆماری (CHP) گرت بەوەی بەشداری لە سەردانی ئیمراڵی ناکەن و رایگەیاند: "هەڵوێستی جەهەپە دروست نەبوو. دەبێت رووی دەمی یەکەمی ئەم پرسە ئۆجەلان بێت. ئێستا ئەو کۆمیسیۆنە کەی بیەوێت دەتوانێت گوێ لە دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان بگرێت، بەڵام پێویستە گوێ لە دەنگی بەڕێز ئۆجەلانیش بگرێت، بۆیە دەبوو ئەو دیدارانە راستەوخۆ بکران."
 
دەرفەتە لەدەستچووەکان
 
بۆزان باسی لە هەوڵەکانی پێشووی پەکەکە کرد بۆ گواستنەوەی خەبات بۆ نێو کایەی سیاسی و گلەیی لە دەوڵەت کرد، کە زەمینەی یاسایی بۆ نەڕەخساندوون.
 
بۆزان گوتی: "بینیمان 30 ئەندامی پەکەکە چەکەکانیان سووتاند و گوتیان 'وازی لێدەهێنین و دەمانەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراسیدا چالاکی بکەین'. خۆزگە ئەو کاتە لە رووی یاساییەوە هەنگاوی کراوە و ئەرێنی بنرانایە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و سیاسەت بکەن."
 
دەمیرتاش و قەییوم
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پرسی زیندانیانی سیاسی و دانانی قەییوم بەربەستن لەبەردەم دروستبوونی متمانە.
 
ئەو دەڵێت: "هەموو جیهان دەزانێت سەلاحەدین دەمیرتاش بۆچی لە زیندانە؛ هۆکارەکە یاسایی نییە و سیاسییە. ئێستا 10 شارەوانیی دەم پارتی لە دەستی قەییومەکاندایە. تاوەکو ئەم هزرەی قەییومە بەردەوام بێت، خەڵک بڕوای نامێنێت."
 
عەلی بۆزان ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە هێزە "رەگەزپەرستەکان" لە ناوخۆ و هەندێک هێزی دەرەکیش دژی پرۆسەکەن و دەڵێن "برایەتی قبووڵ ناکەین"، بەڵام "هیوا و ئومێدێکی گەورە لای هەموو خەڵکی تورکیا هەیە بۆ چارەسەری."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە