رووداو دیجیتاڵ
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەتەکەی، قوباد تاڵەبانی لەگەڵی بوو، هەر گەیشت هێزێک لە فەرماندەی هاوپەیمانان گەیشتنە وەزارەت، یەکسەر هەنگاوی کردەنی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و چاکسازی دەستیپێکرد، دوای 19 مانگ لە دوورکەوتنەوەی.
لە بەردەرگاوە بە پاسەوانی شەرەف پێشوازی لە شۆڕش ئیسماعیل کرا، بە کەناڵەکانی میدیای گووت، "لەبەر خراپی دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە گەڕامەوە سەر کار، لەپێناو بەرژەوەندی هێزی پێشمەرگە و چاکەی گشتیی درێژە بە ئەرکی خۆم دەدەم. لە وەزارەتی پێشمەرگە بەربەرەکانێی حیزبی هەندێک گرفت دروستبوون، کاریگەرییان لە خاوبوونەوەی پرۆسەی چاکسازیی دروستکرد، ئیش لەسەر ئەوە دەکرێت هیچکام لەو گرفتانە نەمێنن".
بریکاری وەزیر و بەرپرسەکانی وەزارەتەکە لەگەڵ وەزیر وەستان، بەو یەکڕیزیە مەبەستیان بوو بڵێن، هەموو بە یەکەوە، بە جیدیی و دۆستانە، دەس پێدەکەنەوە.
دوای ساڵێک و حەوت مانگ، بە رێوڕەسمێکی سەربازیی، شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە سەر کارەکەی. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بەشداری رێوڕەسمەکە بوو، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی وەزارەتیشی کرد.
کۆبوونەوەکە تەواونەبووبوو، شاندێکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گەیشتنە وەزارەت بۆ درێژەدان بە کارە هاوبەشەکانیان.
لە ماوەی رابردوودا، کێشە و گرفت لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە هەبوون، هەر لە نووسراوی دژبەیەکی ئەمینداری گشتی وەزارەت و بریکاری وەزارەت، گۆڕینی پاسوۆردی کۆمپیوتەرەکان و چەندین گرفتی دیکە، بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بڕیارە ئاریشەکان بنبڕبکرێن و لە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەنگاوەکان دەستپێبکەنەوە.
عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت، "گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی 26 خاڵی چاکسازی نێو وەزارەتە، گرنگترینیان پرۆژەی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ، واتە هێزی پێشمەرگە لە یەک سەرچاوەوە بڕیار وەربگرێت، قەدەخەکردنی کاری حیزبی و سیاسی بە هەموو شێوەیەک لە وەزارەت، نەمانی ئابوونەی حیزبی لەنێو هێزی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگەی چەکی بانکییەوە مووچەکانیان وەربگرن، رێکخستنەوەی پرۆژەی تەندەرین و ژمێریاری وەزارەت، دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرایەتی یەکەی ژمێرەی سەربازیی، یەکپۆشی هێزی پێشمەرگە، کۆکردنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوار فیرقەی سەربازیدا و چالاککردنی پلانی پێنج ساڵەی نەخشەڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ