رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کاروانی دووەمی هاوکارییەکانی کەمپەینی (رەنجی رووداو) تایبەت بە پشتیوانیی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێرەوە بەڕێکرا، کە لە 50 بارهەڵگر پێکهاتووە و دەرمان و پێداویستیی خۆراکی لەخۆدەگرێت.
رۆژی چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026 رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئەمڕۆش کەژاوەیەکی دیکەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرەو رۆژئاوای کوردستان بەڕێدەکرێت."
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەکاتی بەڕێکردنی دووەم کاروانی هاوکارییەکان، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد کە بوونە هۆکاری سەرکەوتنی کەمپەینی (رەنجی رووداو) و رایگەیاند، "سوپاسی یەکە بە یەکەی سەرمایەداران و بەشداربووانی کەمپەینەکە دەکەم؛ هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم لە چوار شەوی رابردوودا بەشدار بوون لە روونکردنەوەی گرنگیی ئەم کەمپەینە."
بەڕێوەبەری گشتیی رووداو بەتایبەتی دەستخۆشی لە رەنج سەنگاوی و هاوکارانی رووداو کرد و جەختی لە رۆڵی هاوبەشی دەزگای خێرخوازی بارزانی کردەوە و گوتی، "زۆر سوپاس بۆ خۆبەخشانی دەزگای روانگە کە لەگەڵمان بەشدار بوون، هەروەها زۆر سوپاس بۆ کاک مووسا [مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی] کە لەوێ وەک دەستێکی ئەمین سەرپەرشتی کاری دەزگای خێرخواری بارزانی دەکات بۆ ئەوەی ئەو یارمەتییانەی کە جەنابت [رەنج سەنگاوی] کۆتکردوونەتەوە بە باشی و بە رێکوپێکی بگاتە دەستی ئەوانەی پێویستییان پێیەتی."
ئاکۆ محەممەد هیوای خواست ئەم هەوڵانە ببنە مایەی سەقامگیری و گوتی، "هیوادارم ئاشتی بچەسپێت و ئازادیی خەڵک و خاکی کوردستان پارێزراو بێت."
هونەرمەندی ناوداری کورد، شڤان پەروەر لەکاتی بەڕێکردنی هاوکارییەکاندا سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و گوتی، "رۆژئاوای کوردستان بێخاوەن نییە و هەموو گەلی کورد لەگەڵیانە. رۆژئاوا دڵ و چاوی ئێمەیە و ئەو ئازارەی ئەوان دەیچێژن، ئێمەش دەیچێژین."
شڤان پەروەر بە هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستانی گوت، "رۆژئاوا دڵ و چاوی ئێمەیە و ئەو ئازار و ناڕەحەتییەی ئێوە دەیکێشن، ئێمەیش دەیکێشین. ئێوە بەتەنیا جێناهێڵین. تێکۆشانی ئێوە، تێکۆشانی گەلی کوردە و سەرکەوتنی ئێوەش، سەرکەوتنی کوردە. ئێمە لە تەواوی جیهان پشتیوانی ئێوە دەکەین و با ورەتان بەرز بێت."
هاوکات فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەند رایگەیاند، "دڵخۆشم ئەمڕۆ هەموو منداڵانی کورد بەیەکەوەن و خەڵک بۆ یەکبوونی کورد هاوار دەکەن."
شەپۆل شەهید فاخیر مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی شەهید فاخیر مێرگەسۆری رایگەیاند، "خۆشحاڵین کە بەشدارین لە بەڕێکردنی هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان و کاتی ئەوە هاتووە کە تەنیا بیر لە یەکگرتن بکەینەوە."
هاوکات شەمێران شەهید فاخیر مێرگەسۆری رایگەیاند، کورد یەکەم جاری نییە ئاوارە و دەربەدەر دەبێت، ئەمجارەش برینە کۆنەکان نوێبوونەتەوە و "دڵخۆشین کە خەڵک هەموویان بەیەکەوە هاوکاری کۆدەکەنەوە."
مامۆستا رێزان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستی ئینتەرناشناڵ ستایشی رەنج سەنگاوی کرد و گوتی، "ئەوەی تۆ [رەنج سەنگاوی] کردووتە لە لایەک و ئەوانی دیکەش هەموو لە لایەک. ئەوەی کردوومانە شتێکی کەمە، بەڵام دڵخۆشین کە هەموومان بەیەکەوە کۆبووینەتەوە."
ئەم کاروانە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی کەمپەینی (رەنجی رووداو) کە لە 80 بارهەڵگر پێکهاتبوو، بەرەو رۆژئاوای کوردستان بەڕێکرا و پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ بگاتە دەست هاونیشتیمانییان.