رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و رایگەیاند، ئەم هێرشە "کارێکی مەترسیدارە" و پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی عێراقە.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەم کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک."
حەکیم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم جۆرە کارانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەن و داوای کرد هەوڵە ئەمنییەکان چڕ بکرێنەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.
ئەم هەڵوێستەی عەممار حەکیم لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە، رێگە نادەن هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی عێراق پەلکێشی ناو ململانێ و شەڕەکانی ناوچەکە بکات.
سوودانی هەر لەو پەیوەندییەدا فەرمانی دا بە پێکهێنانی "تیمێکی ئەمنی و تەکنیکیی هاوبەش" لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی هێرشەکە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی تاوەکو رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
هاوپەیمانیی عەزم: ئاشتیی ناوخۆیی کەوتووەتە مەترسییەوە
هاوکات لەگەڵ کاردانەوەکانی بەغدا، هاوپەیمانیی عەزم لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە "پێشێلکارییەکی مەترسیدار" ناو برد.
هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە کارانە هەوڵەکانی هێورکردنەوە و پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی تێکدەدەن و داوای هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ