رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی چڕی هەفتەی رابردووەوە، ئاستی ئاوی رووبارەکان و رێڕۆ ئاوییەکان بەرزبووەتەوە و لە چەند شوێنێکیش زیانی هەبووە.
لە سنووری هەولێر، پردەکانی سەرکارێز و بێریات، ماوەی چەند رۆژێکە ئاستەنگیی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە. بەشێکی پردی سەرکارێز داڕماوە و مەترسیی لەسەرە، بۆیە رێگاکەی داخراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە کارەسات بەدوور بن. پردەکە رێگای زیاتر لە 40 گوندی لەسەرە، بەشێکی پردی بێریاتیش رووخاوە و رێگاکەی پچڕاوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە 48 کاژێری رابردوودا زۆرترین بڕی باران لە قەزای چوارتا لە پارێزگای سلێمانی باریوە کە 136.5 ملیم بووە و کەمترین بڕیش لە رواندز لە پارێزگای هەولێر باریوە کە 23.7 ملیم بووە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بارانبارین لەم هەفتەیەشدا بەردەوام دەبێت.