رووداو - هەولێر
یەكێك لە سیما دیارەكانی دیموكراسی لە هەر كۆمەڵگەیەكدا پرۆسەی هەڵبژاردنە. هەڵبژاردن یەكێكە لە ئاماژە گرنگەكان و دەرخەری قەبارەی هەر لایەن و هاوپەیمانێتییەك. ئەو قەبارەیەش دەبێتە سەنگی ئەو لایەن و هاوپەیمانێتیانە لە حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی دەسەڵات و شێوازی بەشداربوونیان یاخود بەشداركردنیان. هەر بۆیە گرنگە لە پرۆسەی دیموكراسیدا هەموو لایەنێك هەوڵ بدات زۆرترین دەنگ و متمانەی جەماوەر بەدەست بهێنێ.
یەكەمین هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كە بۆ پەرلەمانی كوردستان بوو، لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو. لەناو ئیسلامییەكاندا ئەو كاتە تەنیا بزووتنەوەی ئیسلامی لە فۆرمێكی حیزبیدا دەردەكەوت. ساڵی 1994 یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان راگەیەندرا. لە ساڵی 2001 كۆمەڵی ئیسلامیش لە بزووتنەوە جیابووەوە.
ئەم سێ لایەنە ئیسلامیە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستاندا بەشدار بوونە. ئەم توێژینەوەیە بە كورتی تیشك دەخاتە سەر ئەنجامی دەنگی ئەو سێ لایەنە لەم هەڵبژاردنەدا، بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی هەر یەكەیان بەجیا و هەمووشیان پێكەوە دەربخات.
گرفتی توێژینەوەكە:
گرفتی سەرەكیی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە ناڕوونیی پێگەی ئیسلامییەكان لە كوردستان و ژمارەی دەنگەكانیان لە هەر هەڵبژاردنێكدا، هەروەها سەنگ و قورسایی هەر لایەنێك بەپێی ناوچەی جوگرافی و بازنەكانی هەڵبژاردن.
ئامانجی توێژینەوەكە:
ئامانجەكانی ئەم توێژینەوە لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:
- خستنەڕووی رێژەی دەنگی لایەنە ئیسلامییەكان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005 تا 2014 لە هەرێمی كوردستان و لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن (پارێزگا)یەكدا.
- دیاریكردنی رادەی هەڵكشان و داكشانی دەنگەكانیان لە هەر هەڵبژاردنێكدا و لە هەر پارێزگایەك.
- زانینی سەنگ و قورسایی لایەنە ئیسلامیەكان لە بەرانبەر لایەنەكانی دیكە و لە نێوان خۆشیاندا.
گرنگیی توێژینەوەكە:
گرنگیی توێژینەوەكە خۆی لە گرنگیی ئەو بابەتەدا دەبینێتەوە كە باسی لێوە دەكات، واتە هەڵبژاردن. هەڵبژاردنیش كرۆكی پرۆسەی دیموكراسیە، رێژەی دەنگەكانی هەر پارتێكیش دیارخەر و سنووردانەری ئاستی كاریگەری و بەشداربوونی ئەو پارتەیە لە دەسەڵات و حوكمڕانیی وڵاتدا.
رێبازی توێژینەوەكە
رێبازی ئەم توێژینەوە، رێبازی شیكاری بەراوردكاریە بۆ ئەو داتایانەی كە پەیوەستن بە هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان لە نێوان ساڵانی 1992 تا 2014 كە لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان تێیدا بەشێوەی لیستی سەربەخۆ یان هاوپەیمانێتی بەشدار بوونە. پاشان شیكردنەوەی داتاكان و گەیشتن بە ئەنجامەكان.
توێژینەوەكە بەگشتی هەوڵیداوە ئەو داتا باوەڕپێكراوانە وەربگرێت كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق خراونەتەڕوو. ئەگەرچی هەندێ وردەكاری تێدا نەبووە، بەڵام هەوڵم داوە لەڕێگای دیكەوە وردەكارییەكان دەست بخەم.
داتاكانی هەڵبژاردن
لەپاش ڕاپەڕینی بەهاری 1991 تا ساڵی 2014 چەند هەڵبژاردنێك كراون. لەخوارەوە بەكورتی تیشكیان دەخەینە سەر. بۆ ئەوەی لە ئامانجی توێژنەوەكە لانەدەین، تەنیا ئاماژە بە دەنگی ئیسلامییەكان كراوە، دەنگی حیزبەكانی دیكە بە (ئەوانی تر) نووسراوە.
یەكەم: هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان
خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1992:
لەم هەڵبژاردنەدا ئیسلامییەكان بە لیستێكی سەربەخۆ بەشدار بوون، لە كۆی (971,453) دەنگ تەنیا توانییان (49,108) دەنگ بهێنن بەڕێژەی 5,1%.
خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان 2005:
لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا كۆمەڵی ئیسلامی بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری كرد، لە كۆی (1,753,918) دەنگ، توانی (85,237) دەنگ بهێنێت بە ڕێژەی 4,9%.
خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 2009:
یەكگرتوو و كۆمەڵ لەگەڵ سۆشیالیست و زەحمەتكێشان لیستی خزمەتگوزرای و چاكسازییان پێكهێنا، لەكۆی (1,876,196) دەنگ (240,842) دەنگیان بەدەستهێنا بەڕێژەی 12,84%. لیستی بزووتنەوەش بەجیا توانی (27,147) دەنگ بهێنێت بەڕێژەی 1,45%.
خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 2013:
لەم هەڵبژاردنەدا هەر سێ لایەنە ئیسلامییەكە بە لیستی سەربەخۆ بەشدارییان كرد. كە لە خشتەی (1) ئەنجامەكان خراونەتەڕوو.
خشتەی ژمارە (1) ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2013
.jpg)
دووەم: هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان
هەڵبژاردنی پارێزگاكان 2005:
لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا یەكگرتوو و كۆمەڵا بە لیستی سەربەخۆ بەشداربوون، یەكگرتوو (132.206) دەنگ بە ڕێژەی 7.53%. كۆمەڵا (71.869) دەنگ بە ڕێژەی 4.06%. ئەنجامی پارێزگاكانیش لە خشتەی (2)دا روونكراوەتەوە:
خشتەی ژمارە (2) ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان- 2005
.jpg)
هەڵبژاردنی پارێزگاكان ساڵی 2014:
هەر سێ لایەنەكە بە لیستی سەربەخۆ بەشدار بوون، یەكگرتوو (155.972) دەنگ بەڕێژەی 7.22%. كۆمەڵا (117.015) دەنگ بەڕێژەی 5.41%، بزووتنەوە (10.056) بەڕێژەی 0.47%. ئەنجامی پارێزگاكانیش لەخشتەی (3)دا روونكراوەتەوە:
خشتەی ژمارە (3) ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان- 2014
.jpg)
سێیەم: هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
هەڵبژاردنی ساڵی 2005:
هەڵبژاردنی 30/1/2005 كە ناونرا ئەنجوومەنی دامەزراندن، لیستی كوردستانی هەموو قەوارە كوردییەكانی لەخۆ گرتبوو.
هەڵبژاردنی 15/12/2005 تەنیا لیستی یەكگرتوو لە دەرەوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان بوو. لەكۆی (2,799,840) دەنگدەری كورد توانی (157,688) دەنگ بهێنێت، بە رێژەی 5,6%.
هەڵبژاردنی ساڵی 2010:
لەم هەڵبژاردنەدا هەر سێ لایەنەكە بە لیستی سەربەخۆ بەشدار بوون، یەكگرتوو (214.222) دەنگ بەڕێژەی 11.05%. كۆمەڵا (144.996) دەنگ بەڕێژەی 7.48% و بزووتنەوە (8.424) بەڕێژەی 0.43%. ئەنجامەكانیش لە خشتەی (4) دا روونكراوەتەوە:
خشتەی ژمارە (4) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سێ پارێزگای هەرێم 2010
.jpg)
هەڵبژاردنی ساڵی 2014:
لەم هەڵبژاردنەش هەر سێ لایەنەكە بە لیستی سەربەخۆ بەشدار بوون، یەكگرتوو (186.419) دەنگ بە ڕێژەی 8.76%. كۆمەڵا (140.231) دەنگ بەڕێژەی 6.59% و بزووتنەوە (8.862) بە ڕێژەی 0.42%. ئەنجامەكان لە خشتەی (5) دا روونكراونەتەوە:
خشتەی (5) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سێ پارێزگای هەرێم- 2014
.jpg)
شیكاری داتاكان
یەكەم: هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 1992 ، لیستی ئیسلامی توانی (49,108) دەنگ ببات بەڕێژەی 5,1%.
لە هەڵبژاردنی 2005 و 2009 ناتوانرێت دەنگی ئیسلامییەكان جیابكرێتەوە بەهۆی هاوپەیمانێتی و لیستی داخراو.
لە هەڵبژاردنی 2013 بەلیستی سەربەخۆ بەشدار بوون و هەرسێكیان توانییان (327,149) دەنگ بهێنن بەڕێژەی 16,61%.
دووەم: هەڵبژاردنی پارێزگاكان
لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا لە 2005 ، یەكگرتوو و كۆمەڵ بە لیستی سەربەخۆ بەشدار بوون و هەردوولایان توانییان (205,075) دەنگ بهێنن بەڕێژەی 11,59%. لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش:
هەولێر (41.304) دەنگ بەڕێژەی 6.36%.
سلێمانی (128.096) دەنگ بەڕێژەی 17.39%.
دهۆك كۆمەڵا لیستی نەبوو، یەكگرتوو (35.675) دەنگی هێنا بەڕێژەی 9.31%.
لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە ساڵی 2014 هەرسێ لایەنە ئیسلامیەكە بەلیستی سەربەخۆ بەشداربوون، كۆی دەنگی هەرسێكیان (283,043) دەنگ بوو بەڕێژەی 13,1% بەم شێوەیە:
هەولێر (88.298) دەنگ بەڕێژەی 11.71%.
سلێمانی (128.932) دەنگ بەڕێژەی 14.22%
دهۆك (65.813) دەنگ بەڕێژەی 13.16%.
سێیەم: هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
هەڵبژاردنی ساڵی 2005 :
تەنیا یەكگرتوو بەلیستی سەربەخۆ بەشدار بوو، ناتوانرێت دەنگی دوو لایەنەكەی دیكە دەستنیشان بكرێت.
هەڵبژاردنی ساڵی 2010:
سێ لایەنە ئیسلامییەكە توانیان (376,642) دەنگی هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنن، واتە بەڕێژەی 18,96%:
هەولێر (114.897) دەنگ بەڕێژەی 16.90%.
سلێمانی (188.692) دەنگ بەڕێژەی 22.63%
دهۆك (63.110) دەنگ بەڕێژەی 14.86%.
هەڵبژاردنی ساڵی 2014:
سێ لایەنە ئیسلامییەكە (335,512) دەنگیان بەدەستهێنا، واتە بەڕێژەی 15,77% بەم شێوەیە:
هەولێر (103.559) دەنگ بەڕێژەی 13.91%.
سلێمانی (144.812) دەنگ بەڕێژەی 16.21%.
دهۆك (87.101) دەنگ بەڕێژەی 17.76%.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە هەڵبژاردنی 2014 دەنگی سێ لایەنە ئیسلامیەكە 32,130 دەنگی كەمترە لە دەنگەكانی هەڵبژاردنی 2010، ئەگەرچی 189,413 دەنگدەر زیادی كردووە بۆ كۆی گشتی دەنگدەران. لەڕووی ڕێژەییشەوە 3.19% كەمی كردووە.
دەنگی هەرسێ لایەنەكە لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم لەو هەڵبژاردنانەدا بەم شێوەیە بوو:
خشتەی ژمارە (6) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سێ پارێزگای هەرێم 2010 و 2014
.jpg)
ئەگەر سەرنج بدەینە خشتەی ژمارە (6) دەگەینە ئەم ئەنجامانە سەبارەت بەدەنگی سێ لایەنە ئیسلامییەكە:
لە 2014 دەنگەكانیان لە هەولێر 11,338 دەنگی كەمترە لە دەنگەكانی 2010، ئەگەرچی 64,081 دەنگدەر زیادی كردووە.
لە 2014 دەنگەكانیان لە سلێمانی 43,880 دەنگی كەمترە لە دەنگەكانی 2010، ئەگەرچی 59,595 دەنگدەر زیادی كردووە.
بەڵام لەهەڵبژاردنی 2014 لەدهۆك 23,991 دەنگی زیاترە لەدەنگەكانی 2010، لەگەڵ زیادبوونی 65,737 دەنگدەری نوێ.
واتە لەهەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەنگەكانیان ڕوو لە داكشان بووە و لەدهۆكیش بەپێچەوانەوە ڕوو لەهەڵكشان بووە.
چوارەم: دەنگی لایەنە ئیسلامییەكان بەپێی ساڵ
ئەگەر بەپێی ساڵ بڕوانینە دەنگی سێ لایەنە ئیسلامییەكە وەك لە خشتەی (7)دا هاتووە دەگەینە ئەم دەرەنجامانە:
خشتەی ژمارە (7) دەنگی سێ لایەنە ئیسلامیەكە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 تا 2014
.jpg)
لە ساڵی 1992 دەنگی ئیسلامییەكان بەردەوام لەهەڵكشاندا بووە تا ساڵی 2010 كە بەرزترین ئاستی تۆماركردووە. دواتر تووشی داكشان و كەمێك هەڵكشان و داكشان بووەتەوە. زۆرترین دەنگی یەكگرتوو و كۆمەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ساڵی 2010یە، بەڵام بزووتنەوە زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی 2009 یە.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاكانی ساڵی 2014 لەیەك رۆژدا كران، بەڵام دەنگی سێ لایەنەكە لەهەڵبژاردنی پارێزگا (52,469) دەنگی كەمترە لە دەنگی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان، لەسەر ئاستی هەرێمیش 2,67% كەمی كردووە، كە جێگای هەڵوێستە و لەسەر وەستانە.
لەو هەڵبژاردنانەی فرە بازنە بوون، جوگرافیای دابەشبوونی دەنگی سێ لایەنە ئیسلامییەكە بەم شێوەیە:
خشتەی (8) دەنگەكانی ئیسلامییەكان بەپێی پارێزگاكان
.jpg)
لەپارێزگای هەولێر رێژەی ئیسلامییەكان كەمترینی 6,36% و زۆرترینیش 16,90% بووە.
لە پارێزگای سلێمانی كەمترین رێژە 14,22% و زۆرترین 22,63%بووە.
لە پارێزگای دهۆكیش كەمترین رێژە 9,31% و زۆرترین 17,76% بووە.
بەراوردی دەنگ و رێژەی ئیسلامییەكان
ئەگەر تەنیا دەنگی سێ لایەنە ئیسلامییەكە وەك بازنەیەكی هەڵبژاردن وەرگرین دەگەینە ئەو ئەنجامانەی كە لە خشتەی (9)دا روونكراوەتەوە.
خشتەی (9) دەنگ و رێژەی سێ لایەنە ئیسلامیەكە بەپێی هەڵبژاردنەكان
.jpg)
كەمترین رێژەی دەنگی یەكگرتوو لەكۆتا هەڵبژاردنی پارێزگاكان 2014 بووە كە 55,11%، زۆرترین رێژەش لە پارێزگاكانی ساڵی 2005 كە 64,95%. زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران 2010 بووە كە (214,222) دەنگە.
كۆمەڵ بەپێچەوانەوە زۆرترین رێژەی لەكۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران 2014 بووە كە 41,80%، كەمترین رێژەش 35,04% لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان 2005. زۆرترین دەنگی لەه ەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران 2010 بووە كە (144,996) دەنگە.
بزووتنەوە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2013 زۆرترین ژمارەی دەنگ و رێژەی دەنگی خۆی تۆماركردووە كە (21,834) دەنگە بەرێژەی 6,67% ، كەمترین رێژەش 2,29% لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران 2010.
ئەگەر تێكڕایی ئەو هەڵبژاردنانە وەرگرین كە هەرسێ لایەنەكە بە لیستی سەربەخۆ بەشدار بوون، ئەوا ئەنجامەكان بەو شێوەیە دەبن كە لەخشتەی (10)دا ڕوونكراوەتەوە.
خشتەی (10) تێكڕای دەنگ و رێژەی سێ لایەنە ئیسلامییەكە

ئیسلامییەكان لە پارێزگاكان:
پارێزگای هەولێر:
لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر دەنگی هەرسێ لایەنەكە لە خشتەی (11) روونكراوەتەوە: لە پارێزگای هەولێر یەكگرتوو بەردەوام لەداكشاندا بووە و لەكۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران 2014 كەمترین دەنگ و رێژەی خۆی تۆمار كردووە. بەپێچەوانەوە كۆمەڵ بەردەوام لەهەڵكشاندا بووە و لە هەمان هەڵبژاردندا بەرزترین دەنگ و رێژەی خۆی تۆماركردووە. بزووتنەوەش بەردەوام دەنگ و رێژەی خۆی پاراستووە. كەمێك هەڵیكشاندووە.
خشتەی (11) دەنگ و رێژەی سێ لایەنە ئیسلامیەكە لەپارێزگای هەولێر
.jpg)
پارێزگای سلێمانی:
لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی دەنگی هەرسێ لایەنەكە وەك لە خشتەی (12) روونكراوەتەوە. یەكگرتوو بەردەوام لەداكشاندا بووە و لەكۆتا هەڵبژاردنی پارێزگاكان 2014 كەمترین دەنگ و رێژەی خۆی تۆمار كردووە. هەروەها كۆمەڵ بەردەوام رووی لەداكشان كردووە بەڵام بەڕێژەیەكی كەمتر. بزووتنەوە دەنگەكانی خۆی پاراستوە و كەمێك زیادی كردووە.
خشتەی (12) دەنگ و رێژەی ئیسلامییەكان لە پارێزگای سلێمانی
.jpg)
پارێزگای دهۆك:
هەرچی سەبارەت بە پارێزگای دهۆكە وەك لە خشتەی ژمارە 13 روونكراوەتەوە. یەكگرتوو لەپارێزگای دهۆك دەنگەكانی رووی لەهەڵكشانە بەشێوەیەكی بەردەوام و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران 2014 بەرزترین رێژە و دەنگی خۆی تۆمار كردووە. كۆمەڵ بەبەراورد بەدوو پارێزگاكەی دیكە دەنگێكی لاوازە لەپارێزگای دهۆك. بزووتنەوەش وجودی نەبووە.
خشتەی (13) دەنگ و رێژەی سێ لایەنە ئیسلامیەكە لەپارێزگای دهۆك
.jpg)
تێبینی: ئەم بابەتە پوختەی توێژینەوەیەكی ساڵی 2014ی توێژەرە كە ئاراستەی چەند سەركردەیەكی هەرسێ لایەنەكە كراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ