پارتی و یەکێتی؛ 'کۆبوونەوەیەکی باش بەبێ یەکلاکردنەوەی پۆستەکان'

28-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی دەڵێن، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەردوو حیزبەکە بە باشی بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پۆستێکی تێدا یەکلایی نەکراوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، ئەندامێکی شاندی یەکێتی، کە بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە کەشێکی ئەرێنی و باش بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ پۆستێک یەکلایی نەکرایەوە."
 
هەروەها ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەردوولادا بەڕێوەچوو، بەڵام یەکێتی داوای چەند وەزارەتێکی سیادی کردووە، پارتیش تەنیا پێشنیازی یەک وەزارەتی سیادی بۆ کردوون، کە وەزارەتی پێشمەرگەیە.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، یەکێتی پێشنیاری پارتی بەدڵ نییە و داوای وەزارەتەکانی دارایی، نەوت [سامانە سرووشتییەکان] و چەند وەزارەتێکی دیکەشی کردووە، بۆیە ئەمڕۆ پۆستەکان یەکلایی نەکرانەوە و درێژە بە گفتوگۆکان دەدرێت.
 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێشەوا بەختیار پەیامنێری رووداو، کە لە ئەندامێکی شاندی یەکێتی وەرگرتووە گوتوویەتی، یەکێتی داوای کردووە، بە نووسراوێک لە چەند خاڵێکدا دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دیاری بکرێت، بەڵام پارتی قبووڵی نەکردووە.
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، یەکێتی داوای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە، بەڵام پارتی قبووڵی نەکردووە، پارتی تەنیا لەسەر وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە رەزامەندیی دەربڕیوە، بۆیە بڕیاردراوە کۆبوونەوەی دیکە بکرێت.
 
 
ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەزای دووکان لە سلێمانی کۆبوونەوە.
 
شاندەکەی پارتی لەلایەن مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی سەرۆکایەتی دەکرا و هەریەک لە ئومێد سەباح، دڵشاد شەهاب، پشتیوان سادق و هۆشیار زێباری ئەندامی شاندەکە بوون.
 
شاندەکەی یەکێتیش لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی دەکرا و هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، رێواز فایەق، ئامانج رەحیم، نزار ئامێدی و شاڵاو شێخ سەلاح، ئەندامی شاندەکە بوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باسی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکومەت دەکرێت و لێکتێگەیشتنی باش هەیە و رێککەوتن دەنووسرێتەوە و دواتر واژۆ دەکرێت.
 
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، زیاتر گوتی: "باسی پێکهێنانی حکومەت، رۆژەڤ و گۆڕانکارییەکان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراقیش دەکرێت."
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرا. پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.