گوڵە شلێرەکان سرووشتدۆستان بەرەو لووتکەی چیاکانی باکووری کوردستان دەبەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەبدولسەلام ئاکنجی
گەشتیاران دەچنە لووتکەی چیا بۆ بینینی گوڵە شلێرەکان
گەشتیاران دەچنە لووتکەی چیا بۆ بینینی گوڵە شلێرەکان
A+ A-

رووداو - ئامەد

رۆژانی کۆتایی هەفتە، بە سەدان گەشتیار و سرووشتدۆست روو لە چیا و دۆڵەکانی باکووری کوردستان دەکەن بۆ بینینی گوڵە شلێرەکان. یەکێک لەو شوێنە سەرنجڕاکێشانەی ئەم گوڵەی لێ دەڕوێت، چیای بەنیشتە لە شارۆچکەی ئەرخەنی لە پارێزگای ئامەد.
 
ئەم گوڵانە کە بە "گوڵی غەمگین"یش دەناسرێن، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئامەد، وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس، ئەرزەڕۆم، شرناخ، خارپێت، سەمسوور و باتمان دەڕوێن. بەهۆی دەگمەنییانەوە، ئەم گوڵانە لەژێر پاراستنی دەوڵەتدان و سزای لێکردنەوەی تەنیا یەک گوڵ، 700 هەزار لیرەی تورکییە، کە دەکاتە نزیکەی 16 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
 
پەیامنێری رووداو لەگەڵ گرووپێکی سرووشت دۆست لە ئامەدەوە بەرەو چیای بەنیشت چوون. نزیکەی 65 کیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێل تاوەکو گوندی هەجووگان رۆشتن و لەوێشەوە بە پیادە و لەناو باران و سرووشتێکی دڵگیردا، بەرەو لووتکەی چیاکە چوون. 
 
نەسلێهان یاشار، یەکێک لە گەشتیارەکانە و دەڵێت: "بەپێی چیرۆکێکی مێژوویی، ئەم گوڵانە گوزارشت لە ئەشقە ناکامەکەی فەرهاد و شیرین دەکەن و لەبەر خەمی ئەوان، سەریان دانەواندووە." سەودا باقریش کە گەشتیارێکی دیکەیە، ئاماژە بە ئەفسانەیەکی دیکە دەکات و دەڵێت: "دەگوترێت کاتێک حەزرەتی عیسا لە خاچ دراوە، حەزرەتی مەریەم هێندە گریاوە، لەو شوێنەی فرمێسکەکانی لێ کەوتووە، ئەم گوڵانە رواون؛ بۆیە بوونەتە سیمبولی غەمی دایکی مەریەم."
 
تەمەنی ئەم گوڵە جوانانە زۆر کورتە و تەنیا نزیکەی 20 رۆژ دەمێننەوە، دواتر دەوەرێن تاوەکو بەهارێکی دیکە.
 
محەممەد توتال، کە یەکەمجارییەتی ئەم دیمەنە ببینێت، دەڵێت: "زۆر دڵخۆشم، چیا و زۆزانەکانی ئێمە هەموویان پیرۆز و جوانن."
 
بۆ زۆربەی گەشتیارەکان، ئەم گەشتە تەنیا بۆ بینینی گوڵ نییە، بەڵکو رێگەیەکە بۆ دەربازبوون لە ماندوێتیی کار و ژیانی شار. نەوین باشاک دەڵێت: "هەموو سترێسی کارم لەدەستدا و بۆنی بەهارم مژی." کەنال ئالپکایاش ئاماژە بەوە دەکات کە "تەواوی هەفتەکە کار دەکەین و رۆژانی پشوو لێرە خۆمان دەدۆزینەوە."
 
ئەم گوڵە سوور و سەرەونەخوونانە، تەنیا لە مانگی نیساندا دەردەکەون و دیمەنێکی بێوێنە دەبەخشنە سروشتی ناوچەکە، بەڵام جوانییەکەیان و سزای لێکردنەوەیان وایکردووە، گەشتیاران تەنیا بە وێنەگرتن و سەیرکردنیانەوە دڵخۆش بن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە