رووداو - هەولێر
محەممەد فەرەج، کاندید بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی لە کاندیدبوون بۆ ئەو پۆستە کشایەوە و، پێشنیازی کرد محەممەد رەئووف و ئەبوبەکر عەلیش بکشێنەوە بۆ ئەوەی دووبارە سەڵاحەدین بەهائەدین ببێتەوە بە ئەمینداری یەکگرتوو.
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە حەوتەمین کۆنگرەی حیزبەکەیدا گوتارێکی پێشکەشکرد کە لە نۆ بەش پێکهاتبوو و دوای گوتارەکەی لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا کشانەوەی خۆی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی ئەمینداری یەکگرتوو راگەیاند.
کۆی گشتی گوتارەکەی بریتی بوون لە بەهاری عەرەبی و جوڵەی دژە شۆڕش ، پرۆسەی هەڵبژاردن ، بەشداری حكومەت ، كێشەكانی هەرێم و بەغدا ، شەڕی داعش ، ویلایەتی سەرۆكی هەرێم و پرسی سازان ، كاری هاوبەشی ئیسلامی ، پرسی كورد و گەشەدان بە دەسكەوتەكانی هەرێم و بەشداری كۆنگرەی نەتەوەیی.
سەبارەت بە بەشداریی لە حکومەتدا محەممەد فەرەج گوتی: "سیاسەتی ئێمە لە بەشداریكردنی حكومەت بۆ هەنگاونانی كردارەكی پرۆسەی چاكسازی بوو، بۆیە تەرحی حكومەتی بنكەفراوان و شەراكەتی حەقیقیمان كرد هەتاكو بەرپرسیارێتیەكان و دەسەڵاتەكان دابەشبكرێت".
لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند: "پرسی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدی ئێمەوە تەنیا پرسێكی یاسایی نەبوو بەڵكو رەهەندێكی سیاسیشی هەبوو ، بۆیە پێمان وابوو دەبێت بۆئەوەی چارەسەرە یاساییەكە سەركەوتوو بێت و هەموو لایەك پێی ڕازی بن ، دەخوازێت پێشوەخت رێككەوتنێكی سیاسی لەسەر بكرێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا محەممەد رەئووف گوتی: "ئومێدەوارین لە چوار ساڵی داهاتووماندا بەپێی ئەو پەیڕەو پرۆگرام و ستراتیژەی كە كۆنگرە پەسندی دەكات زیاتر و باشتر هەنگاو بنێین و یەكگرتوو بكەینە ژمارەیەكی زیاتر حساب بۆكراو و كاریگەرتر لەناو ژمارە گەورەكاندا".
دەقی گوتارەکەی محەممەد فەرەج، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
بسم الله الرحمن الرحیم
خوشك و برایانی خۆشەویست
ئەندامانی كۆنگرەی حەوتەم ..
كادر و ڕێكخستن و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ..
پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرەی حەوتەمتان لێ دەكەم ، دەمەوێت بەناوی ئێوەوە لە دەستپێكی دەستپێكردنی كۆنگرەكەمانەوە سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان بنێرم كە گیانی خۆیان كردوەتە سوپەر و قەڵغان بۆ پاراستنی نیشتمان ، هەروەك دەمەوێت بەناوی ئەندامانی كۆنگرەوە سڵاوێكی شایان بنێرم بۆ خەڵكی كوردستان كە پشتگیر و هاوكارمان بوون بە دڵ و بەگیان لە هەر پارچەیەكی كوردستان .
سڵاو بۆ بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرزی كوردستان ..
سڵاو بۆ هەموو ئیسلامخوازان , ئازادیخوازان , عەدالەتخوازان , لە كوردستان و لەهەركوێیەك بن لە جیهان .
سڵاو لە ئێوەش ئامادەبوان و بینەرانی كۆنگرەی حەوتەم ..
السلام علیكم و رحمە الله و بركاته
بەخێرهاتنی هەموولایەك دەكەم , هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەمان دەخوازم , خوازیارم كۆنگرە بتوانێت ئەركە ڕاستەقینەكانی خۆی ڕاپەڕێنێت لە پێناو گەشەپێدان و گواستنەوەی واقعی ئێستای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەم ئاستەی ئەمڕۆی بەرەو ئاستە باڵاكان بەمەبەستی هێنانەدی خەون و خولیا و ئاوات و ئامانجی چاكسازان و چاكەخوازان و دەستەبەركردنی ئەزمون و ئایندەیەكی گەش بۆ گەلەكەمان .
بەڕێزان :
لە ساتەوەختێكدا ئەم كۆنگرەیە دەبەستین چەند ڕۆژێكە ڕێكەوتننامەی شوومی سایكس بیكۆ كۆتایی هاتووە كە بۆ ماوەی (100) ساڵ بوە مایەی نەهامەتی و دابەشبوون و كاولكاری و ژێردەستی و جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران بۆ گەلەكەمان، ئومێدەوارین ئەم كۆنگرەیەمان وێستگە و دەروازەی پەڕینەوە بێت بۆ قۆناغێكی نوێ لە گەیشتن بە ئامانجە لە مێژینەكانمان كە خۆی لە سەربەخۆیی و ئازادی و ڕمانی قەڵای ستەم دەبینێتەوە .
ئێستاش كە كۆمەڵێك گۆڕانكاری ڕیشەیی ڕووی كردۆتە ناوچەكە و ئەگەری دیزاین كردنەوەی ناوچەكەی لێ دەكرێت , هەرێمەكەمان بە دەست كۆمەڵێك كێشەی سیاسی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت , كە بێ متمانەیی نێوان حكومەت و جەماوەر و لایەنە سیاسیەكانی لێ كەوتۆتەوە كە بوەتەهۆی پەكخستنی پەڕلەمان و ئیفلیج كردنی حكومەت و كۆچی بە لێشاوی گەنجان و قەیرانی دارایی و لێكەوتە كۆمەڵایەتی و دەرونیەكان و تێكچونی باڵانسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم بەغدا و دەوڵەتە هەرێمایەتیەكان ، كە ئەگەر ڕۆڵی بەرپرسیارانە و چاكسازیانە و پەروەردەییانەی زانایان و بانگخوازان و سەرجەم ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەری و خێراخوازییەكان و كادر و ئەندام و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نەبوایە دۆخی ناوخۆیی هەرێمەكەمان بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار و نادیار دەڕۆیشت .
بۆیە دەبێت دڵسۆزانی گەلەكەمان شانازی بەڕۆڵ و پێگەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بكەن كە فیداكاری سەقامگیری و ئۆقرەیی سیاسی و كۆمەڵایەتی بوە و نەیهێشتوە لادانی كۆمەڵایەتی لەكۆمەڵگەكەماندا تەشەنە بكات سەرەرای ئەو هەموو قەیران و ئاریشانەی بەرۆكی هاوڵاتیانی كوردستانی گرتوە .
دەبێت یەكگرتووەكان شانازی بە خۆیان و یەكگرتووەكەیانەوە بكەن كە توانیان لە قۆناغێكی هەستیار و چارەنوسسازدا ڕۆڵێكی مێژوویی چاكسازیانە بگێڕن و ببنە هەوێنی پاراستنی یەكپارچەیی خاك و خەڵكی كوردستان ، هەروەك سەرمەشقی بیری میانەڕەوی و گیانی عەدالەتخوازی و مەدەنیەت بوون ، لەڕووبەڕووبونەوەی تارمایی تیرۆر و تۆقاندن و ستەمكاری و یەكتر سڕینەوە و هەمیشە بارەگاكانی یەكگرتوو مەنزڵی كۆكردنەوەی بیر و بۆچون و لایەنە جیاواز و ناكۆكەكان بوە و ئەڵقەی پێكەوە گرێدانی یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی و تەبایی بووە .
ئامادەبوانی بەڕێز :
بارودۆخە سیاسیە ئاڵۆز و شێواو و هەل و مەرجە بابەتیەكە زۆربەی زۆری توانا و وزە و كات و گرنگی پێدانەكانی هەموانی بە ئاڕاستەی خۆیدا ڕاكێشابوو ، سەرەنجام نەمانتوانی وەك پێویست گرنگی بە ناوخۆی خۆمان بدەین كە چاوەڕوانمان دەكرد، بەڵام توانیمان شوێنكاری بارودۆخە سیاسیەكە لەسەر ناوخۆی خۆمان سنوردار بكەین، چونكە ئێمە ویستمان ئەو دەرفەتانەی لە هەناوی گۆڕانكارییەكان و ڕوداو و هەل و مەرجە بابەتیەكەدا هەیە بقۆزینەوە بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان و فراوانكردن و بەهێزكردن و جێگیركردنی پێگەی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ، سروشتیە لە (تشخیص) كردن و (تقدیر) كردنی گرفتەكان و مەسەلەكان و هەڵوێستەكان لێكدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز هەبێت، بەڵام ئەولەویەت و ئەفزەڵیەت و شەرعیەت بۆ لێكدانەوە و خوێندنەوە و بڕیارەكانی ناوەندی بڕیارە ئەگەرچی لەگەڵ بیركردنەوەی هەندێكمان یەكی نەگرتبێتەوە، چونكە ناوەندی بڕیار بەپێی پرنسیپە دیاریكراوەكانی پەیڕەو پرۆگرام كە لە كۆنگرەی شەشەمدا ماف و شەرعیەتی وەرگرتووە بۆ لێكدانەوە و بڕیار وەرگرتن، و خوێندنەوە و دید و بۆچونی جیاوازیش لەمەسەلەكاندا نابێتە هۆی هەڵەی یەكێكیان و ئەوە تەنها سەركردایەتی و ناوەندی بڕیارە مافی یەكلاكردنەوەی یەكێك لەو بۆچوون و خوێندنەوانەی هەیە كە لە كۆنگرەی شەشەمدا بەپێی پەیڕەو پرۆگرام پێیدراوە.
خوشكان .. برایان ...
هیچ كارێك بێ كەم و كوڕی نیە و نابێت, پێوەری دیاریكەری دروست و نادروستیش بڕیار و كار و پرۆژە و سیاسەتەكانە لە پەیڕەو پرۆگرامی كۆنگرەی شەشەمدا دیاریكراوە و ئێمە لە بڕیارداندا پابەندبوین پێوەی و پەیڕەویمان لێكردووە ، ئەگەر ڕەغبەت و لێكدانەوەكانیشمان, شرۆڤە و شیكاری دیكەی ویست بێت مادام لە دەرەوەی چوارچێوەی ئامانج و بنەما گشتییە ئیقرار كراوەكانی كۆنگرەی شەشەم بوبێت ، نەمانتوانیوە پەیڕەوی بكەین و تەنها لە چوارچێوەی بنەما گشتییە دیاریكراوەكاندا ، جوڵە و بڕیارە سیاسیەكانمان دەركردووە .
چوارچێوە و ئامانج و بنەما گشتییەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی شەشەم كە پابەندی و توانا و سنوری بڕیاردانی ئێمەی دیاری كردووە , ئەمانەی خوارەوە بوون :
أ . كاركردن بۆ بەدەستوری كردنی ژیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا لە ڕێگەی هەمواركردنەوەی ڕەشنوسی دەستوری هەرێم , بە سازانی نیشتمانی و پەسەندكردنی بەجۆرێك كە بناغە بۆ سیستمێكی دیموكراسی پەرلەمانی دادپەروەر دابڕێژێت و ماف و ئازادییە تاكەكەسی و گشتییەكان و مافەكانی مرۆڤ و لامەركەزی كارگێڕی بچەسپێنێت و پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی كۆمەڵگا بكات .
ب . كاركردن لە پێناو دامەزراندنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لە نێوان گەلی كورد و گەلانی دراوسێ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاشتی لەڕێی چارەسەركردنی كێشەی كورد و دۆزینەوەی فۆڕمی نوێی پێكەوە ژیان .
هەروەها لە ستراتیجیەتی كاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ (4) ساڵی داهاتوو لە (5/2012 بۆ 5/2016) قیادەی تەكلیف كردووە بە :
أ . گەشەدان بە دەستكەوتە دەستورییەكانی گەلی كوردستان لە فیدرالیەتەوە بۆ مافی چارەی خۆنوسین و هەوڵدان و بۆ بەدەوڵەتبوون .
ب. بەرجەستەكردنی كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندوو , بە چەسپاندنی بەها باڵاكان و قوڵكردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان .
ئەمە ڕوانینی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووە بۆ گۆڕەپانە سیاسیە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكە و لەو سۆنگەیەوە ئایندەی سیاسی هەرێمی كوردستانی وێنا كردووە هەتا لە ڕوانگەیانەوە ئیدارەیململانێكان بكرێت. ئەگەر بەوردی سەیرێكی ئەو ڕستە و گوزارانە بكەین كە لە بنەما گشتی و ئامانج و ستراتیجیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەیڕەو پرۆگرامی پەسەندكراوی كۆنگرەی شەشەم خراوەتەڕوو , دەبینین كۆنگرەی شەشەم بەهەموو سەركردایەتی و كەوادر و ڕێكخستنەكان دەڵێت : ئاڕاستەی رووداو و گۆڕانكارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لەبەرژەوەندی گەلی كوردە و لە هەناویاندا دەرفەتی بە دەوڵەتبوونی هەرێمی كودستان حەشار دراوە و پێویستە كەڵك وەربگیرێت لەو دەرفەتانە بە :
1. قوڵكردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لەناو كۆمەڵگادا، خۆپارێزی لە پێچەوانەكەی .
2. دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لە نێوان گەلانی ناوچەكە .
3. چاكسازی گەرەنتی پێشكەوتن و چارەسەری گەندەڵییە .
4. لەڕێگەی سازانی نیشتمانیەوە هەمواری ڕەشنوسی دەستوری هەرێم بكرێت بۆ بەدەستوری كردنی ژیانی سیاسی تاكو بناغەی سیستمێكی دیموكراسی پەرلەمانی دادپەروەر دابڕێژرێت .
5. دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بناغەی ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسیە ..
لەم ڕوانگەیەوە لە چوارساڵی ڕابردوودا مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەكەدا كردووە و ئیدارەی ململانێكان و ئاڕاستەی ڕوداوەكانمان كردووە ، بە شێوەیەك ئێمە نەبینە بەشێك لە هۆكار و مایەی دابەشبون و پەرتبوونی ناوخۆی هەرێمی كوردستان , ئەمە پێوەری دانپیانراوی كۆنگرەی شەشەمە بۆ یەكلاییكردنەوەی بیروبۆچوون و لێكدانەوە جیاوازەكان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخ و ژینگەی سیاسی هەرێمی كوردستان ..
تابلۆی سیاسی و یەكگرتووی ئیسلامی لەچەند وێستگەیەكی جیاوازدا
بەو پێیەی ڕوداوەكان و گۆڕانكارییە سیاسیەكان كاریگەری و تیشكدانەوەی زۆری هەیە لەسەر ڕوانین و جۆری بیركردنەوە و وێناكردنی مرۆڤ بۆ دەوروبەرەكەی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهات و دەرهاویشتەكاندا , كە دەبێتە مایەی بەرز و نزمی گوتار و ساردوسڕی یان گەرموگوڕی جوڵەی هەر بزاف و پێكهاتەو تەوژمێك , گرنگی دەبەخشێت بە تابلۆ سیاسیەكە وەك فاكتەرێك لە حوكمدان بەسەر بڕیار و هەڵوێست و گوتار و دەركەوتە و دیاردە سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتورییە جۆراوجۆەكاندا .
یەكەم / بەهاری عەرەبی و جوڵەی دژە شۆڕش :
شۆڕشی گەلانی عەرەبی ڕوداوێكی سادە نەبوو لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان , بەڵكو واتا و ئاماژە و دەلالاتەكانی ئەم شۆڕشە جیهانی سەرقاڵكرد, كە چارەنوسی ئەم ناوچەیە چی دەبێت بەتایبەت ئەوەی بزوێنەر و ڕێبەری شۆڕشەكەیە بزافی ئیسلامی بوو , بەم شێوەیە شۆڕشەكە بووە تەحەددایەكی گەورە بۆ زلهێزەكانی جیهان و بزافی ئیسلامی هاوچەرخ , بەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئیدارەدانی كۆمەڵگا كە دەیان ساڵە بەدەست ستەمەوە دەناڵێنێ و لەڕووی سیاسیەوە وابەستەیی و پاشكۆیەتی ناوچەكەی بۆ زلهێزەكان لێ بەرهەم هات كە پێچەوانەی خواستی سەربەخۆی گەلانی ناوچەكە بوو , لەڕووی ئابورییەوە داتەپین و هەژاری گەلانی لێكەوتەوە سەرەڕای دەوڵەمەندی ناوچەكە بەسەرچاوە سروشتیەكان .
لێكترازانی كۆمەڵایەتی سیمایەكی دیكەی واقعی وڵاتی عەرەبی بوو , واتە شۆڕشی عەرەبی بزافی ئیسلامی هێنایەسەر وڵاتێكی وێران و داتەپیو گەلێكی ماندوو و شەكەت بەدەست ئاساری ستەمكاری و هەژاری و لادانی كۆمەڵایەتی بەڵام هەڵگری ئومێد و چاوەڕوانیەكی ئێجگار زۆر و بەپەلە .
لێرەوە دژە شۆڕش دروست بوو ئیدی بزافی ئیسلامی لەناوچەكەدا كەوتە بەر شاڵاوی نەیارانی بۆ ئابڵۆقەدانی كۆمەڵایەتی , شاڵاوەكە بەشێوەیەك توند و كاریگەر بوو هەندێك لە كادری پێشكەوتوو تەنانەت سەركردەی ڕابردووشی خستە گومان لە مەنهەج و مێژووی خۆی و لەهەندێ شوێنیش بەشێك لە بزافەكەی تووشی هەڵوێستی چەوت و سیاسەتی نادروست كرد , ئێمەش لە كوردستان بەدەرنەبووین لەبەركەوتنی پرژی ئەم ڕوداوانە , بەڵام حیكمەتی قیادیمان توانی بەشێوەیەكی سەربەرزانە و شكۆمەندانە لەو دۆخە دژوارە یەكگرتوو دەرباز بكات لەكاردانەوە و دەرهاویشتە خراپەكانی ئەو شاڵاوە و ویستومانە بەریەككەوتنی فیزیكی لە نێوان تەوژمی ئیسلامی و بەرامبەرەكانیدا ڕونەدات و یەكگرتووی ئیسلامی و پرۆژەی ئیصلاحی و كۆمەڵگەی كوردی لەشەڕی لابەلا دور بخەینەوە .
دووەم / پرۆسەی هەڵبژاردن :
هەرچەندە هەڵبژاردنی (2013) بۆ پەڕلەمانی كوردستان وەك بەدەستهێنانی ژمارەی كورسی قەرەبووی شكستی هەڵبژاردنی (2009)ی بۆ كردینەوە و لە شەش(6) كورسیەوە گەیشتە (10) كورسی , بەڵام هێشتا نە لە ژمارەی دەنگ و نە لە ژمارەی كورسیدا نەگەیشتە ئاستی چاوەڕوانكراو و پێشبینیكراو , بۆیە نیگەرانی و قورساییەكی زۆری دروستكرد لەدڵ و دەرونی ئەندامان و جەماوەردا , هەربۆیە هەوڵماندا هۆكارە خودییەكان چارەسەر بكەین و خۆمان ئامادە و سازكرد بۆ هەڵبژاردنی بەهاری (2014) بۆ پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق , بەڵام مخابن , هەرچەندە زۆربەی زۆری كەم و كوڕییەكانی جاری پێشوومان چارەسەر كرد و هەموو سەركردەكان و ڕاگەیاندن و ڕێكخستنەكان بەیەك هەڵمەتی بێ ووچانی یەك مانگی ڕۆشتنە مەیدانەكە بەڵام دیسان ڕوبەڕوبوینەوە لەگەڵ دەرەنجامێكی نەخوازراو و ئەگەر سەركەوتن و پێشكەوتنی بادینان نەبوایە زامەكە قوڵتر و پڕ ئازارتر دەبوو , هێوركردنەوەی ئەو نیگەرانیانە و دامركاندنەوەی ئەو هەڵچونانە كارێكی ئاسان نەبوو , بەڵكو پێویستی بە حیلم و حیكمەت هەبوو , كە سوپاس بۆ خوای گەورە تاڕادەیەكی زۆرباش ئەركەكەمان بە ئەنجام گەیاند .
سێیەم/ بەشداری حكومەت :
ڕەگەزێكی دیكەی كاریگەر لەسەر ئەدای ڕابردووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری كردنی بوو لە حكومەت دوای (4)ساڵ ئۆپۆزسیۆنبوونی ، ئەم گۆڕینی ئاڕاستە سیاسی و ئیشكردنە, ئیلتیزامات و سیاسات و گوتاری نوێی بۆ یەكگرتوو هێنایە كایەوە كە جۆرێك لە دوو دڵی و دڵەڕاوكێی دروستكرد, هەرچەندە ئەم پرسی بەشداریە بە ڕاوێژ لەگەڵ كادرە پێشكەوتووەكان كە ژمارەیان (580) كەس بووە و داخوازی (87%)ی بەشداربوان و بەكۆی دەنگی سەركردایەتی لە (5/11/2013) بڕیاری لەسەردرا ، چونكە ئۆپۆزسیۆن بوونی چوارساڵی ڕابردوو بە (گوتار و هەڵوێست و سیاسەتەكانیەوە) سایكۆلۆژیایەكی لای ئەندامان و جەماوەری یەكگرتوو دروست كرد , بەشێك لە ئەندام و جەماوەرەكە بە ئاسانی تەفەهومی هەڵوێست و گوتاری سیاسی قۆناغی بەشداری نەدەكرد بەهۆی جیاوازی ژینگەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا كە جیاوازی ڕوانگە و سایكۆلۆژیای سیاسی لێكەوتەوە , هاوسەنگی ڕاگرتنی ئەم دۆخە و ڕێكخستنەوەی بارودۆخەكە بۆ بەگەڕخستنی پرۆسەی چاكسازی و هەنگاونان بەرەو تێپەڕاندنی واقعە نەخوازراوەكە كەلە چوارساڵی ئۆپۆزسیۆنبووندا هەوڵی زەمینە سازی بۆ درابوو , لێكدانەوەی جیاوازی لەسەر ناوخۆ و ئەدائی دام و دەزگاكانی حزب هەبوو كە شوێنكارەكەی بە هەڵمەت و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە بەدەركەوت .
سیاسەتی ئێمە لە بەشداریكردنی حكومەت بۆ هەنگاونانی كردارەكی پرۆسەی چاكسازی بوو , بۆیە تەرحی حكومەتی بنكەفراوان و شەراكەتی حەقیقیمان كرد هەتاكو بەرپرسیارێتیەكان و دەسەڵاتەكان دابەشبكرێت و لە قۆرخكردن ڕزگاری بێت بەمەش بڕیاری سیاسی هەرێم و دەسەڵاتی دابەشكردنی سەروەت و سامان بەرەو شەراكەت و شەفافیەت بروات , هەربۆیە تەهمیشكردن و اقصاكردنی هیچ لایەكمان قبوڵ نەكرد و حكومەتی زۆرینەمان لاپەسند نەبوو , نەخشاندنەوەی نەخشەی سیاسی هەرێم بەم شێوەیەلەمەرجە سەرەكیەكانی بڕیاری سیاسی ئێمەبوو بۆ بەشداریكردنمان لە حكومەت ، ئەویش لە پێناو بەگەڕخستنی پرۆسەی چاكسازی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بوو .
بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكانیش هەمان نەهج و سیاسەتمان پەیڕەو كردوە هەتاكو ئەم پرۆسەی بنكەفراوانە شۆڕبێتەوە بۆ خوارەوە بەشێوەیەكی ئۆرگانی و پرۆسەی ئیندماجی سیاسی و بە كردارەكی كردنی پرۆسەی چاكسازی لە هەموو ئاستەكاندا هاوسەنگ بێت ، ئەمەش سازكردنی كەش و هەواو و گونجاندنی زەمینەی چەكەرەكردن و گەشەكردنی هەردوو پرۆسەی چاكسازی و دیموكراسی باشتر فەراهەم دەهێنێت و ئەگەر و گریمانەكانی تێكدانی سست و لاواز دەكات .
چوارەم/ كێشەكانی هەرێم و بەغدا :
لەلای هەموان ئاشكرایە لە دوای 2003 و روخانی رژێمی بەعس و چۆنیەتی دروستبونی دەوڵەتی عێراق و هەتا ئێستا سەقامگیرنەبوەو, گیانی نیشتمانی و هاووڵاتی بون تێكشكاوەو دەوڵەتی مەدەنی لەواقیع دا و بەعەمەلی بونی نیە.
ئێمەلەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەپێی ستراتیژی یەكەمی كۆنگرەی شەشەم پەیوەستین بەپەیڕەوكردنی چوارچێوەی حوكمڕانی هەرێم وهاوكێشەی سیاسی كوردی لەهەرجولانەوەیەكی سیاسیماندا, بەمەبەستی گەشەپێدان وبەرەوپێش بردنی ئەزموونەكەمان تابەدەوڵەت بوون , ئەمەش واتای تەبەنی كردنی كێشەسیاسی و ئابووری و وكۆمەڵیەتیەكانی كۆمەڵگای كوردی و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیەكانە لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە .دوای ئەوەی بەغدا ئابڵوقەی ئابووری ودارایی خستە سەرهەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكانی 17% بەشە بوددجەی هەرێم لە عێراقی لە شباتی 2014 بڕی , دۆخی بژێوی و ئارامی كۆمەڵایەتی هاونیشتیمانیان كوردستانی توشی پشێوی ودڵەڕاوكێ كرد ، بۆیە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش لەپێناو سوككردنی باری گرانی سەرشانی هاونیشتیمانیان وبە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگافەرمی ودەستوریەكانی حكومەتی هەرێم لەچوارچێوەی هاوكێشەی كوردلەبەغدا و لەرێی فراكسیۆنەكەمانەوە لەبەغدا ولەم پێناوەدا جمو جۆڵی سیاسیمان دەست پێكردووە ، ڕاستە ئەم جۆرە جوڵەیە گەورەترەلەتواناكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەڵام زیاترنیە لەوبەرپرسیاریەتیەی كەگۆنگرەی شەشەم خستویەتیە ئەستۆمان وەئێمەش ( سەركردایەتی ) ئارەزوومەندانەچوینەتە ژێرباری وبەلێنی جێبەجێ كردنیمان داوە .
بۆیە لەچۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕوانگەی ئاراستەی ئایندەی گەورە بۆهەرێم بووە نەك ئایندەیەكی نادیار و ئێستایەكی ناجێگیر، چونكە بەغدایەكی نیمچە هەڵوەشاوە چارەنوس نادیارە و سپاردنی ئێستای هەرێم بەهەمووكەم و كوڕییەكانیەوە بەئایندەی سیاسی عێراق ئالۆزو نادیارە ، بەسیاسەتێكی هەڵە و بڕیارێكی كوشندەمان زانیوە ، وباشترین و سەلامەتترین بژاردە بۆئەم هەرێمی كوردستانە بریتیە لەجوڵانەوەی سیاسی لەچوارچێوەی هاوكێشەی سیاسیەی كوردستان وپاڵپشتی كردنی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەربەغدا واتە دەبێت یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەچوارچێوەی نشتیمانی ونەتەوەیی كوردستاندا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات نەك لەدەرەوەی ئەوچوارچێوە یە پێكهاتەكەی لەچ كەس و لایەك وئایدۆلۆجیا یەك پێك بێت .
پێنجەم/ شەڕی داعەش :
لەچەند ساڵی ڕابردوودا دەركەوتنی ئاگری فیتنەی داعش بوو لەسەر ناوچەكە بەگشتی و هەرێمەكەمان بەتایبەتی , كاریگەری ڕووبەڕووبوونەوەی داعش نەك تەنها لەسەرچالاكی و جموجۆڵی یەكگرتووی ئیسلامی بەڵكو لەسەرسیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وعێراق هەبووە , تەنانەت دامودەزگاكانی حكومەتی لەهەندێك ناوچە بەتەواوەتی پەك خست ( موصل , صلاح الدین , دیالە , رومادی ناوچەكانی شەنگال ودەوروبەری موصل وكركوك وجەلەولا ) .
ئێمەش لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كاروچالاكی دام ودەزگاكانمان لەماوەی ڕابردوو لەڕووی فكری و سیاسی وڕاگەیاندنەوە لەوچوارچێوەیە دا فۆڕمەلەبووە . یەكگرتووی ئیسلامی بووە بەشێك لەڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەقەبارەو قورسایی خۆی , ئەمەش سودێكی زۆری هەبوولەجێگیر كردن و قوڵكردنەوە و بلاوەپێكردنی تێگەیشتنە میانەڕەویەكانی یەكگرتووئیسلامی كوردستان لەسەرئاستی هەرێم وكردنی بەبەشێك لەكلتوری كوردی ، تەنانەت بووە مایەی كرانەوەی سیاسی باشترو زیاتری هەندێك لە وڵاتانی ئەورووپی وناوچەیی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی بردەئاستێكی باشتری سیاسی لەناو نەخشە سیاسیەكەی هەرێمدا .
شەڕی داعش لەهەرێم و عێراق وناوچەكەدا هەموانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە, سیاسەت و ئەولەویەتی كاركردنی بەزۆربەی هێزو لایەن ودەوڵەتان گۆڕی و بەخۆیەوە مەشغولی كردن ئاسۆ, ئایندە و چارەنوسیانی تەمو مژاوی كرد, هەرهێزو لایەن و دوڵەتێك لەپێناو ئایندەو چارەنوسی خۆیدا گوتارو پلان و كارنامەی نوێی داڕشت , واتە بارودۆخە فەراهەم هاتووەكەی شەڕی داعش هەمووانی ناچاركرد بەپلان وكارنامەیەكی جیا لەنەخشە بۆكێشراوەكەی پێشترمامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكان , نەبادا تەوژم و ئاراستەی ڕووداوو گۆڕانكاریە كان سەریان بخوات یاخود گۆشەگیرو پەراوێزیان بخات، ئیدی سروشتیە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش نەتوانێت بەپێی پلان و كارنامە نەخشە بۆكێشراوەكان بجولێتەوەو لەپێناو خۆپارێزی لەهەرئەگەرێكی پێكدادان و گۆشەگیری و پەراوێزخستن هەندێك لەگرنگی پێدانەكانی گۆڕابێت لەناوخۆوە بۆدەرەوە، چونكە ئێمە مامەڵە لەگەڵ واقعدا دەكەین نەك خەیاڵ و بیرۆكەو بۆچونی سەركاغەز , ناكرێ یەكگرتوویەك خاوەنی ستراتتجیەتی ( پەرەپێدانی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان بێت بۆبەدەوڵەت بوون ) نەتوانێت مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ واقعە تازەكەدابكات وهەنگاوە ستراتیجیە كانی بەرەوەپێش بەرێت بۆهیچ پاساوێك ، هەروەك ناكرێ یەكگرتووی ئیسلامی وەك پێشەنگی میانەڕەوەی لەكوردستان وخاوەنی پرۆژە وستراتیجی هەماهەنگی ئیسلامی دەسەوەستان بێت لەبەردەم مەترسیە كانی سەربیرو بزافی میانەڕەوەی لەهەرێمی كوردستان دا , كەخۆی لەداعش و توندڕەوەی ئاینی دەبینێتەوە .
داعش دەركەوتەیەكی سیاسی و سەربازی و فكری و كۆمەلایەتی نوێی حساب بۆنەكراو بوولەسەرگۆڕەپانی سیاسی عێراق وهەرێمی كوردستان، بۆیە هەندێك شڵەژان ودڵە ڕاوكێ وشپرزەیی لەگەڵ خۆیدا هێنا وهەموانی بەخۆیەوە سەرقاڵكرد، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش وەك كارەكتەرێكی سیاسی سەرگۆڕەپانی عێراق و هەرێمی كوردستان سەرنج و گرنگی پێدانەكانی بەئاراستەیی ئەم دەركەوتە تازەیەدا رۆیشت وەك ( تحدا) یەكی نوێی حساب بۆنەكراو رووبەڕووی بویەوە , بەشێكی زۆری لەتواناو ووزەو سەرمایەكانی لەم پێناوەداخەرج كرد.
ئێمەش لەم سۆنگەوتێڕوانینەوە پلان وڕێنمایی و وئاراستە و ئەولەویەتمان رێكخستەوەهەتا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ببێتەبەشێك لەپرۆسەوبەرەی ڕووبەڕووبونەوەی ئیڕهاب ودەستەبەركردنی سەقامگیری وئاشتی كۆمەڵایەتی ، ئەمەش دەبێتە مایەی هەنگاو هاویشتنی ستراتیژیانەی یەكگرتووی ئیسلامی بەرەوپێشەوە .
جێی خۆیەتی لێرەدا سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان بكەین كەلەم شەڕە داسەپاوەدا بەهانامانەوە هاتن و پاڵپشتی گەلەكەمان بوون .
شەشەم / ویلایەتی سەرۆكی هەرێم و پرسی سازان:
كێشەیەكی دیكە كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرت لە ساڵی (2015)دا بریتی بوو لە تەواو بوونی ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم و نەبونی هیچ پاڵپشتێكی یاسایی بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە ، ئەم پرسە لە دیدی ئێمەوە تەنها پرسێكی یاسایی نەبوو بەڵكو ڕەهەندێكی سیاسیشی هەبوو ، بۆیە پێمان وابوو دەبێت بۆئەوەی چارەسەرە یاساییەكە سەركەوتوو بێت و هەموو لایەك پێی ڕازی بن ، دەخوازێت پێشوەخت ڕێككەوتنێكی سیاسی لەسەر بكرێت ، چونكە گرفتی یاسایی هەر پرس و مەسەلەیەك بە یاسایەكی دیكە لە پەرلەماندا چارەی بۆ دەدۆزرێتەوە ، بەڵام دەبێت سەرجەم كوتلە و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كە نوێنەرایەتی ئەو هێز و نەتەوە و ئایین و ئاینزایانە دەكات كە نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە ڕازی بكرێن و لەسەری ڕێكك بكەون ، بۆئەوەی لە یاسا نوێیەكەدا چارەسەری نایاسایی بوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بكات، ئەمەیش پێویستی بە گفتوگۆ و سازانی نێوان لایەنەكان هەیە پێش گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان ، ئەگەر مەرتسیەكانی داعش و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا یەكدەنگی و یەكڕیزی و یەك ئاراستەیی هەموو هێزەكانی هەرێمی دروست كردبێت و بەهێزی كردبێت ئەوا ئەم پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمە ناكۆك و پەرت و بڵاو و لاوازمان دەكات و كەلێن و دەرفەت دەدات بە دوژمنانی گەلەكەمان كەڵكی خراپی لێوەربگرن و ئایندەی سیاسی گەلەكەمان بە ئاقارێكی نەخوازراو و نادیاردا بەرن , كە ئەمە نەك هەر ئایندەی سیاسی میللەتەكەمان بەلكو و هەموو حزبەكان بەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیشەوە دەخاتە مەترسیەوە بەشێوازی جۆراوجۆر ، بۆیە ئێمە لە قیادەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پرۆژەی (سازان)مان تەبەنی كرد، چونكە سیاسەتی كۆبونەوە لە دابڕان باشترە و تێگەیشتنی هاوبەش لە كۆبونەوەدا دەبێت و پاراستنی ئارامی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە تێگەیشتنی هاوبەشەوە دروست دەبێت .
لێرەوە و لە ڕوانگەی سیاقی مێژوویی و سیاسی و سروشت و پێكهاتەی نەخشەی سیاسی هەرێم , پێشبینیمان دەكرد ئەم عاقیبەتەسیاسیەی دەبێت كە ئێستا هەرێمەكەی تێكەوتووە. بۆیە زۆر داكۆكیمان لەسەر (سازان) دەكرد و ڕێ و شوێنە یاساییەكانمان پێش گەیشتن بە سازان پێ هەڵەبوو , ئەگەر هەندێك هەڵەی كردەیی و لێكدانەوە و كاردانەوەی نامەركەزی نەبوایە , ئەوا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان زوتر و زیاتر دەیتوانی سنورێك بۆ كاردانەوە و لێكەوتەكانی پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم دابنێت ، هەرچۆنێك بێت لەگەڵ ئەو لێكدانەوە نابەجێ و هەڵمەتە بێویژدانانەی كرایە سەرمان بەڵام سەرەنجام دروستی لێكدانەوە و شرۆڤە و پێش بینیەكانی عەقڵی سیاسی قیادەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ هەموان دەركەوت لە 12ی ئۆكتۆبەر بەشێوەیەكی دور لەیاسا لە هەولێرەوە بریاری رێگرتن لە هاتنی سەرۆكی پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەكانی گۆران كارێكی چاوەروان نەكراو ونایاسایی بوو كە ئێمە لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دژی ئەو بارو دۆخەین كە بووە هۆی پكخستنی پەرلەمان و حكومەت ئەمەش كاریگەری لەسەر سومعەی هەرێم بەسەلبی دروست كردووە كە بەداخەوە ئەو دۆخە خراپە هەتا ئێستا درێژەی هەیە و دابڕانەكانی قوڵتر كردۆتەوە و نیگەرانیەكانی جەماوەری زیاتر كردوە .
حەوتەم/ كاری هاوبەشی ئیسلامی:
كاری هاوبەشی ئیسلامی جگەلەوەی بیرۆكە و هەنگاوەكانی لە نەوەدەكانەوە دەستی پێكردووە , بەڵام لە كۆنگرەی شەشەمدا وەك ستراتیژ جێگیركرا و , هەر دوابەدوای كۆنگرە و ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكان یەكەم دۆسیە كە بەهەند وەرگیرا ، كاری هاوبەشی ئیسلامی بوو .
ئەم ئەرك و هەنگاوە گرنگە لەم خولەدا كاری زۆرمان لەسەر كردووە چ وەك سەركردایەتی هەردولا (یەكگرتوو- كۆمەڵ) چ وەك دڵسۆزانی دەرەوەو ڕێكخستنەكانی هەردولا و سەرەنجام توانیمان پێكەوە لیستی (خزمەت) دروستبكەین و وەك هەنگاوی یەكەم و قۆناغی یەكەمی بە عەمەلی كردنی بەرنامە و خۆزگە و هیواكان , كە هەڵوێستی دروستی لیستی خزمەت ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی سنوری پاۆێزگای سلێمانی لە لێواری داڕمان و تەقینەوە دەرباز كرد .
لیستی خزمەت وەك هەنگاوێكی عملی سەرەتاییە لەهەمان كاتدا ئەزمونێكی پێكەوە كاركردنە لە مەیدانێكی شەراكەتی حكومڕانی و سیاسەتكردندا و دەبێت بیكەینە فاكتەری هەنگاوی دووەم و سێیەم و خۆمان ئامادەكەین بۆ پرۆژەی نوێ و كاری گەورە و فۆڕمێك كە وەڵامی جەماوەر و هاونیشتیمانی كوردستانی بداتەوە و ئێمەش بتوانین ئەركێكی ئیسلامی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان وەك پێویست ئەنجام دابێت و جێگای ڕەزامەندی خوای گەورە و خەڵكەكەمان بێت .
هەشتەم / پرسی كورد و گەشەدان بە دەسكەوتەكانی هەرێم :
ئەو گۆڕانكاریە گەورانەی ناوچەكە و جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت هەڵگری كۆمەڵێك تەحەددای نوێن كە دەكرێت ببنە دەرفەتی تازە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی دۆزی گەلەكەمان لەهەر چوار پارچەی كوردستان و ئەگەر و گریمانەكانی گەشەدان بە دەسكەوتەكان و ئاسۆكانی چارەسەری دۆزی گەلەكەمانی فراوانتر كرد , كە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەیە :
أ. پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە باكور :
ئەم پرۆژەی كرانەوەی دیموكراسیەی كە ئەكەپە هەرلەسەرەتاوە بانگەشەی بۆ دەكرد , كەش و هەوا و زەمینەی گۆڕینی هەلومەرجی ناوخۆی توركیا زۆرتر كرد, چونكە ئەم پرۆژەیەی كرانەوەی دیموكراسیە سروشت و پێكهاتە و پەیكەری دەسەڵات و دەوڵەتی لە توركیا دەگوڕێ لە دەوڵتێكی پۆلیسی بۆ دەوڵەتێكی مەدەنی و لەدەوڵەتێكی قەومیەوە بۆ دەوڵەتێكی دیموكراسی, و دەرفەتێكی ناوازە بۆ كورد دەرەخسێنێت بەمەرجێ كوردی باكور بتوانێت سودی لێ ببینێت , ئێمەش وەك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەم نێوەندەدا ڕۆڵێكی ئیجابی باشمان گێڕا لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەكە لە خزمەت دۆزی گەلەكەمان لە باكور. بەڵام مەخابن لایەنەكانی مەسەلەكە نەفەسیان كورت بوو, نەیانتوانی پابەندبن بەو ئەرك و داوایانەی كە قۆناغی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لەباكورد دەیخواست.
بۆیە داوا دەكەین لە لایەنە پەیوەندیدارەكان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانە هەڵگرن .
ب. كوردانی ڕۆژئاوا :
بەهۆی ئەو بارودۆخەی ناوخۆیی و دەرەكیەی سوریا پێیدا تێ دەپەڕێت , دەرفەتی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ گەلی كوردمان لە ڕۆژئاوا زیاتر كرد و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش بۆ لەدەست نەچوونی دەرفەتەكە لەگەلی كوردانی ڕۆژئاوا و هەتاكو كورد وەك بەشێك لە تابۆلی سیاسی دەسەڵاتی سوریا وێنا نەكرێت كۆششێكی باشمان كرد لە نێوان برا كوردەكانی ڕۆژئاوا و هێزەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی سوری و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و لەم پێناوەشدا ووزە و توانا و كاتێكی زۆرمان خەرج كرد , و بەردەوام دەبین و داواكارین لەلایەنە سیاسیەكانی كوردانی ڕۆژئاوا , پابەند بن بە هەردوو ڕێكەوكتننامەی هەولێری یەك و هەولێری دوو , و دهۆك لە پێناو پاراستنی یەكدەنگی و یەكڕیزیان .. كە پێمان وایە تاكە زەمانەتی سەركەوتن یەك خیتابی و یەكهەڵوێستی تەواوی لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژئاوایە بە تایبەتی ئێستا دەوڵەتانی وەك ئەمریكا و روسیا پێكەوە و بەجیا خۆیان لەو هێزانە نزیك دەكەنەوە كە بەجددی شەڕی تیرۆر دەكەن .
نۆیەم / بەشداری كۆنگرەی نەتەوەیی :
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هەوڵێكی دیكەی بۆ بە ئاكام گەیاندنی خەباتی نەتەوایەتیمان لەهەرچوار پارچەكەی كوردستان لە ڕێی داڕشتنی گوتارێكی سیاسی و نەتەوەیی هاوبەش و پاڵپشتی كردنی یەكتر و ڕێكخستنی سەرجەم هێز و پێكهاتەكانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان , بوە ئەندام لە لیژنەی ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی , هەتاكو بەسەرجەم لایەنەكانەوە بەپێی ئەو بارودۆخ و ڕوداوانەی ناوچەكەی پیا گوزەر دەكات , ڕێگاچارەیەكی دیموكراتی مەدەنی بدۆزینەوە و لەسۆنگەی ئەم ڕێگاچارە دیموكراتیەوە ستراتیژێكی نوێی نەتەوەیی هاوبەش دابڕێژین كە ئەرك و ئامانج و گوتارێكی سەردەمیانە بۆ هەموو هێز و پێكهاتەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد لە هەرچوار پارچە دیاری بكات و ئەزمونی هەرێمی كوردستانی باشور بكرێتە چەقی گەشەپێدانی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانج و خەونی سەربەخۆییمان .
وەك بەشێك لە ستراتیژ و پرنسیپەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداریمان كردووە لە هەر كۆڕ كۆبونەوە و كۆنگرەیەك كە هەنگاو و هەوڵدان بوبێت بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی نەتەوەیی گەلی كوردستان لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا .
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەردەوام ئەندامێكی ئامادەبوو و چالاك بووە لە كۆنگرەكانی ئەوروپا كە ساڵانە دەبەسترێت و لەدوا هەوڵی كۆنگرەی نەتەوەییش لە هەولێر وەك لایەنێكی جددی و چالاك بەشداری كرد لە لیژنەی سەرەكی حیزبەكاندا بە نوێنەرایەتی خۆی و كۆمەڵی ئیسلامی ئەركەكانی ڕاپەڕاند و لە چەند كۆمسیۆنی گرنگیشدا بووبە ئەندام و خەمخۆرانە ئەركەكانیان بە ئەنجام گەیاند .
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێی وایە هەر هەوڵێك كە بە دانوستان و حیوار و لۆژیك دەست پێ بكات و بە كۆنگرە و یەكدەنگی كورد تەواو بێت , ڕێبازێكی ئاشتیانەیە و هەنگاوی دروستە بۆ گەیشتن و دەستخستنی مافە نەتەوەییەكانمان و هەردەستكەوت و سەركەوتنێكیش بەم ڕێگایە دەست بكەوێت مەحكەم و ڕیشەدارە و دەبێتە هۆكار و هەوێنی پێكەوەژیانی ئێمە و گەلانی ناوچەكە و دوور دەبێت لە بەڵاو دڵەڕاوكێی هەمیشەیی و بەردەوام.
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە یەكگرتووەكەتان وەك ڕابردوو لە سەنگەری داكۆكیكردن لە مافەكانتان و هەڵگری خەمەكانتاندا دەبێت , و دەستباری هەموو دڵسۆزان و هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نە خوازراوە , و ئەندامانی كۆنگرە و سەركردایەتی داهاتووی یەكگرتوو لە ئاست چاوەڕوانی هاونیشتیمانیانی كوردستان و پێداویستیەكانی ئەم قۆناغەدا دەبێت و حسابێكی ورد و دوربینانە بۆ هاوكێشە سیاسی و ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان دەكات و زەمینە سازی هێنانەدی خواستە نەتەوەییەكانمانە، هەروەها لەم میانەیەدا جەخت دەكەینەوە لە :
1. دەستبەكاربوونەوەی لیژنەی دەستور و تەواوكردنی ئەركەكانی بەمەبەستی بەدەستوری كردنی ژیانی سیاسی هەرێم .
2. دانانی ستراتیژی نەتەوەیی هاوبەش بەرامبەر پارچەكانی دیكەی كوردستان .
3. زەمینە سازی بۆ ئەنجامدانی (ریفراندۆم) بە ڕێكخستنەوەی ناوماڵی هەرێم و كاراكردنەوەی دام و دەزگا شەرعیەكانی بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی باشوری كوردستان .
4. چەسپاندنی شەفافیەت و بەكار هێنانی داهاتی گشتی بەشێوەیەك دادپەروەری كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتیمانیانی كوردستان دابین بكات .
5. ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی و ڕاستەقینە لەسەرجەم كایەكانی حوكمڕانی و بواری سیاسی و ئابوری تا دەستكەوتەكانمان لە فەوتان قوتار بكات .
6. پاراستنی هاوسەنگی نێوان دەڤەرەكان و هاوكێشەكان و پێكهاتەكان .
* سەبارەت بە كارو چالاكیەكان :
بەڕێزان... لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا سوپاس بۆ خوای گەورە سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكگرتوو لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و دەستەی باڵای بەدواداچوون و ئەنجومەنی راوێژكاری و دەستەی سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی سەركردایەتی دەڤەرەكان و سەرجەم مەكتەب و دەزگاو ناوەند و مەڵبەند و لق و ناوچە و رێكخراو و سەنتەرەكان و سەرجەم برایان و خوشكانمان لە هەموو چین و توێژەكان , كارو چالاكی و ئەركەكانیان بە شێوەیەكی بەرچاو و سەركەوتوانە بە گوێرەی پلان و كارنامەیان بەپێی توانا و بۆ لوان جێ بە جێ كردووە، زۆر سوپاسی یەكە یەكەیان دەكەین و دەستخۆشیان لێ دەكەین و داواكارین خوای گەورە قبوڵی كردبێت لەهەموو لایەكمان ..
هەروەها زۆر سوپاسی فراكسیۆنەكانمان لە پەرلەمانی كوردستانو پەرلەمانی عێراقو وەزیرەكانمان لە حكومەتی هەرێمو لە بەغداو، هەروەها فراكسیۆنەكانمان لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركوك) دەكەینو دەستخۆشیان لێ دەكەینو ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین كە توانیویانە بە شێوەیەكی سەركەوتووانە هەر یەكە لە بواری خۆیدا چاكسازی بەرچاو ئەنجام بدەنو ڕووبەڕووی كەموكورتیەكانو گەندەڵیەكان ببنەوە.
بەڕێزان دیارە لێرەدا بوار نیە كە ئاماژە بدەین بەو كارو چالاكیانەی كە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراون بەڵام بە كورتی و پوختی لەم راپۆرتەدا كۆكراونەتەوەو لە بەردەستدایە ..
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین كە هیچ پلان و كار و چالاكیەك بێ كەم و كورتی نابێت ، هەر لەو ڕوانگەیەوە گرنگی تایبەتمان داوە بە بەستنی كۆڕ و كۆبونەوە و كۆنفرانس و كۆنگرەكان بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كەموكورتیانە و دۆزینەوەی رێگا چارە بۆیان .
ئومێدەوارین لە چوار ساڵی داهاتووماندا بەپێی ئەو پەیڕەو پرۆگرام و ستراتیجەی كە كۆنگرە پەسەندی دەكات زیاتر و باشتر هەنگاو بنێین و یەكگرتوو بكەینە ژمارەیەكی زیاتر حساب بۆكراو و كاریگەرتر لەناو ژمارە گەورەكاندا .
لەكۆتاییدا..
جارێكی دیكە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم خوشك و برایان لە هەموو ئاستو ئۆرگانەكاندا دەكەین كەلە ماوەی چوارساڵی رابردوودا ماندوونەناسانە بەیەكەوە كارمان كردووە و ئومێدەوارین لە چوار ساڵی ئایندەشدا بەیەكەوە و شانبەشانی یەكتر كاری جددی بكەین بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری یەكگرتووەكەمان لە پێناو خزمەتكردنی زۆرتری ئایین و گەل و نیشتمانەكەمان.
هەرشاد و سەركەوتوو بن
و السلام علیكم ورحمە الله وبركاتە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ