رووداو – هەولێر
نێچیرڤان بارزانی ، لە ڤیدیۆیەكی ساڵی 1991دا كە دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتووە، دەڵێت " هیوادارم بتوانین نیشانی دنیا بدەین كە ئێمە میللەتێكین دەتوانین خۆمان بەڕێوەببەین و چارەنووسمان دیاری بكەین . ئێمە میللەتێكین ملكەچایەتی یاسا دەكەین و نامانەوێت یاسا بشكێندرێت ". نێچیرڤان بارزانی لەو وتارەدا بەگشتی پێداگیری لەسەر یەكڕیزی، یاساپارێزی ، ئاوەدانكردنەوە و خوێندن دەكات .
ڤیدیۆی ئەو وتارەی نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان كە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 16ی ئابی 1991 لە دهۆك پێشكێشكردووە ، لەلایەن (نێروان نووری بامەڕنی) لەوكاتدا وێنەگیراوە و پێشكێشی تۆڕی میدیایی رووداو كراوە .
لەو كەرناڤالە جەماوەریەی پارێزگای دهۆكدا ، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت " دەمانەوێ دەستبدەینە دەستی یەكتر بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات "، هەر لەوبارەوە دەڵێ " جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە سەر گوندەكانمان ، تەحەدای هەركەسێكیش دەكەین بیەوێت گوندەكانمان وێرانبكاتەوە " .
لەبەردەم خەڵكی پارێزگای دهۆكدا و لەپێناو سەلماندنی سەقامگیریخوازی و یاساخوازی گەلی كوستاندا دەڵێت " دەمانەوێت بتوانین بە هاوكاری ئێوە بتوانین پیشانی دنیا بدەین كە ئێمە میللەتێكین دەتوانین چارەنووسی خۆمان دیاریبكەین ، ئێمە میللەتێكین دەتوانین خۆمان بەڕێوەببەین . ئێمە میللەتێكین ملكەچایەتی یاسا دەكەین ، ئێمە میللەتێكین نامانەوێت یاسا بشكێندرێت " .
لەو كەرناڤالەدا كە تێیدا لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان ( ناوی هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بە درێژایی شۆڕشی گوڵان) ، نمایشێكی هێزەكانی ئەنجامدا ، نێچیرڤان بارزانی باسی لە خوێندن كرد و گوتی " هیوادارم بتوانین وابكەینەوە منداڵەكانمان بچنەوە قوتابخانە و لە داهاتوویەكی نزیكدا خۆمان بە زانست و پێشكەوتن چەكدار بكەین ".
لەو گردبوونەوە جەماوەرییەدا كە خەڵكی پارێزگای دهۆك هێشتا رووحی سەرهەڵدان لەناخیدا گەرمە و ، ناخۆشییەكانی كۆڕەویشی لەبیرە ، نێچیرڤان بارزانی، کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-5-2019) پەرلەمانی کوردستان وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵیبژارد ، دەڵێت " باشترین گرەنتی بۆ سەركەوتنی ئێمە یەكێتی و برایەتی و رێككەوتنە " .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ