گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای دهۆک بە بۆنەی تێپەڕبوونی 56 ساڵ بەسەر ناساندنی وەک پارێزگای سەربەخۆ، 11ـەمین کەرنەڤاڵی ساڵانەی خۆی لەژێر دروشمی (جوانی و خزمەت) لە پارکی نەورۆزی  شاری دهۆک بەڕێوەبرد.
 
ئەم یادە لای دهۆکییەکان نیشانەی گرنگیی مێژوویی و کولتووریی دهۆکە لە نەخشەی هەرێمی کوردستاندا.
 
کەرنەڤاڵەکە بە نمایشێکی هونەریی سەرنجڕاکێش لەلایەن گرووپێکی کچانی بەهرەمەندەوە دەستیپێکرد. 
 
تابلۆ هونەرییەکە گوزارشتێکی زیندوو بوو لە رۆحی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، فرەکولتووری و لێبووردەیی کە سیمای دیاری شاری دهۆکە و چۆن ئەم شارە بووەتە چەترێک بۆ هەموو پێکهاتەکان.
 
کەرنەڤاڵەکە بووە گۆڕەپانی شایی و هەڵپەڕکێ و گۆرانی و مۆسیقای رەسەنی کوردی، کە جۆش و خرۆشێکی زۆری بە ئامادەبووان بەخشی. 
لە بەشێکی سەرەکی و گرنگی کەرنەڤاڵەکەدا، خەڵاتی رێزلێنان بەسەر ژمارەیەک لە کەسایەتییە باشترین و داهێنەرەکانی بوارەکانی وەرزش، ئایینی، تەندروستی، داهێنان و پەروەردەدا دابەشکرا. خەڵاتەکان لەلایەن دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە پێشکێش کران.
 
دهۆک لەنێو دڵی خەڵکی کوردستان و گەشتیاراندا بە "دهۆکا رەنگین" ناسراوە. ئەم ناسناوە تەنیا ئاماژە نییە بۆ سروشتە دڵگیرەکەی، بەڵکو رەنگدانەوەی توانای شارەکەیە لە لەخۆگرتنی هەموو جیاوازی و رەنگەکان، وەک چۆن تابلۆیەکی هونەریی فرەڕەنگ.