رووداو - هەولێر
ئێستا تاکە دەسەڵاتداری بەرگری لە دانیشتووانی ناوچەکانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە کوردییەکانن، کە لە دوای رووداوەکانی موسڵ و ناوچە سونییەکانی عێراق پێشڕەویان کرد و لەو ناوچانەدا جێگیربوون. هاوکات لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەگەڵ ئەو واقیعەدا پلانیان هەیە بۆ ئەو ناوچانە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش وێڕای گەڕانەوە بۆ دەستوور، رایدەگەیێنێت، ناوچە دابرێنراوەکان کوردستانین و خاکی کەس داگیرنەکراوە، بۆیە دەیانەوێت ئەو واقیعەی ئێستا لەو ناوچانەدا هەیە، بکرێتە کارتی گوشاری کورد لە گفتوگۆ سیاسییەکان لە داهاتوودا.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەوەش وەک راپرسییەک سەیرکرا بۆ رێژەی نەتەوەکان لەو ناوچانەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێک بوو لەو لایەنە کوردییانەی لەو ناوچانە بە تایبەت لە کەرکووک دەنگێکی زۆری بەدەستهێنا، بۆیە ئەوان وێڕای گەڕانەوە بۆ دەستوور، پلان و بەرنامەی خۆیان هەیە بۆ ئەو ناوچانە.
بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەکی 22 خاڵی تایبەت بە ناوچە دابرێنراوەکان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردووە و بە مافی کوردیشی دەزانن بە گەڕانەوە بۆ بەڵگە مێژووییەکان، سنووری جوگرافی خۆی دیاری بکات .
کورد بەوە گەیشتووە، یەکدەنگی تاکە چەکی سەرکەوتنیانە، بۆیە ئێستا لە پرسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، بڕیاری هاوبەش دەدرێت، بە تایبەت کە ئێستا جگە لە پەرلەمانی کوردستان، دەستەیەکی نیشتیمانی هەیە لە پارت و لایەنە سیاسییەکان بۆ بڕیاردان لە پرسە سیاسی و نەتەوەییەکان لە باشووری کوردستان.




