زەكات دەدرێتە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە شێرپەنجە

28-06-2016
دیمەن بورهان
نیشانەکردن زەكات شێرپەنجە
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت لە مانگی رەمەزاندا خەڵكێكی زۆر زەكاتی بۆ نەخۆشخانەكەیان هێناوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی دیكەش دەڵێت ساڵانە پێویستیان بە 80 ملیۆن دۆلارە بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە.

دكتۆر دۆستی نەجات، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بە (رووداو)ی گوت قەیرانی دارایی  و نەبوونی پارە كاریگەری زۆری كردووەتە  سەر چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە.

دكتۆر دۆستی مانگی رەمەزان بە دەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی خەڵك زۆرتر دەستی هاوكاری بۆ تووشبووانی شێرپەنجە درێژ بكات و دەڵێت "داوای هاوكاری ماددی لە سەرجەم چین و توێژەكان دەكەم، تەنانەت بە پێدانی زەكاتیش بێت، لیژنەی فەتواش فتوای داوە كە پێدانی زەكات بە تووشبووانی شێرپەنجە دروستە و كارێكی دینی و مرۆڤانەیە".

نەخۆشخانەی هیوا تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە ساڵی 2007 كراوەتەوە و تاوەكو ئێستا 10 هەزار كەس وەكو تووشبووی شێرنجە ناویان لە نەخۆشخانەكە تۆماركراوە. دكتۆر دۆستی دەڵێت "ساڵانە پێویستمان بە 80 ملیۆن دۆلارە بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە".

سەبارەت بە هاوكارییەكانی خەڵكیش بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت "بەخۆشحاڵییەوە خەڵكانێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هاوكاریان كردووین".

هەروەها دكتۆر سامی ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی بۆ نەخۆشییەكانی خوێن و شێرپەنجە  لە هەولێر هاوكاریكردنی تووشبوانی شێرپەنجە بە پێویست دەزانێ  و دەڵێت "هەوڵەكانمان بۆ هاوكاری تووشبووان بە شێرپەنجە، كاری رۆژانەمانە، بیرۆكەمان هەبووە بۆ دانانی سندووقی كۆمەك، بەڵام پێویستی بە رێكاری یاسایی هەیە، بۆیە دانانی ئەو سندوقە دواكەوتووە".

سەبارەت بە هاوكاریكردنی هاونیشتمانیان، دكتۆر سامی گوتی "خەڵكانێكی زۆر بەتایبەت لەم مانگەدا دێن زەكات دەهێنن، چونكە بڕوایان بە نەخۆشخانەكە هەیە، چەندین رێكخراویش هاوكارییان بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە هێناوە". گوتیشی "هاوكارییەكان بۆ تووشبووان زیاتر لەرێگەی كۆمەڵەی ئارام كە ژمارە حیسابیان لە بانك هەیە وەردەگیرێن. چەند خێرخوازێكیش پێداویستییەكانی نەخۆشخانە دابین دەكەن. خێرخوازێكی شاری هەولێریش باڵەخانەیەكی بۆ دروستكردووین، لە چەند مانگی داهاتوودا نەخۆشخانەكە دەگوازینەوە بۆ ئەوێ".

مەلایەكی شاری هەولێر بە پێویستی دەزانێت خەڵك زەكات و سەرفترە بدەنە نەخۆشخانەكان. مەلا مەغدید كەریم، گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی بەكر زێڕنگر لە شاری هەولێر دەڵێت "كارێكی زۆر جوان و مرۆڤانەیە، خوای گەورە بۆ خۆی دەفەرمویت هاوكاری یەكدە بكەین، بۆیە داوادەكەم هاوكاری هەموو نەخۆشێك و نەخۆشخانەیەك بكرێت، بەتایبەت نەخۆشخانەكانی تایبەت بە تووشبوانی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەكان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە