سەنتەرێکی چارەسەری شێرپەنجە لە سلێمانی بڕوانامەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەدەستهێنا

27-12-2023
هۆرڤان رەفعەت
سەنتەری ژیانەوە دوو ئامێری تیشکی دەرەکی بۆ چارەسەری شێرپەنجە هەیە
سەنتەری ژیانەوە دوو ئامێری تیشکی دەرەکی بۆ چارەسەری شێرپەنجە هەیە
نیشانەکردن شێرپەنجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەنتەری ژیانەوەی سلێمانی کە تێیدا لەڕێی بەکارهێنانی تیشکەوە چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت، دوای پشکنینی کار و ئامێرەکانیان لەلایەن دامەزراوەیەکی گرنگی جیهانییەوە، بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتییان وەرگرت.
 
بڕوانامەکە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جیهانی (IAEA) لە ڤیەننای پایتەختی نەمساوە دراوەتە ئەم سەنتەرە، کە سەر بە تەندروستیی سلێمانییە.
 
لەسەر بڕوانامەکە نووسراوە؛ ئاستی بەکارهێنانی ئامێرەکانی تیشک و بەکارهێنانی ماددەی ئەتۆم لە ئامێرەکانی تیشک بۆ چارەسەری توشبووەکانی شێرپەنجە، زۆر ئەکادیمی، تەندروست و ستانداردە و وەکو هەموو سەنتەرەکانی تیشک لە جیهان کاردەکەن.
 
د. بەمۆ بەرزنجی، بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک بە رووداوی گوت "بەهۆی ئەم بڕوانامەیەوە دڵنیاییەکی تەواومان دەبێت، لەوەی ئەو تیشکەی بەکاریدەهێنین بۆ هەر نەخۆشێک، رێژەکەی دروستە و تەواوە و هەمان ئەو بڕەیە، کە من دەمەوێت و دەیدات لە هەمان ئەو جێگایەی ئێمە دەمانەوێت؛ ئەمە ئەو گرنگییەی هەیە، کە ئێمە، هەمیشە باسی دەکەین و دەڵێین 'ئەگەر خوانەکا هەر هەڵەیەک هەبێت لە بەکارهێنانی تیشکەکە، نەخۆشەکە ئێستا هەستی پێناکات، بەڵکو ساڵانی داهاتوو ماکەکانی ئەو هەڵەبەکارهێنانە، نەخۆشەکە دەکوژێت' بۆیە ئێستا خۆشحاڵین کە ئەو بڕوانامەیە پێمان دەڵێت بەکارهێنانەکانتان دروستن."
 
سەنتەرەکە دوو ئامێری تیشکی دەرەکی بۆ چارەسەری شێرپەنجە هەیە، هەردوو ئامێرەکەی لەلایەن تیمێکی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە تاقیکراونەتەوە و وەڵامی پەسەند و زۆرباشەیان وەرگرتووە.
 
هونەر عومەر، بەڕێوەبەری بەشی فیزیا لە سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک بە رووداوی گوت "ئەم ئامێرە ناوی لیناتە، لینات ئەکسیلەیت کە تیشکی وزەبەرز بەرهەمدەهێنێت و بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە جگە لە شێرپەنجەی خوێن. ئەم ئامێرە تیشک لە گرێ شێرپەنجەییەکان دەدات و، DNA (ترشی ناوەکیی) خانە شێرپەنجەییەکان لەنێودەبات."
 
هەروەها باسی ئەوە دەکات "بڕوانامەیەی وەرمانگرتووە سەرئەنجامی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانمان بووە، کە پێمان دەڵێت ئەنجامەکانمان 'زۆر باشن' و لە هەزار نمرەدا ئێمە سێ بۆ پێنج هەڵەمان هەبووە، لەکاتێکدا بەپێی ستاندارد ئەگەر لە هەزاردا 50 هەڵەشت هەبێت هەر ئاساییە."
 
رۆژانە نزیکەی 100 کەس لەسەر ئەو دوو ئامێرە چارەسەری بە تیشکیان بۆ دەکرێت، مانگانەش 1850 نەخۆش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەچنە ئەم سەنتەرە لە تەمەنی یەک تاوەکو 90 ساڵ چارەسەریان بۆ دەکرێت.
 
ساڵی 2023 نزیکەی 20 هەزار و 500 نەخۆش سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە، لەکاتێکدا سەنتەرەکە بەهۆی کێشەی دارایی و نەبوونی بودجە لەکاتی لەکارکەوتنی و تێکچوونی ئامێرەکان، تووشی گرفتی گەورە دەبێت.

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە