رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم ئاکورت، کارسازێکی خەڵکی قەزای بازیدی ئاگری-یە، لە کێڵگەیەکدا کە لە گوندەکەی خۆی دایمەزراندووە، نزیکەی 200 نەعامە بەخێودەکات؛ سەرەتا پێی گوتراوە "تۆ شێت بوویت؟" بەڵام ئەو دەڵێت، هەموو شتێکی نەعامە پارەیە.
ئاکورت، کە دانیشتووی گوندی ئیلانییە، لە نزیک ناوەندی قەزای بازیدی، دوای وەرگرتنی مۆڵەت و رێکارە یاساییە پێویستەکان، لە ساڵی 2023دا و لە کێڵگەیەکدا کە لەسەر رووبەری 25 دۆنم دایمەزراندووە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی پارێزگاکە دەستی بە بەخێوکردنی نەعامە (وشترمرخ) کردووە.
ئێستا ئاکورت لە کێڵگەکەیدا نزیکەی 200 نەعامە (وشترمرخ) بەخێودەکات، هەرچەندە لە سەرەتادا رووبەڕووی رەخنە و بۆچوونی نەرێنیی زۆر بووەتەوە، بەڵام کۆڵی نەداوە و کێڵگەکەی دامەزراند. زۆرجار قسەی وەکو "شێت بوویت؟ لە بازید هەرگیز نەعامە (وشترمرخ) بەخێو دەکرێت؟"ی پێ گوتراوە.
چیرۆکی دەستپێکردنی پڕۆژەکەی ئاکورت، کە گوێی بە قسەی دەوروبەری نەدا و کێڵگەکەی دامەزراند، بە گەشتێکی بۆ ئێران دەستپێدەکات.
ئاکورت لە ئێران چەندین کێڵگەی پرۆفیشناڵی بەخێوکردنی نەعامە (وشترمرخ) دەبینێت، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ور بڕیار دەدات ئە وکارە لەسەر زەوییەکەی خۆی لە بازید ئەنجام بدات.
ئیبراهیم ئاکورت ئاماژە بەوە دەکات، بە نزیکەیی هەموو بەشێکی نەعامە بەنرخە و داهاتی هەیە. گۆشتەکەی، کە بە چارەسەر بۆ نەخۆشییەکانی وەکو شەکرە، زەخت و کۆلیسترۆڵ ناسراوە و تەنها 3%ی چەورییە، کیلۆی بە 1000 لیرە دەفرۆشرێت؛ هێلکەکەشی کە کێشەکەی دەگاتە دوو کیلۆگرام و بەرامبەر بە 25 هێلکەی مریشکە، بە 1250 لیرە دەفرۆشرێت.
"پەڕ و پێست و گۆشت و ئێسک و چەورییەکەی، هەمووی پارەیە"
هەر نەعامەیەک ساڵانە نزیکەی 80 - 100 هێلکە دەکات و نزیکەی 40 دانەیان دەترووکێن و دەبنە بێچوو.
ئاکورت لە لێدوانێکدا بۆ رووداو باس لەوە دەکات، هەر بێچوویەک بە 10 هەزار لیرە دەفرۆشێت، نیوەی بێچووەکان دەفرۆشێت و نیوەکەی تریشیان بۆ گۆشت بەخێو دەکات.
پێستی نەعامە بۆ دروستکردنی قایش و جانتا، پەڕەکانی لە کەرتی چنین و ئێسکەکانیشی لە پیشەسازیی دەرمانسازیدا بەکاردەهێندرێن.
ئاکورت دەڵێت، "پەڕ و پێست و گۆشت و ئێسک و چەورییەکەی، هەمووی پارەیە."
لە بازیدەوە بۆ هەموو تورکیا
ئیبراهیم ئاکورت کە بە سەرمایەی خۆی کێڵگەکەی دامەزراندووە، ئێستا لە سەرانسەری تورکیاوە، لە ئەدیرنەوە تاوەکو قەرس و لە ترابزۆنەوە تاوەکو مێرسین، داواکاریی کڕینی پێ دەگات.
ئاکورت ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو کەسانەی سەردانی ماڵپەڕەکەمان دەکەن، دەزانن کە ئێمە ئەم کارە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە دەکەین و متمانەمان پێ دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ