گالەری

رووداو دیجیتاڵ

رووباری باڵەکیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبارانی بارانبارین، رووبەڕووی مەترسیی وشکبوونی جیدی بووەتەوە.
 
ئەو دیاردەیە هەڕەشەیە بۆ ژینگەی ناوچەکە و کەرتی کشتوکاڵ و ژیانی باڵندەکان هەروەها کاریگەریی خراپی لەسەر ئابووریی ناوچەکە دەبێت.
 
دیمەنەکان دەریدەخەن، ئاستی ئاوی رووبارەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە زۆربەی بەشەکانیدا بووەتە جۆگەلەیەکی بچووک،  بەشێکی تری رووبارەکە ئاسەواری وشکبوونی بە تەواوی پێوە دیارە.
 
وشکبوونی رووبارەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی گیانلەبەرە ئاوییەکان و باڵندەکان هەبووە. چەندین جۆری باڵندە، وەکو قاز و مراوی کە رووبارەکە سەرچاوەی ئاو و خۆراکیان بوو، ئێستا لە ناوچەکە کەمبوونەتەوە و،  مەترسیی نەمان قڕبوونیان هەیە.
 
کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکەش زیانی گەورەی بەرکەوتووە. جووتیارانی دەڤەری باڵەکایەتی کە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان پشت بە ئاوی ئەو رووبارە دەبەستن، نیگەرانن لە داهاتووی بەرهەمەکانیان و داوای بەهاناوەچوونی بەپەلە دەکەن.
 
خەڵکی ناوچەکە هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی رووبارەکە دەگەڕێننەوە بۆ شەپۆلی گەرما، وشکەساڵی و کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین، کە بەشێکن لە کاریگەرییە فراوانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و جیهان.