گالەری

رووداو دیجیتاڵ

وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر لە 2500 دارمێوی لە گوندێکی خۆشناوەتی وشککردووە و جووتیاران دەڵێن، بەرهەمی ئەم ساڵیان نزیکەی سفرە.
 
گوندی سوسێی خۆشناوەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە سەردەمانێک بەهۆی بەپیتیی خاکەکەی و فرەجۆریی بەرهەمەکانییەوە بە "بەهەشتی میوە"ی ناوچەکە ناسرابوو، ئەم ساڵ رووبەڕووی کارەساتێکی ژینگەیی و کشتوکاڵی بووەتەوە. 
 
وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا و وشک بوونی 3 کارێزی ئاو ، زیاتر لە 2500 دارمێوی لەو گوندە وشککردووە و ئەو بەرهەمە کەمەی ماویشە، بەهۆی بێئاوییەوە کوالێتییەکەی دابەزیوە و بە کەڵکی فرۆشتن نایەت.
 
گوندی سوسێ، کە دەکەوێتە نێوان هەولێر و کۆیە، خاوەنی زیاتر لە 1200 دۆنم زەوی بەپیت و نزیکەی 350 رەز و باخی ئاوداری هەیە. ئەم گوندە بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 15 جۆرە میوە، وەکو ترێی رەش، سێو، هەنجیر، قەیسی و هەرمێ، ناوبانگی دەرکردبوو.
 
ساڵانە زیاتر لە 1000 تۆن میوە و 200 تۆن گەنمی تێدا بەرهەمدەهات و رەوانەی بازاڕەکانی کوردستان دەکرا. جووتیارێک دەڵێت: "ساڵان هەبووە تەنیا یەک بنە هەنار چوار بۆ پێنج سندووق بەرهەمی هەبووە."
 
بە گوتەی جووتیارانی ناوچەکە، بەرهەمی ئەم ساڵ "نزیکەی سفرە" و تەنانەت نەگەیشتووەتە نیو تۆنیش.
 
قەبارەی کارەساتەکە لە قسەی جووتیارەکاندا بەڕوونی دەردەکەوێت. زۆربەیان بۆ رزگارکردنی ئەو دارانەی هێشتا گیانیان تێدا ماوە، پەنایان بۆ رێگەی سەخت و پڕ ئەرک بردووە.
 
قارەمان عومەر، یەکێک لە جووتیارە بەتەمەنەکانی گوندەکەیە و بە رووداوی گوت: "رۆژانە  دوو جار بە دەبە و تەنەکە ئاو لەو شوێنانەی نزیکن لێرە ئاو دەهێنم و درەختەکانی پێ ئاو دەدەم. ئەمە بۆ ئەوە نییە بەرهەمی هەبێت، تەنیا بۆ ئەوەیە دارەکانم وشک نەبن و نەمرن." 
 
ئەو جووتیارە دەشڵێت: "پێشتر سێ کارێزی ئاومان هەبوو، بەڵام وشکیان کردووە. داوا لە حکومەت دەکەین هاوکاریمان بکات، چونکە خەریکە لەبەر بێئاوی گوندەکەمان چۆڵ دەبێت."