رووداو - سلێمانی
یەكێتی دوای جەژنی قوربان گۆڕانكاری لە پۆستە حكومییەكانی نێو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەكات. بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی باڵای لە ئاستی سەركردایەتی پێکهێناوە. ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت: "یەكێك لە پێوەرەكانی گۆڕنكارییەکە ئەوەیە هەر كەسێك لە 8 ساڵ زیاتر لە پۆستێكدا بێت لادەبرێت".
ئەو لیژنەیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ گۆڕانكاریکردن لە پۆستە حكومییەكان پێکیهێناوە، تاوەكو ئێستا سێ كۆبوونەوەی ئەنجامداون و ژمارەیەک خاڵ و راسپاردەشیان گەڵاڵە كردوون. کاری لیژنەکەش جگە لە گۆڕانکاری سزادانیشە.
راهبەر سەید ئیبراهیم، ئەندامی سەكردایەتی یەكێتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "یەكێك لە پێوەرەكان ئەوەیە هەر كەسێك زیاتر لە 8 ساڵ بێت پۆستێک بەڕێوەببات لادەبرێت، ئەگەر كەسێك كەموكوڕی هەبوو، بەڵام بەبێ رەچاوكردنی ساڵانی وەرگرتنی پۆستەكەی راستەوخۆ دووردەخرێتەوە".
سەرکردەکەی یەكێتی باسی لەوەش كرد، بۆ قۆناخی داهاتوو واتە لەکاتی پڕکردنەوەی پۆستەکاندا جیاوازی لەنێوان کوڕ و کچی شەهیدان یاخود خاوەن شەهیدان و کادیرانی ئاسایی دەکرێت، ئەوەش دەبێتە خاڵێكی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی حكومی لە پشكی یەكێتیدا.
رۆژی پێنجشەممە 31-8-2017 لیژنەكە كۆبوونەوەیەك لە مەكتەبی سیاسی دەكات و سەرنج و تێبینی و راسپاردەكان ئامادەدەكات، بۆئەوەی لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دوا بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، لە 5 ئەندامی سەرکردایەتی پێکدێت، ئەوانیش بریتین لە (راهبەر سەید ئیبراهیم، د. رێواس فایەق، سیروان كوێخان نەجم، لەتیف شێخ عومەر و عەدنانی حەمەی مینا).
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ