رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی تونێلی ماوەران و دووسایدکردنی رێگەی کۆڕێ - شەقڵاوە بەردەوامە، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی سەر رێگەی شەقڵاوەیە. بڕیارە لە مانگی 10ـی ئەمساڵدا سایدێکی رێگاکە بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی تونێلی ماوەران و دووسایدکردنی 10 کیلۆمەتر لە رێگەی هاملتۆن، کە رێگەیەکی نێودەوڵەتیی بازرگانی و گەشتیارییە. تێچووی گشتیی پڕۆژەکە 90 ملیار دینارە و بڕیارە کۆتایی ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت.
ئاکۆ زاهیر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ مانگی 10ـی ئەمساڵ سایدێکی تونێلەکە بەردەست دەبێت. سەرنجمان خستووەتە سەر ئەو شوێنانەی کە مەترسیی داڕمانیان لەسەر بوو، بۆیە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە، بەشی پێشەوەی تونێلەکە بە درێژایی 247 مەتر درێژکراوەتەوە و بە ستانداردێک کارمان کردووە کە چیتر داڕمان روونەداتەوە."
لە پڕۆژەکەدا دوو یەکتربڕ بە شێوەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆ دروستدەکرێن.
کارکردن لە پڕۆژەکە لە ساڵی 2012 دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە راگیرا. ماوەی سێ ساڵە لەلایەن کۆمپانیا و ئەندازیار و کرێکاری خۆماڵییەوە دەست بە کارکردن کراوەتەوە و کۆمپانیای جێبەجێکار بەڵێنیداوە پێش وادەی دیاریکراو پڕۆژەکە تەواو بکات.
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، جەنجاڵی و قەرەباڵخی لە رێگەی هەولێر- ئیدارەی سۆران کەمدەبێتەوە. ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، ماوەی گەیشتن لە هەولێرەوە بۆ دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ کەمتر لە دوو کاژێر کەمبکرێتەوە.