رووداو - هەولێر
محەممەد نوریزاد، دەرهێنەر و كەسایەتی سیاسی بەناوبانگی ئێرانی بەهەڵگرتنی ئاڵای سپی، رۆژهەڵاتی كوردستان بەسەر دەكاتەوە و داوای لێبووردن لەكوردی ئەو پارچەیە دەكات.
نوریزاد كە سەردەمێك دژی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سیناریۆی فیلمی "گلها و گلولەها"ی دەنووسی، ئەمڕۆ دەڵێت هەست بە شەرمەزاری دەكات بەرامبەر بە كورد. ئەو یەكێك بوو لەلایەنگرە هەرە دیارەكانی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی. لەرۆژنامەی "كیهان" كە رۆژنامەی فەرمی حكومەتی كۆماری ئیسلامییە، دەیان وتاری لەدژی لایەنە ریفۆرمخوازەكانی ناو حكومەتی ئێران نووسیوە. رووداوەكانی دوای هەڵبژاردنی دەیەمین خولی سەركۆماریی ئێران وای لێكرد كە بكەوێتە بەرەی دژ بە دەسەڵات و بەو هۆیەشەوە بكەوێتە بەندیخانە.
محەممەد نوریزاد، لەم رۆژانەدا گەشتێكی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان كرد بەناوی "گەشتی ئاشتی و دۆستایەتی". پاشان وتارێكی لەبارەی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان نووسی كە بووە جێی سەرنجی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران. دوای گەشتەكەی، (رووداو) ئەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ سازكرد.
رووداو: بەرلەوەی سەردانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەی، چ تێڕوانینێكت بەرامبەر رۆژهەڵاتی كوردستان هەبوو؟
نوریزاد: روانینی من بۆ ناوچە كوردنشینەكان زۆر خاو و رۆژنامەنووسانە بوو. روانینی من لە راگەیاندنەكان و خوێندنەوەكانی حكومەت، یا لێكدانەوەی تایبەتی ئەو كەسانەی سەردانیان كردبوو، سەرچاوەی دەگرت. ئەمەش هیچ لەگەڵ راستییەكانی كوردستاندا یەكی نەدەگرتەوە. بۆیە كاتێك خۆم هاتم بۆ كوردستان هەموو ئەو شتانە گۆڕانی بەسەرداهات و واقیعی كوردستانم وەك خۆی بینی؟
رووداو: تێڕوانینی تاران بەرامبەر رۆژهەڵاتی كوردستان چۆنە؟
نوریزاد: ئەو روانینەی بەرامبەر كوردستان هەیە وەك ئەو روانینەیە كە رۆژئاواییەكان بەرامبەر ئێران هەیانە. ئەو روانینەی بەرامبەر كوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەكان هەیە، روانینێكی ئەمنییە. واتە ئەوان چەند نوێنەرێكیان هەیە و لە چوارچێوەی حیزبەكاندا دەستیان داوەتە چەك و مەترسییان بۆ خەڵك و ناوچەكە دروست كردووە، سوپای پاسداران لەگەڵا ئەمانە تووشی تێكهەڵچوون هاتووە. ئەمانەن كە بوونەتە هۆی ئەوەی كوردستان قەت گەشە نەكات. هەر ئەمانەن كە بوونەتە هۆی ئەوەی لاوێكی كورد بە هیواكانی نەگات. بەڵام ئەمانە هەموو ئەفسانەی دروستكراون، بۆ ئەوەی رێكخستنە ئەمنییەكانی ئێمە ئەو رێگەیەی كە مەبەستیانە درێژەی پێبدەن. ئەمەش بە دڵنیاییەوە ئەو شتە نییە كە لە كوردستاندا هەیە. خوێندنەوەكانی حكومەت یان ئەو شتەی لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێرانەوە نیشان دەدرێ، تەواو لەگەڵ راستییەكان ناتەبایە.
رووداو: بۆ نەهێشتنی روانینی ئەمنی بۆ كوردستان دەبێت چی بكرێ؟
نوریزاد: من بەر لەوەی بێمە كوردستان، بەڕاستی نەمدەزانی كە حیزبی دیموكرات وازی لە چەك هێناوە و رووی كردووەتە كاری كەلتووری و سیاسی. یان نەمدەزانی كە كۆمەڵە ئیدی نایەوێ خەباتی چەكداری بكاتەوە. ئەمانە فاكتەری زۆرباشن تا روانینمان بۆ داهاتووی كوردستان بگۆڕین. بەهەرحاڵا رێكخستنێكی گەورە كە لە كوردستان لەشێوەی حیزبەكاندا هەیە، ئەمانە سیاسەتی چەكدارانەیان وەلاوە ناوە و پشتگیری لە وتووێژ دەكەن. ئەگەر گرنگی بە وتووێژ بدرێ دەبێت لە بەرامبەر دانانی چەكی ئەو لایەنانەدا هەندێ ئیمتیازیان پێبدرێ. من دەڵێم تاوەكو رێز لە مافە رەواكانی گەلی كورد نەگرین، ناتوانین رق و كینە بەرامبەر كورد بسڕینەوە. بۆ نموونە خەڵكی كوردی ئێمە دەیانەوێ لە تاران مزگەوتیان هەبێت. ئێمە پێمان خۆش بێت یان نا، راستییەكی حاشا هەڵنەگرە كە ئێمە دەبێت گرنگی بە ویستی كورد بدەین. هاتنەدی ئەمجۆرە داواكارییانە شتێك نییە كە لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامیدا نەگونجێن، یان كۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی بخەنە لەرزە. بەپێچەوانەوە ئێمە بە گرنگیدان بەو ویستانە دەتوانین ئاسایش و هێمنی دابین بكەین. ئەگەر ئاسایشی كوردستان بە خەڵكەكەی خۆی بسپێرین دڵنیام یەك گوللەش ناتەقێ.
رووداو: لەم رۆژانەدا لەگەڵ یەكێك لە رێبەرانی حیزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستان قسەم دەكرد، دەیگوت ئامادەین ئەگەر دەرفەتی چالاكی ئازادانەمان هەبێت بگەڕێینەوە، پێتوایە لە ئێراندا ئەو دەرفەتە هەبێت، وەكو توركیا كرانەوەیەك بێتە ئاراوە؟
نوریزاد: ئەگەر لە من دەپرسی! ئەوە ئاواتی منە. كۆمەڵگا و هەموو خوێندكاران ئەمەیان دەوێ كە حیزبەكانی كوردستان وەك حیزب بگەڕێنەوە. چالاكییان هەبێت، خواستی لایەنگرانیان جێبەجێ بكەن، ئەمە ئاواتی منە و هەر ئەوەش پێشنیاز دەكەم كە لێبووردنێكی گشتی رابگەیەندرێ، هەموو چەكەكانیان دانێن و هەموو لە چوارچێوەی حیزبدا ویستەكانیان باس بكەن و سیستمی كۆماری ئیسلامیش رێز بۆ ئەم شتانە دانێت و لایەنی بەرامبەری دڵنیا بكاتەوە.
بەڵام جگە لە روانینی ئاشتیخوازەكان، روانینێكی ئەمنی هەیە كە ئەویش روانینی سوپای پاسدارانە، ئیتلاعات و نووسینگەی رێبەرییە. ئێمە ئاگامان لەوانە نییە، رەنگە ئەوان پێیان خۆش بێت كە لە ناوچەكە هەمیشە روانینێكی ئەمنی هەبێت و ئاسایش و ئارامی لە كوردستان بوونی نەبێت.
رووداو: چالاكانی كورد دەڵێن، رۆشنبیران و توێژی زانكۆیی ئێرانیش هەمان روانگەی دەسەڵات و بەرپرسانیان بۆ كوردستان هەیە، پێتوایە ئەگەر ئەوانیش بێنە كوردستان بۆچوونیان بگۆڕێ؟
نوریزاد: بێگومان. هەر كەس كە روانگەیەكی نەرێنی بەرامبەر كوردستان هەیە، لەبەر ئەوەیە كوردستانی نەناسیوە. بۆ نموونە روانگەی منێك كە هەمیشە سەرم لە نێو كتێب و توێژینەوە و شرۆڤەدایە، بە هاتنم بۆ كوردستان هەموو بۆچوونەكانم بەرامبەر كورد گۆڕان.
رووداو: ئێوە ناوی "ئاشتی و دۆستایەتی"تان لەگەشتەكەتان نا، بۆچی؟
نوریزاد: ئەم سوڵح و ئاشتییە هیچ پەیوەندییەكی بە خەڵكی كوردستانەوە نییە. ئەم ئاڵایەم بۆ ئیتلاعات و سوپای پاسدارانە كە هەمیشە دەیانگوت ئێوە نابێت بچن بۆ كوردستان، چونكە لەوێ شەڕ و ئاژاوە دەنێنەوە. بۆ نموونە ئەگەر خوێندكارەكان چالاكییەك دەكەن، ئەوان دەڵێن ئەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتییە و هەڕەشەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ