هەسەدە کوژرانی سەرکردەیەکی داعشی لە کەمپی هۆل راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە حەسەکە سەرکردەیەکی داعشیان لە کەمپی هۆل کوشتووە، بەڵام زانیاریی زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
رۆژی پێنجشەممە 28-12-2023 هەسەدە رایگەیاند، ئەو "سەرکردە تیرۆریستەی داعش لە کەمپی هۆل کوژراوە."
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاژێرەکانی داهاتوودا ناسنامەی سەرکردە کوژراوەکەی داعش بە وێنە و ڤیدیۆوە بڵاودەکاتەوە.
کەمپی هۆل دەکەوێتە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە.
ئەو کەمپە لەلایەن هەسەدەوە چاودێریی ورد دەکرێت، رۆژی 07-09-2022 ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی 25 چەکداری داعشیان راگەیاند و گوتیان کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیراوە بەسەر چەندین جۆر چەکدا.
زۆرینەی ئەوانەی لە کەمپی هۆلن، کەسوکار و خێزانی ئەندامانی چەکدارانی داعشن، بە گوێرەی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵی 2022 بڵاوییان کردووەتەوە، کەمپی هۆل زیاتر لە 56 هەزار کەسی تێدایە کە هاووڵاتیی 57 وڵاتن و 94%یان ژن و منداڵن. هەروەها زۆربەی نیشتەجێیانی نێو کەمپەکە عێراقین کە ژمارەیان 27 هەزار کەسە، 19 هەزاریشیان سووری و 12 هەزاریش خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
دوای راگرتنی گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی کەمپەکە لە لە 4ـى تشرینى دووەمى 2022، حکومەتی عێراق سەرەتای ساڵی 2023 دەستیکردەوە بە گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانە بۆ عێراق و جێگیرکردنیان لە کەمپى جەدعە لە موسڵ.
قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، گەڕاندنەوەى ئەو خێزانانە لە چوارچێوەى تێکەڵکردنەوەیانە بە کۆمەڵگە و بنبڕکردنى تیرۆر و ئامادەکارییە بۆ داخستنى کەمپى هۆل.