بەفربارین لە دهۆک؛ گەشتیارانی عێراق روویان لە چیاکانی گارە و مەتین کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
حەیدەر دۆسکی
گەشتیاران لەنێو بەفر شەڕە تۆپەڵ دەکەن
گەشتیاران لەنێو بەفر شەڕە تۆپەڵ دەکەن
A+ A-

رووداو - دهۆک

بەفربارین هەردوو چیای گارە و مەتینی سپیپۆش کردووە و ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری لە پارێزگاکانی عێراق و ناوچەکانی دیکە بردووەتە پارێزگای دهۆک. لە کەشێکی سارددا، خێزانێکی دهۆکی میوانداریی گەشتیارانی عەرەبی موسڵ دەکەن.
 
لە کەشێکی سارددا هەڵمی گەرمی "شێلم و چەوەندەر" بەرزدەبێتەوە. خێزانێکی خەڵکی دهۆک خواردنیان لەگەڵ خۆیان برد و خێزانێکی عەرەبی خەڵکی موسڵیشیان کردە میوان.
 
ئەحمەد محەممەد، گەشتیارێکە لە موسڵەوە چووەتە چیای گارە و بە خۆشحاڵییەوە باس لە دیمەنەکە دەکات: "ئەم زستانە یەکەمجارە دێین بۆ ئێرە. لە موسڵ پشووە و گوتمان با بێین تەماشای بەفر بکەین. دیمەنەکە زۆر خۆش و جوانە؛ خێزانێکی دهۆکی درێخییان نەکرد، ئاگریان کردەوە و ئەم خواردنەشیان پێداین کە وێنەتان گرت."
 
دایکی عومەر، ژنێکی بەتەمەنی خەڵکی دهۆکە و بە گەرموگوڕییەوە باسی میوانەکانی دەکات: "ئەمانە بەردەوام دێن بۆ ئێرە، گوتیان زوو زوو دێین، بەڵام یەکەمجارە بەم شێوەیە بۆ بەفر بێین. ئێمەش ئاگرمان کردبووەوە و ئەوان سەرمایان بوو، بۆیە میوانداریمان کردن وەک برای خۆمان."
 
گەشتیاران لە نێو بەفردا یاریی دەکەن و دڵخۆشن. بۆ زۆرێکیان یەکەمجارە لەم ناوچەیە دیمەنی بەفر دەبینن و هەندێکیشیان بە گۆرانیی فۆلکلۆریی کوردی پێشوازی لە بەفرەکە دەکەن.
 
زەینەب حوسێن، گەشتیارێکی خەڵکی بەغدایە و سەرسامە بە کەشەکە: "کەشوهەوایەکی زۆر جوانە؛ راستە ساردە، بەڵام دیمەنێکی سەرنجڕاکێشە و من زیاتر حەز بە بەفر دەکەم."
 
دوای دوو ساڵ، یەکەمجارە بەم شێوەیە بەفر لەم ناوچەیە دەبارێت. هاوکات لەگەڵ بارینی بەفر، تیمەکانی راماڵینی بەفر بەردەوامن لەسەر پاککردنەوەی جادەکان بۆ ئەوەی هاتووچۆی گەشتیاران پەکینەکەوێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە