پۆلیسی ئێران: ورمێ گرنگترین و ئارامترین پارێزگای ئێرانە

29-01-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران دەڵێت، ئێستا پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان "گرنگترین و ئارامترین" پارێزگای ئێرانە. ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ رێگریکردنی زیاتر لە قاچاخچێتی لە سنووری پارێزگاکە، لەگەڵ عێراق و تورکیا دانوستاندن کراوە.
 
قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران لە کاتی سەردانیکردنی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیا خۆجێییەکانی راگەیاند، "سەرەڕای پیلانی دووژمنان، ئێستا پارێزگای ورمێ گرنگترین و ئارامترین پارێزگای وڵاتی ئێرانە و قاچاخی چەک و کاڵای قەدەخەکراو لە سنووری پارێزگاکە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە."
 
لەڕووی سنووری جوگرافییەوە پارێزگای ورمێ لەگەڵ ئازەربایجان، هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان هاوسنوورە.
 
پێشتر لە سنووری پاریزگاکە دەست بەسەر چەک، کەلوپەلی قاچاخ و کاڵایەکی زۆری قەدەخەکراودا دەگیرا، بە گوتەی قاسم رەزایی، "ئێستا دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە لە ئاستێکی باشدایە و بە دیپلۆماسی و دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هاوردەکردنی کاڵای قاچاخ، بەتایبەتی چەک و تەقەمەنی، کەمیکردووە."
 
ئەو گوتەیە لە کاتێكدایە، رەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ رۆژی 13-03-2023 گوتی، لە ساڵی رابردووی هەتاویدا دەستیان بەسەر 1600 چەکدا گرتووە و زیاتر لە 400 کەسیشیان بە تۆمەتی قاچاخی چەک دەستگیر کردووە.
 
هەروەها رۆژی 12-06-2023 ئەحمەد عەلی گودەرزی، فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران، لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ورمێ رایگەیاند، تەنیا لە یەک هەڵمەتدا لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ، دەستیان بەسەر 3800 چەکدا گرتووە.
 
جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران باسی لەوەش کرد، ئامانج لە سەردانەکەی بۆ پارێزگای ورمێ، بەسەرکردنەوەی خاڵە سنوورییەکان و چاودێریکردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە بووە.
 
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نەخجەوانی ئازەربایجان و باکووری کوردستان هاوسنوورە و پێنج دەروازەی سنووریی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.