رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) بڕیاریدا هێزەکانی ئەو وڵاتە تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2027 لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.
477 پەرلەمانتار لە بەرژەوەندیی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە ئەڵـمانییەکان دەنگیان دا و 100ی دیکە دژی بوون. یەک پەرلەمانتاریش بێلایەن بوو.
بە گوێرەی یاسا پەسنکراوەکە، 109 ملیۆن یۆرۆ وەک خەرجیی ئەمساڵی مانەوەی سەربازانی ئەڵمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
نزیکەی 500 سەربازی ئەڵمانی لە چوارچێوەی ئەرکێکی هاوپەیمانیی ناتۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرن و ژمارەیان وەک خۆی دەمێنێتەوە. بڕیاربوو ئەرکەکەیان 31ی ئەم مانگە کۆتایی بێت.
ئامانجی ئەو هێزانە، وەک ئەڵمانیا باسی دەکات، رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و یارمەتیدانی پاراستنی ئاسایشی عێراقە.
هێزەکان بە دیاریکراوی لە هەولێر و بەغدان.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2014ـەوە بە بەهای زیاتر لە 3 ملیار یۆرۆ لە بواری ئەمنی و مرۆییدا یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستانی داوە.
وڵاتە ئەورووپییەکە لە ساڵی 2022ـەوە کۆتایی بە ئەرکێکی هاوشێوە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ