دێگەڵە.. لەسەر شەڕەسەگ کەسێک دەکوژرێت

29-03-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن دێگەڵە سەگ
A+ A-

رووداو – هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 29-ی ئاداری 2015، لە گوندی بلیکانی سەر بە ناحیەی دێگەڵە، شوانێک دەکوژرێت و براکەشی برینداردەبێت.

کاروان خۆشناو، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، "ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە بە بوونی رووداوێک لە گوندی بلیکانی سەر بە ناحیەی دێگەڵە، دوای گەیشتنمان بۆ شوێنی رووداوەکە دەرکەوت کە دوو دراوسێ لەسەر شەڕەسەگ بووەتە دەمەقاڵێیان و دواتر کێشەکە گەورەتربووە".

دەشڵێت:" ئەم دوو دراوسێیە بووەتە شەڕیان و لە ئەنجامدا کەسێک کە پیشەی شوانە كوژراوە، برایەکەشی برینداركراوە، دوو تۆمەتباریش بەناوەکانی س.م تەمەن 20 ساڵ و ە.م تەمەن 22 ساڵ دەستگیرکراون، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەوانیش دانیان بە تاوانەکەیان ناوە".

رووداوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەردوو دراوسێ سەگەکانیان لە بەردەم ماڵەکەیان راگرتوون، ئەمڕۆ یەکێک لە سەگەکان نەبەستراوەتەوە، بەم هۆیەوەش شەڕ لە نێوان ئەم دوو سەگە دروستبووە، لەم کاتەشدا تۆمەتبار س.م لە ماڵەکەی خۆیدا چووەتە دەرەوەو بەچەکی جۆری کلاشینکۆف سەگەکەی درواسێیانی كوشتووە.

دوای ئەم رووداوەش نایف ئیسماعیل و براکەی دلێر، لە ماڵەوە چوونەتە دەرەوەو لەگەڵ تۆمەتبارەکان بووەتە دەمەقاڵێیان، لە کۆتاییشدا س.م دەستڕێژی گوللەی لەو دوو برایە كردووە و نایف ئیسماعیل كوژراوە، براکەشی برینداربووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە