71 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەممەد تێدەپەڕێت

30-03-2018
رووداو @Rudawkurdish
مستەفا قازی، کەسوکاری پێشەوا قازی محەممەد قسە بۆ رووداو دەکات
مستەفا قازی، کەسوکاری پێشەوا قازی محەممەد قسە بۆ رووداو دەکات
نیشانەکردن قازی محەممەد
A+ A-

رووداو - هەولێر

پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان لە 10ی خاکەلێوەی ساڵی 1326ی هەتاوی، کە دەکاتە (31ی ئازاری 1947) لەسێدارەدرا.  71 ساڵ بەسەر ئەو رۆژە تێدەپەڕێت، بەڵام هەموو ساڵێک یادی ئەو بە زیندوویی رادەگیرێت.

حکومەتی پاشایەتی ئێران دوای ئەوەی کە پێشەوا قازی محەممەد بڕیاریدا لە بەرامبەر لەشکرکێشی حکومەتی تاران شەڕ نەکات، دوو جار دادگاییکرد و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند. 

قازی محەممەد لە دادگادا و لەبەردەم دادوەرانی سەربازی ئەرتەشی ئێران، داکۆکی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان و مافی بە دەوڵەتبوونی کورد کردووە. هەروەها لەبەرامبەر بێڕێزییەکانیان بە کورد وەستاوەتەوە. پێشەوا قازی محەممەد لە وەسیەتنامەکەیدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات یەکڕیز و یەکگرتوو بن و پشت بە بێگانە نەبەستن.

پێشەوا قازی محەممەد ساڵێک و دوو مانگ و هەشت رۆژ پێش لەسێدارەدانی لە 30ی ئاداری 1946 لە گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد، دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند. نزیکەی 11 مانگ سەرۆکایەتی ئەو کۆمارەی کرد، بەڵام دواتر لەلایەن حکومەتی پاشایەتی ئێرانەوە هێرشکرایە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار و قازی محەممەد بڕیاری شەڕ نەکردنی دا. 

دوای خۆ بەدەستەوەدان، قازی محەممەد لەگەڵ حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزای و ئەبولقاسم سەدری قازی برای دووجار دادگاییکران. هەر جارەی دادگایی چەند رۆژ درێژەی کێشاوە. دووەم دانیشتنی دادگا لە 28ی ئاداری 1947 دەستیپێکرد. دوو رۆژ بەردەوام بوو و تێیدا بڕیاری لەسێدارەدرانیان درا و جێبەجێشکرا.

پێشەوا قازی محەممەد لەدوای خۆی وەسیەتنامەیەکی سیاسی جێهێشتووە. تێیدا داوا دەکات کورد متمانە بە غەیری خۆی نەکات. پشتی یەکدی بگرن و بەرژەوەندی گشتی نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تاکەکەسی.

قازی محەممەد ساڵی 1900 لەدایکبووە. جگە لە کوردی و فارسی، شارەزایی لە زمانەکانی عەرەبی، فەرەنسی، ئینگلیزی و رووسی هەبووە. لەسەر دابی باب و باپیرانی دادوەر و بۆ ماوەی دوو ساڵیش بەڕێوەبەری فەرمانگەی کولتووری مهاباد بووە. ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بووە. 

لەسەردەستی ئەو ناوی کۆمەڵەکە بۆ حیزبی دیموکرات گۆڕدراوە. ئەو حیزبە رۆژی لەسێدارەدانی قازی محەممەد بە رۆژی شەهیدانی کوردستان دەناسێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە