رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەک دژی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دادگەکە دانیشتنەکەی بۆ 3ـی ئایاری ئەمساڵ دواخست.
رۆژی چوارشەممە 29ـی ئاداری 2023، وریا سەعدی، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان کە لە دادگەی فیدراڵی بۆ داکۆکیکردن لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەبووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگە دانیشتنی لەسەر سکاڵا دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 3ـی ئایاری 2023 دواخست و بڕیارە دانیشتنی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات."
وریا سەعدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بەڵگەی یاساییان خستووەتەڕوو بەوەی کە پێویست بووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان تەمەنی پەرلەمان درێژبکەنەوە. گوتیشی: "مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان خستە بەردەست دادوەرانی دادگەکە کە 18-11-2023ـی وەکو رۆژی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە."
سکاڵا دژی یاسایی نەبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن هەریەک لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ؛ یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، رێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، لەسەر بنەمای پێویستیی سیاسی و دامەزراوەیی بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە تەمەنی پەرلەمان درێژکراوەتەوە. بە گوتەی ئەو "دەستووری عێراقیش بەگوێرەی مادەی 121 رێگەی داوە پەرلەمانی کوردستان پیادەی دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بکات و یاسا دەربچێنێت، بەگوێرەی پێویستی سیاسی و دامەزراوەیی."
سکاڵاکە 10ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو تۆمارکراوە، تاوەکو ئێستا چەند جارێک بڕیاری کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ یەکلانەکراوەتەوە.
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی دەهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ