لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆشبەرەکان راگەیێندرا

29-05-2025
پەیمان محەممەد
چەند پارچە مادە هۆشبەرێک کە لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستی بەسەرداگیراوە؛ وێنە: ئەرشیف
چەند پارچە مادە هۆشبەرێک کە لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستی بەسەرداگیراوە؛ وێنە: ئەرشیف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان راگەیێندرا. وەزیری ناوخۆ دەڵێت، ''هەرێمی کوردستان بەرکەوتەی راستەوخۆی مادە هۆشبەرەکانە و کەوتووەتە نێوەڕاستی وڵاتانی بەرهەمهێنەر''.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-05-2025، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا. مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاکە بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''بێگومان یەکێک لە پێویستییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئێمە کارکردنە لەسەر ئەو بابەتە.''
 
مووسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و ''ئامانجی هەڵمەتەکە هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لە کاریگەری و لێکەوتەکانی مادەی هۆشبەر.''
 
بە گوتەی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتەکە لە قۆناخەکانی داهاتوودا شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەریش لەخۆدەگرێت، ''بێگومان بە هاوئاهەنگیی لایەنی پەیوەندیدار و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەموو ئەو ئامادەکارییانە کراون.''
 
گوتیشی، ''دەمانەوێت بۆ ئەم ساڵ، بچینە نێو سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، مزگەوت، شوێنە ئایینییەکان و تەنانەت لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە دەچینە نێو هەموو ماڵەکانیش، هیوادارین هاووڵاتییان پشتیوانی بەردەوامی ئێمە بن بۆ پڕۆژەکە.''
 
وەک مووسا ئەحمەد دەڵێت، نوێنەری سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکاندا بەشدارن.
 
''هەرێمی کوردستان بەرکەوتەی راستەوخۆی مادە هۆشبەرەکانە''
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''مادەی هۆشبەر یەکێکە لە کێشە هەرە مەترسیدارەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتانی جیهان.''
 
رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردە، مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان ئاڵەنگارییەکی جدین و ''کاریگەرییەکانیان کەمتر نییە لە تیرۆر. بۆیە شەڕی ئەمڕۆمان هەر دژی تیرۆر و تیرۆریستان نییە، بەڵکو هاوکات جەنگێکی دیکەشمان هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانە.''
 
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی UN ODC، نزیکەی 275 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022 لە جیهاندا بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون. وەک وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە سەرانسەری جیهان زیادیکردووە، ''هەروەها بازاڕی ئەم مادانە بووەتە هۆی گەشەسەندنی دارایی بۆ دەستە تاوانکارییەکان، ئەمەش گرفتەکەی چەند هێندە قووڵتر کردووەتەوە.''
 
رێبەر ئەحمەد گوتی، بەهۆی دۆخی ناوچەکە و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و سەربازی، عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەدوور نین لە مەترسییەکانی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.
 
وەزیری ناوخۆ زیاتر تیشکی خستە سەر مەترسییەکان و گوتی، ''بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان کە کەوتووەتە نێوەڕاستی وڵاتانی بەرەهەمهێنەری مادە هۆشبەرەکان و لەسەر رێگەی گواستنەوەی مادەکەیە بۆ وڵاتان، بەرکەوتەی راستەوخۆی مادە هۆشبەرەکانە.''
 
رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جدی دەکات بۆ نەهێشتن و وشککردنی سەرچاوەکانی مادەی هۆشبەر.''
 
''سنوورەکانمان هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانن''
 
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ سەرچاوەیەکەی نێوخۆیی بۆ دروستکردنی مادە هۆشبەرەکان نییە، بەڵکو لە وڵاتانی دراوسێوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان. 
 
وەزیری نێوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بە بەردەوامی چاودێریی کافتریا، دەرمانخانە، کۆمپانیاکانی گواستنەوە و سەرجەم شوێنە گشتییەکان دەکرێن و [پاراستنی] سنوورەکان تووندتر کراون.''
 
بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، ''بەداخەوە سنوورەکان بوونەتە هۆکارێکی سەرەکین بۆ هێنان، گواستنەوە و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی ئێران و سووریاوە کە بەردەوام عێراق بووەتە ناوچەیەک بۆ ساخکردنەوەی مادەکان''.
 
وەزیری نێوخۆ باسی لە یاسای بەرکاری بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''ئێستا دۆخەکە جیاوازە و تێبینی ئەوە دەکرێت کە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2020 پێویستی بە هەموارکردنەوە هەبێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت و چارەسەری هەموو کەلێنە یاساییەکان بکات.''
 
رێبەر ئەحمەد هەموارکردنەوەی یاساکە بە ''ئەرکی راستەقینەی پەرلەمانی کوردستان'' ناو دەبات و دەڵێت، ''ئومێد دەکەین لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم خولەی پەرلەمان، بە یەکێک لە ئەرکە لەپێشینەکانیان دابنرێت، بۆ ئەوەی کاری جدی لەسەر بکەن.''
 
هەر ئەمڕۆ دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند،"بەگوێرەی دوایین ئامار، زیاتر لە پێنج هەزار راگیراو و سزادراوی تایبەت بە تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان هەن.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.