رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، تاوەکو پێش جەژنی قوربان ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکرێت "هەڵوێستی جیدیمان دەبێت و رایدەگەیێنین".
رۆژی چوارشەممە، 28-05-2025، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".
ئەو وەزارەتە لە نووسراوێکدا کە ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، دەڵێت: "داهاتى نەوتى و نانەوتى لە 2023 تاوەکو نیسانی ئەم ساڵى هەرێمى کورستان گەیشتووەتە 19.9 تریلیۆن دینار، بەڵام 598.5 ملیار دینارى رادەست کراوه".
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیێندراوێکی لەبارەی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتە".
پارتی دەڵێت، نووسراوەکەی دوێنێی تەیف سامی "بەسیاسیکردنی قووتی خەڵکە." دەشڵێت، ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە 02-06-2025، تاوتوێ دەکرێت.
رۆژی 13-05-2025، مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و هەمان رۆژ لیستی مووچە بڵاوکرایەوە و دابەشکرا.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 25-05-2025 رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش جەژنی قوربان وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات و دابەش دەکرێت.
بەڵام دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هەرێمى کوردستان رێژەى 12.7%ـی پشکەکەى لەیاسای بودجەى گشتى تێپەڕاندووە کە 13.5 تریلیۆن دینارە و "ناتوانن" پارەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ