وەزارەتی دارایی: بڕیارەکەی عێراق پێچەوانەی دەستوورە و دەبێ زیاتر لە 9 ترلیۆن دیناری دیکە بنێرێت

29-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی بە زمانی عەرەبی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی.
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەو رێکارەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییە بەر لەبارەی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە خەرجیی کردەیی، پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی مادەی 121ـی دەستووری عێراقە. لە دەقی ئەم مادەیەدا دەڵێت: "لە داهاتە فیدراڵییەکاندا داهاتی دادپەروەرانە بۆ هەرێمەکان و پارێزگاکان تەرخان دەکرێت بەشی پێداویستی و بەرپرسیارێتییەکانی بکات." 
 
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، بە پشتبەستن بە نووسراوی فەرمیی دادگەی فیدراڵی بە ژمارە (4/فیدراڵی/2025/303) کە لە رۆژی 10/2/2025 دەرچووە کە بڕیار نییە وەک ئەوەی لە نووسراوەکەتان هاتووە، لە تەمویل نەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ئەمە راست نییە بەهۆی ئەوەی دادگەی فیدراڵی بە راشکاوی یان بە روونی ئاماژەی بەوە نەداوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەمویل نەکرێت. خوێندنەوەتان بۆ بڕیارەکە دوورە لە ئامانج و ناوەڕۆکی نووسراوەکەی دادگەی فیدراڵی کە ئامانج لێی دابینکردنی دادپەروەرییە لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق. بەتایبەتی کە بابەتەکە پەیوەندیی بە قووتی هاووڵاتییان و مووچەی فەرمانبەران بێت کە جەخت لە پێدانی دەکات لە کاتی خۆیدا. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەقی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە (224 و بەشەکانی 269/ فیدراڵی/2023) لە بەرواری 21/2/2024 پێداگری لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکات لە پشکی ساڵانەی لە بودجەدا.
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتەکەتان [وەزارەتی دارایی عێراق] لە مانگی شوباتی 2024ــەوە لەگەڵ مانگەکانی دواتریشی جێبەجێ کردووە. مەبەست لێی هەموو شایستەکانی نێو لیستە پاشکۆکانیەتی لە یاسای بودجە نەوەک رێژەی 12.67٪ لە خەرجی کردەیی عێراق (دوای لێدەرکردنی خەرجی حاکیمە و سیادی) بەو شێوەیەی کە لە نووسراوەکەتان ئاماژەی بۆ کراوە. بەوپێیە دادگەی فیدراڵی لە هەوڵدا بووە بنەمای یەکسانی لە ماف و ئەرکەکاندا پەیڕەو بکات لەنێوان رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق. 
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، رێککەوتن لەسەر لیست و خەمڵاندنەکانی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، زیندانییە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان کراوە بۆ هەژمارکردنی خەمڵاندنەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2025. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، لە ئەنجامی خەمڵاندنەکان گوژمەی 13 ترلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینار بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کرابوو. ئەم گوژمەیە لە کاتی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێزتان [تەیف سامی] جێگیر کرا. لەنێو ئەم گوژمەیەدا بڕی 4 ترلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دینار وەک گوژمەی تەواوکەری ساڵی 2025 خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیدا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەمساڵ بەپێی رێککەوتن بڕیار بووە عێراق 13 ترلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینار بنێرێت بۆ کۆی 12 مانگەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 4 ترلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دینار هاتووە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، عێراق 9 ترلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینار ماوە کە بۆ ساڵی 2025 بینێرێت.
 
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا رووی قسەکانی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات و دەڵێت: سەرباری هەموو ئەم پرسە، نووسراوەکەتان ئاماژەی بە ژمارەیەک خەمڵاندن و ژمارەی پشتئەستوور بە دیدگەی مەرکەزییەتی شیکاری تاکلایەنە بەستووە، وەک هەژمارکردنی گوژمەکانی داهاتی نانەوتی کە دەبێ رەوانەی گەنجینەی فیدراڵی بکرێت، پێچەوانەی یاسای بودجە و مادەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی بە ژمارە 6 لە ساڵی 2019. 
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپاڵ ئەمەشدا ئاماژەدان بە داهاتی نەوتی بەبێ هەژمارکردنی تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و دەستحەقی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمە جگە لە هەژمار نەکردنی ئەو بڕەی کە بۆ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا و بەکاربردنی نێوخۆیی لە بەرهەمە نەوتییەکان. چونکە ئەم داهاتانە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی گوژمەی مووچەی فەرمانبەران خەرج کراوە کە بەهۆی تەمویل نەکردنەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمە جگە لە خەرجییەکانی تەشغیلی کە بەهیچ شێوەیەک لەلایەن ئێوە بەهیچ بڕێک خەرج نەکراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پێی راگەیاندن کە وەزارەت "بۆی ناکرێت" بەردەوام بێت لە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە، بە بڕی (13.547) تریلیۆن دینار لە کۆی خەرجی کردەیی (فعلی)."
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەشی کۆتایی نووسراوەکەیدا داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکات، بەپێی دەستوور و بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسا بەرکارەکان بەردەوام بێت لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق و خۆی لە بەربەستە نادەستوورییەکان بە دوور بگرێت.
 
دەشڵێت: هەرێمی کوردستان لە 2013ـەوە بێبەش کراوە لە میلاکاتی پلە وەزیفییەکانی سەتان هەزار فەرمانبەر بەبێ ئەوەی دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت. هاوکات حکومەتی فیدراڵی ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە لە قەرەبووکردنەوەی زیانبەرکەوتووانی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئەنفال، کۆمەڵکوژییەکان و بۆردوومانی چەکی کیمیایی و هیچ رێکارێکی نەگرتووەتە بەر. لەبری قەرەبووکردنەوەیان بەردەوام پاساو دەدۆزێتەوە بۆ خەرجنەکردنی مووچە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.